دڵداری ناو شارێکی مردوو

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 7 دقیقه  877 مشاهده
دڵدارەکان!
دڵدارانی، چاوی وشەی باخی ئاگری هۆنراوە.
دڵدارانی، گوڵی بارانی وەریوی
درەختی خۆری ڕووتاوە.
دڵدارانی نۆ ساڵی ناو وەرزی خوێنی
ئەم - خاکە شەهیدکراوە -
دڵدارەکان!
دڵدارانی چرای زامی، ناو چیرۆکە کوژراوەکان
دڵدارانی ماچی تینووی ناو شەپۆلە خنکاوەکان
دڵدارێکم:
دڵدارێکم لە بەهەشتی خۆشەویستیما ئەسووتێم.
دڵدارێکم بە دۆزەخی ناوی خۆما
بە سەر ئەستێرەی کشاوی چاوی خۆما
هەنگاو ئەنێم.
دڵدارێکم گۆرانی بۆ:
گەردەلوولی بەهاری ناو ئازار ئەڵێم.
دڵدارێکم، ئاوێستاکەم یاخیبوونە.
دڵدارێکم، ژوان بۆ یار
لەژێر ئاسۆی ئەرخەوانیی نۆی حوزەیرانا دائەنێم
تارای گڕی بابەگوڕگوڕ، ئەدەم بەسەر:
بووکی ناکامی نەورۆزدا و
بۆ مارەییی خوێن ئەگەڕێم.
دڵدارێکم، بەردەکەی «سیزیف» لەسەر شان
بە توولەڕێی سەر هەورازی
سەدەی بیستا هەڵئەگەڕێم
لە تاریکیی شپرزەییم، لە برووسکەی
هەوری ژانم
بارانی سوور، دڵۆپی گڕ
بە سەر دورگەی بیابانی
بەفرکوژدا، ئەبارێنم!
دڵدارێکم، بە شانەی پەنجەی سووتاوم
قژی مێژووی هەڵپڕووزاو، دائەهێنم.
شاعیرێکم، ئەسپی خەوێکی بێ جڵەو
هەڵی گرتووم.
پەیژەی ناسۆری شارێکی بێکۆتایی
بۆ سەرەتای ونبوونی خۆم، سەری خستووم.
شاعیرێکم، بە دوای قاچی پیتەکانما
تەرمی خنکاوی غەریبم ڕائەکێشم
گۆڕ لەناو گۆڕا ئەنێژم!
من غەریبیی بەر ئاوێنەی ئەو ژوورەم
تیا لەدایک بووم.
من غەریبیی ئەو ڕێوبانەم،
کە پشتوێنی یادی بەستووم!
من ئاوارەی بیابانی دەنگی خۆمم
من لەبیرچووی
نەخشەی شێوە و ڕەنگی خۆمم.
من ئاوارەی ئەو کیشوەرەم:
ڕۆژژمێری ڕۆژەکانی ون کردووە
ناونیشانی ماڵەکانی ون کردووە.
من ئاوارەی وڵاتێکم:
شارەکانی، بێ پەنجەرەن
شەوەکانی، بێ ئەستێرەن
ڕێگەکانی
قەیتانی پێڵاوی بیری گرێکوێرەن.
من ئاوارەی وڵاتێکم جادووگەری:
لە ئەشکەوتی یاساکانیا
لە گەراجی پاسەکانیا
لە گیرفانی جانتای پارەی شین و سووری پیاوەکانیا
لە کیسەی مەمکی لاستیکی ژنەکانیا
لە منارەی درۆکانیا:
پێشمەرگەی وشە، ئەکوژن
قەڵەمە جەنگاوەرەکان، ئەخنکێنن
مێشکی «کاوەشخص» ئەپژێنن
«ژان دارک»ی ڕستە یاخییەکان، ئەسووتێنن.
***
دڵدارەکان!
دڵدارانی حیلەی ئەسپە ئاوارەکەی
دەربەندی خوێنی بازیان.
دڵدارانی خۆری زامی هەڵهاتووی سەنگەری ئاسۆی
سنگی بەرزان.
جادووگەرانی سەر شانۆی سیحربازی
ئێستەش هەر وەک جارانی ناو
ئەشکەوتی کۆن
گڕی ئەفسانە قووت ئەدەن.
مار و دووپشک و شەوگەردی تۆپیو ئەخۆن.
نووشتە لە «ئەپۆلۆ» ئەکەن!
ئێستەش هەر وەک جارانی ناو
ئەشکەوتی کۆن
خەو بە کۆپانی «جەجاڵی» دنیای چۆڵەوە ئەبینن!
دەرزی لە یەخەی جنۆکەی
گرانەتای منداڵ ئەدەن
موو بۆ دێوی گردی ڕەش و
حەوت قوللەی قاف ئەپڕووزێنن
مەنجەنیق بۆ:
«گالیلۆشخص»ی زانست دائەخەن!
***
دڵدارەکان!
دڵدارانی، تریفەی چاوی خانزادی مانگی خنکاو
دڵدارانی، لێوی تیشکی پشکۆی ئاگردانی هەتاو
کاتێ لە پشتەوە، پێکرام
کاتێ لەسەر بەرماڵەکەی – حەللاج -
نوێژم بۆ کورد ئەکرد، کوژرام.
ئەوسا ناوم:
میری گەورەی ڕەواندزمکان بوو
ئەوسا چاوم،
ئەوسا بیری بە هەنگاوم
سووژنێ بوو
شاڵی ئاسمانی لەتلەتی
چۆغەی زەمینی لەتلەتی
کوردستانی بەیەکەوە ئەدوورێوە
سووژنێ بوو
تەقەڵی قرچۆکی جببەی
خەلیفەکەی ئەستەمووڵی هەڵئەوەشان.
ئەوسا لەژێر سمی تاوی ئەسپەکەما
بەغای – والیی - ئەیزریکان
«بابی عالیی»، گرێژنەی قاچەکانی
لە چاڵی مەرگا لەرزۆک بوو
تاقەکانی کۆشکی - یڵدز -
بۆ شیوەکانی ڕەواندز
لەسەر چۆک بوو!
پێکرام، لەپشتەوە، پێکرام
هەر بەو تیغە ژەنگاوییەی
کە «بەدرخان»ی پێ کوژرا، منیش کوژرام.
تیغی جاڕی شەیتانی سەر منارەکان
تیغی زمانی ماری سەر:
بەردەنوێژی مزگەوتەکان
خنکام، لە دووکەڵی فەتوای ناو مێزەری
توونی بابای پیلانەکەی،
«مەلای خەتێ»دا بوو، خنکام
سووتام، لە گێژاوی گڕی دەمی ئەژدیهای حەوتسەری
«مەلای خەتێ»دا بوو، سووتام
دڵدارەکان!
ئێوەش هەموو لەگەڵ منا،
پێکران، خنکان.
ئێوەش هەموو لەگەڵ منا،
سووتان، کوژران.
دڵدارەکان!
دڵدارانی حیلەی ئەسپە ئاوارەکەی،
دەربەندی خوێنی بازیان.
دڵدارانی، خۆری زامی هەڵهاتووی سەنگەری ئاسۆی
سنگی بەرزان.
ئەوا دیسان
گەڕانەوە
کوللەکوێرە بێ باڵەکان، گەڕانەوە
ژیانەوە
توولەمارە سەرسپێکان، ژیانەوە
ڕووانەوە
کەڵبەکانی مەلای خەتێ، ڕووانەوە
دڵدارەکان
ئەم جارەیان، شارەکەمان سەری نایە
سەر ڕانی شەو
دەستی گۆجی،
کردە ملی کێلی مردووی سەیوانی خەو
گەڕەکەکان:
ئیستگەی بانگی مەرگەوەڕی قاژووی ماڵ بوون.
کۆڵانەکان:
دارەمەیتی لاشەی ئەفسانەی جەجاڵ بوون.
گڵۆپەکان:
خنکاوی ناو تەمی چوخمی جنۆکە بوون.
نامەخانە و کتێبەکان:
کەشتیی پرسەی گوێ بەندەری
وشە سەربڕڕاوەکان بوون.
شیرینەکان،
فەرهادەکان،
کوشتەی دەستی، پیرێژنی
جادووگەری چەرخ و فەلەکی شەیتان بوون!
***
دڵدارەکان!
دڵدارانی، ئەو گریانەی زەردەخەنەی تیا ئەپشکوێ.
دڵدارانی، ئەو شەوانەی گوڵی شەبەقی تیا ئەڕوێ.
ئەم جارەیان، لە شارەکەی خەزانی ناو حوزەیرانا
لە گومەزی خەم و ژانا
لە کەژاوەی چرای بیری:
«جەودەتشخص و جەمال عیرفانشخصا»
نەوەکانی مەلای خەتێ
شاگردەکانی بەتلیسی
چقڵی پەنجەی گوڵکوژەیان
ئەکرد بە چاوی ژیانا،
بە چاوی هەڵبەستی سەوزی:
«حەمدیشخص و بێکەسشخص و گۆرانشخصا»
ئەم جارەیان، قەڵەمەکان
قەڵەمە ترسنۆکەکان
قەڵەمە نووک جنۆکەکان
لە شەقامی کەڕ و لاڵی شارەکەما
کلکی ترسیان کڵافە کرد!
کەوتنە چینە،
لە کەلاوەی خێوەکانا کەوتنە چینە
بە دەلاقەی دەرگای برینی تەمەنی،
ساڕێژنەبووی لەشی کوردا
کەوتنە دادروونی پینە!
ئەم جارەیان، لە شەقامی کەڕ و لاڵی شارەکەما
- ڕۆشنبیران -
بە کڵاوەکەی «سحری جن» زۆریان گیران!
جێیان هێشتین، وەک پێکی خاڵیی سەر مێزی
شەوی سووریان، جێیان هێشتین.
جێیان هێشتین، لە دارستانی شمشێر و
زرگی چڕی شەل و کوێری نەپارێزا
جێیان هێشتین
لە تۆڕی چنگی قرژاڵی دزەکانا، جێیان هێشتین
جێیان هێشتین کە بینییان:
وشەکانمان
ناکەین بە دەنکە تەزبیحی سەر بەرماڵی جادووگەران
ڕستەکانمان
ناکەین بە ڕیزە گوڵۆنکەی مشکیی سەری ڕیاکەران.
جێیان هێشتین، وەکوو ئیمزای کوژاوەی سەر
پاکەتی خاڵیی گیرفانیان، جێیان هێشتین.
وەک چاویلکەی زەڕڕەبینی
شکاوی پار و پێراریان، جێیان هێشتین.
جێیان هیشتین کە زانیان:
«ئاگرە سوورە
گڕ لە دەوری ئێمە ئەخوا و
لەوان دوورە»
جێیان هێشتین کە زانییان:
قاچی دینار
لە ڕێی ئاشەبەتەندوورێ
کار وا بڕوا
ئەکەوێتە هەنگەشەلێ!
***
دڵدارەکان!
دڵدارانی، ئەو چراوگەی لە خوێنی شەوی «حاجی»یا
کڵپەی ئەکرد
دڵدارانی، ئەو شەبەقەی لە پێڵووی چاوی کۆیەمکاندا
جێپێی «مەولانەی» هەڵئەگرت
دڵدارانی، ئەم خامانەی لە «هەندرین»ی وشەدا
شەهید کران!
بە سێدارەی حوزەیران و چوارچرای شەوا هەڵخران
دڵدارێکم، بە سەر دەمی پردی گوێزانی ئازاری
شارەکەما، دێم و ئەڕۆم
چاوم لە گۆمی ڕووناکی
وەرزی پێنجەمیندا ئەشۆم.
دڵدارێکم، دڵم گۆپکەی مشتۆی سەر ئەو:
خەنجەرەیە، سوارەکەی بەردەقارەمان
دایە دەس سوارەکەی بەرزان
دڵدارێکم، ژوان بۆ یار
لەژێر ئاسۆی ئەرخەوانیی
نۆی حوزەیرانا دائەنێم
تارای گڕی بابەگوڕگوڕ ئەدەم بە سەر:
بووکی ناکامی کەرکووکمکانا
بۆ مارەییی خوێن ئەگەڕێم!