شەش وێنەی نەگیراو

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  598 مشاهده
١
لەناو سەرما کارگەی وشە شپرزەکان
کارگەی بیرە یاخییەکان
تابووتی شەو، دروست ئەکەن
بۆ تەرمی ڕۆژە مردووەکان.
تەم ئەکەنە بەری درەختی سەر ڕێگا
نەزۆکەکان
کڵپەی خوێنی دەموچاویان
ئاگردانە بێتینەکان ئەسووتێنێ
تاریکاییی ئەتۆقێنێ.
٢
خۆشەویستم!
یەکەم ڕێبوار من بووم بە ڕێی چاوەکانتا
تێشووی دڵم بەستە پشتم.
گلێنەم لەناو دڕکەزیی ترسا ڕووان.
گوڵی خوێنم دا لە قژی بەربەیانت.
گوارەی تیشکم کردە گوێچکەی،
خۆری ماتی ئێوارانت.
شیرینەکەم!
وا ڕێبوارە بێ گلێنە تێرەکانی سەر ڕێی چاوت
ئەیانەوێ جێپێکانی سوارەی وشەم بسڕنەوە
هەتاو لە مەمکی درەختی
شیعرەکانم، ببڕنەوە.
گەوجن، گەوجن ئەیانەوێ
دەنگ لە گەرووم بدزنەوە
سەرنج لە چاوی داهاتووم بدزنەوە
شیرینەکەم!
٣
لە دوورترین ئەستێرەدا
کە نایبینم
خۆم، ئەبینم!
٤
تەپڵی نووستوو
تەپڵی خاکە دیلەکانی زیندانی ناو:
ئەم دنیایە
بە لێدانی دوو دەستی بەند و وەردیان
دەنگی نایە
- وەکوو من دەنگی نایە -
ئەی بەندییەکان: من دەستێکم بۆ هێناون
هەر بەو دەستە تەپڵی نووستوو
ڕائەچڵەکێ
هەر بەو دەستە، پەیکانی خۆر
دڵی – زینانتان - ئەپێکێ
ئەویش دەستە بڕڕاوەکەی:
دەستی چەپی گیڤارایە!
٥
دە ساڵ، دە ساڵە بەرداشی لمی نەوسن
داربەڕووی لەشم ئەهاڕێ
دە ساڵە من
پێستی گووراو
بۆ ئاردی بەر ئاشی خوێناو ئەگرمەوە
کە دایانمێ
کە کردمەوە
سووتووی ئاردی لەشی داربەڕۆکەی خۆم بوو.
٦
لەو ڕۆژەدا کە ڕاستیی لەناو تەندووری
شارەکەما کۆڵەوژ بوو
لەو کاتەدا کە قوڕگی گوڵبێنە بۆ نان
دووکەڵمژ بوو.
لەو ڕۆژەدا:
هەر پیاوانی بێوەژن بوون، ڕیزیان ئەگرت
خۆیان لە مێژووی سۆزانیی
مارە ئەکرد!