لە ئاوێنەی درزبردوودا

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  574 مشاهده
١
لە ئاوێنەی درزبردووی وەرزەکانی ئەم شارەدا
دەموچاوی هەڵەوگەڕاو
دەموچاوی ژێر سێبەری داری زڕی بێرەنگ و ئاو
دەموچاوی – سەر پێ نەماو -
زمان لە پڕیشکی خوێنی منی سووتاو
دەرئەکێشن
زمان، ئەکەن بە کەرەتە
تا پێڵاوی بەرازەکەی حوزەیرانی پێ هەڵکێشن.
٢
لە ئاوێنەی درزبردووی چاوەکانما
لە خمخۆرکی ژانی مێژووی دێڕەکانما
گەڵای پیتە وەریوەکان، ئەخزێنە:
ناو کێلانی خەنجەری ژەنگگرتوومەوە
ئەو خەنجەرەی – ناوکی ‌‌ - لەدایکبوونی بۆ بڕیم
ئەو خەنجەرەی خوێنی کڕیم!
٣
لە ئاوێنەی درزبردووی، ڕۆژەکانی:
وڵاتی کەڕەواڵەما
لە سەردەمی چاخی کوێری
پڕچزووی شارە زەردەواڵەما
لە فەرهەنگی ڕووتوقووتی بەر دڵۆپەی ئەم جارەما:
ئەبینم جۆگە بەرەوژوور گەڕایەوە.
بەفر لە چلەی زستان و سەرمادا بوو کە توایەوە
ئەبینم نان دوای پێوەدان
ئەبێتەوە بە هەویری ژێرپێی شێلان!
ئەبینم خوێن دوای هەڵگیرسان
ئەبێتەوە بە دووکەڵی ژێر مەنجەڵی نەوسنەکان!
٤
ئەم جارەیان لە درزەکانی ئاوێنەی بیرمانەوە
شاگردەکانی – خەلیفەی - خوالێخۆشبوو
بە هایوهوو.
بەدەم ویردی دەسنوێژەوە، هاتنە دەرێ
پەڕینەوە
بە سمێڵی بادراوی هەموومانا پەڕینەوە
بە جامانەی لار بەستراوی هەموومانا پەڕینەوە.
٥
لە ئاوێنەی درزبردووی ئەم شارەدا
«یەک دەموچاو»، ئەبێ بە دووان!
ئەبن بە سێ، ئەبن، ئەبن هەتاکوو سەر:
لە ئاوێنەکەش تێک ئەچێ.