چەپگەرد

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 4 دقیقه  896 مشاهده
ئەو ڕۆژەی تۆ
دڵت وەکوو
کانیی گوندێکی چۆڵکراو
یان پەلوپۆی درەختێکی
بە پێوە گڕ تێبەردراو
یان چۆلەکە باوکەیەکی، زەڕنەقووتە
لە هێلانەدا سەر بڕاو
یان وەک چاوانی باخانی
«باوەمردە» و قلیاسانی
ئەو ساتانەی
لە سەرەڕێدا بۆ نالی و کۆچی نالی
وەک ژنانی سلێمانیاعلام
وەکوو ئەرخەوانی سەیوان
هەموو گەڵای قژیان ڕنی و
وەک تانجەرۆاعلام بەکوڵ گریان.
ئەو ڕۆژە تۆ
دڵت وا بوو
ئەو ڕۆژە تۆ
باوکی هەموو خەمی شار بووی.
هۆرەی گریانی قەرەداخاعلام
لانکەی ژانی
قەت نەسرەوتی
داروبەردی سەرچناراعلام بووی.
ئەی هاوڕێی فەرهەنگی خەماعلام!
لەناو پەرژینی تەمەوە
تارماییم و چاوم لێیە
چ ڕۆژێکی وەیشوومەیە
چەپگەردی کۆست ئا ئەمەیە!
ئەی شاعیری
گەورەکچی شیعری قژ زەرد
جوانەمەرگ بوو!
گەردەلوولی «وەی» ئەمەیە.
ئەی هاوڕێی ئەژنۆشکاو!
شارۆچکەکەت زۆر بچووکە
کەچی کراسی خوێناویی «کەژاڵ»ی تۆ
لەم ساتەدا
بە بەری دنیاش گەورەیە!.
ئەی شاعیری فەرهەنگی خەم!
ئەو ڕۆژە تۆ دڵت وا بوو
هەر هەمان ڕۆژ منیش وێڵی
دوای شیعرێ بووم
بەژنی وەکوو بەژنی خەمت
کەڵەگەت بێ
وەکوو ژاڵەی بەر پەنجەرەی
ژووری داخراوی کەژاڵ
هەموو شەوێ
چاوی گوڵیان
بە فرمێسکی درشت مەست ئەبێ.
شیعرێ، شیعرێ
وەک چاوەڕوانیی ئاوێنە و
شانەی قژی و
جانتای دەستی
وەک چاوەڕوانیی لاپەڕەی
هێشتا سپی ناو دەفتەری.
وەک تاسەی چاکەتی شینی.
وەک تەنوورەی خۆڵەمێشیی
بەرگی سێ ساڵی خوێندنی.
شیعرێ، شیعرێ
وەک تاسەی قەڵەم بۆ پەنجەی
وەک گوڵەباخ بۆ ئەگریجەی.
وەک چرپاکەی بۆ خەوتنی
وەک شەوقی هەیوان و ناو هۆڵ
چاوەڕوانیی جادەی بەر ماڵ
زەنگی دەرگا
بۆ هاتنەوەی، دابەزین و گەیشتنی.
شیعرێ، زریکەی تاڵەمووی
قژ ڕاکێشان!
ڕەنگی شین و ڕەنگی مۆری
جێگە داری شان و قۆڵ و ڕانی تیا بێ.
ڕەنگی پەڕیوی وەک لیمۆی
سیس و گوشراو.
زەردەخەنەی کارتی دەرچوون، دواپرتەی مۆمێ کوژاوە.
دواهەناسەی ئاسکێ سپی
شیعرێ ورشەوپرشەی سوورمەی
سەر تەرمەکەی ئەوی تیا بێ.
بەڵام ببوورە هاوڕێم
هاوڕێی سەیوان!
ئەی هاوڕێی قۆڵ بە قۆڵی
کۆستا کردوو!
ئەی هاوڕێی لە سێ ڕۆژا
ڕیش و سمێڵ
کاکۆڵی قژ
گوڵی سپی گریاو گرتوو.
ئەی پەیژەی خەمی بانیژەی
پلە شکاوی حوزەیران!
ئەی ڕەشەڕێحانەی وشەی
سەر مەزاری گشت «کەژاڵ» و
گشت دڵدارێکی کوردستان.
ببوورە لێم بۆ ئەو شیعرە
ئێجگار گەڕام
بۆ هەر شوێنێ کەژاڵ چووبوو
هەر جێیە بۆنی گوڵەزەرد
ئەو قژەی ئەوی گرتبوو.
منیش بۆی چووم
بۆ ئەو شیعرە گەلێ گەڕام:
لە پاسی هەژدە نەفەریی ڕێی هەولێردا
سەر کورسییەکان
ژێر کورسییەکان
ورد ورد گەڕام.
کۆگاکانی دەوری «قەڵا»
ناو جامخانە، سەر ڕەفەکان
ناو مشتی قوتووی ملوانکە
ژێر نقێمی موستیلەکان
هەمووی گەڕام
بەرباخەڵ و کلۆری گیرفانی هەموو
درەختێکی
شەقامی خڕی «شەست مەتری»
پۆل بە پۆل و
هۆڵ بە هۆڵی
زانکۆی زیزی
هەمووی گەڕام
کووچە بە کووچەی چیرۆک و
باخ بە باخی ناو هۆنراوەی
کتێبخانەکەی حەیدەریاعلام
هەمووی گەڕام،
لێرەش گەڕام
ژێر چەتری پاسی سەرچناراعلام - سلێمانیاعلام
بست بە بستی کەناری ئاو
ژێر پردەکەی، مۆڵگەی ماسی
دوور و نزیک
ماڵ بە ماڵی دەستەخوشکی
هەمووی گەڕام
ناو ئۆرزدی، سەر شانۆکان
شەقامەکان، کاوەاعلام، مەولەویاعلام، تووی مەلیکاعلام
پیادەڕەوی تەنگ و نزمی
دڵنسرمی
ناو قەیسەری
هەمووی گەڕام.
بەڵام ببوورە هاوڕێم
هاوڕێی سەیوان!
ئەی قەڵەمەکەی گوڵ بە دەم!.
ئەی هەڵبەستە پشتێن ڕەشە
ڕیش هاتووەکەی
وڵاتی خەم!.
ببوورە لێم هەرچەند گەڕام
من ئەو شیعرەم نەدۆزێوە
باڵای خەمی بە قەد باڵای
ئەم کۆستەی تۆ کەڵەگەت بێ
وەک «کەژاڵ»ی گڵبردووشمان
پەرییەکی شۆخوشەنگ بێ.