خەمێکی سوور

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  600 مشاهده
براکانم!
لەناو شاری زامەکانما، وشەکانم
نمەن
نمەی بارانێکی تینوو.
بارانی ژانی هەورێکی سەرهەڵگرتوو.
بارانی خەمێکی سووری
گڕ تێبەربوو
ورد ورد لەگەڵ:
فرمێسکی دەنگی «قەتار»ی ئاوارەما دێنە خوارێ
ورد
ورد
بە سەر
تاڵی زەردەی، قژی «لاوک» و «حەیران»ی،
«مەم و زین»ی پەشۆکاوی ئێوارەما دێنە خوارێ.
کێلەکانی یادگاری خەوی دوێنێی
وڵاتی بێ زەردەخەنەم ئەشۆنەوە
لە تینوێتیم ئەخۆنەوە!
براکانم!
لە کاروانی زامەکانما هەمووتانم
هێنایە ناو:
ژووری گلێنەی چاومەوە
هەمووتانم هێنایە ناو،
«حوزەیران»ی هەناومەوە
لەسەر سنگی تاتەشۆری ترسەکانم
ڕیزم کردن.
لەگەڵ تاریماییی مردنا
وێنەم گرتن
بە پلیکانەی ئازاری ناو دەروونما
بۆ هەورەبانی ناو تەمی سەری ماندووم
سەرم خستن
براکانم!
من دووکەڵی ئێسکی سووتێنراوی ئێوەم.
من دووکەڵی ئێسکی سووتێنراوی ئێوەم.
براکانم!