چەپگەرد

لە کتێبی:
ڕەنگاڵە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  897 بینین
ئەو ڕۆژەی تۆ
دڵت وەکوو
کانیی گوندێکی چۆڵکراو
یان پەلوپۆی درەختێکی
بە پێوە گڕ تێبەردراو
یان چۆلەکە باوکەیەکی، زەڕنەقووتە
لە هێلانەدا سەر بڕاو
یان وەک چاوانی باخانی
«باوەمردە» و قلیاسانی
ئەو ساتانەی
لە سەرەڕێدا بۆ نالی و کۆچی نالی
وەک ژنانی سلێمانیناوی تایبەت
وەکوو ئەرخەوانی سەیوان
هەموو گەڵای قژیان ڕنی و
وەک تانجەرۆناوی تایبەت بەکوڵ گریان.
ئەو ڕۆژە تۆ
دڵت وا بوو
ئەو ڕۆژە تۆ
باوکی هەموو خەمی شار بووی.
هۆرەی گریانی قەرەداخناوی تایبەت
لانکەی ژانی
قەت نەسرەوتی
داروبەردی سەرچنارناوی تایبەت بووی.
ئەی هاوڕێی فەرهەنگی خەمناوی تایبەت!
لەناو پەرژینی تەمەوە
تارماییم و چاوم لێیە
چ ڕۆژێکی وەیشوومەیە
چەپگەردی کۆست ئا ئەمەیە!
ئەی شاعیری
گەورەکچی شیعری قژ زەرد
جوانەمەرگ بوو!
گەردەلوولی «وەی» ئەمەیە.
ئەی هاوڕێی ئەژنۆشکاو!
شارۆچکەکەت زۆر بچووکە
کەچی کراسی خوێناویی «کەژاڵ»ی تۆ
لەم ساتەدا
بە بەری دنیاش گەورەیە!.
ئەی شاعیری فەرهەنگی خەم!
ئەو ڕۆژە تۆ دڵت وا بوو
هەر هەمان ڕۆژ منیش وێڵی
دوای شیعرێ بووم
بەژنی وەکوو بەژنی خەمت
کەڵەگەت بێ
وەکوو ژاڵەی بەر پەنجەرەی
ژووری داخراوی کەژاڵ
هەموو شەوێ
چاوی گوڵیان
بە فرمێسکی درشت مەست ئەبێ.
شیعرێ، شیعرێ
وەک چاوەڕوانیی ئاوێنە و
شانەی قژی و
جانتای دەستی
وەک چاوەڕوانیی لاپەڕەی
هێشتا سپی ناو دەفتەری.
وەک تاسەی چاکەتی شینی.
وەک تەنوورەی خۆڵەمێشیی
بەرگی سێ ساڵی خوێندنی.
شیعرێ، شیعرێ
وەک تاسەی قەڵەم بۆ پەنجەی
وەک گوڵەباخ بۆ ئەگریجەی.
وەک چرپاکەی بۆ خەوتنی
وەک شەوقی هەیوان و ناو هۆڵ
چاوەڕوانیی جادەی بەر ماڵ
زەنگی دەرگا
بۆ هاتنەوەی، دابەزین و گەیشتنی.
شیعرێ، زریکەی تاڵەمووی
قژ ڕاکێشان!
ڕەنگی شین و ڕەنگی مۆری
جێگە داری شان و قۆڵ و ڕانی تیا بێ.
ڕەنگی پەڕیوی وەک لیمۆی
سیس و گوشراو.
زەردەخەنەی کارتی دەرچوون، دواپرتەی مۆمێ کوژاوە.
دواهەناسەی ئاسکێ سپی
شیعرێ ورشەوپرشەی سوورمەی
سەر تەرمەکەی ئەوی تیا بێ.
بەڵام ببوورە هاوڕێم
هاوڕێی سەیوان!
ئەی هاوڕێی قۆڵ بە قۆڵی
کۆستا کردوو!
ئەی هاوڕێی لە سێ ڕۆژا
ڕیش و سمێڵ
کاکۆڵی قژ
گوڵی سپی گریاو گرتوو.
ئەی پەیژەی خەمی بانیژەی
پلە شکاوی حوزەیران!
ئەی ڕەشەڕێحانەی وشەی
سەر مەزاری گشت «کەژاڵ» و
گشت دڵدارێکی کوردستان.
ببوورە لێم بۆ ئەو شیعرە
ئێجگار گەڕام
بۆ هەر شوێنێ کەژاڵ چووبوو
هەر جێیە بۆنی گوڵەزەرد
ئەو قژەی ئەوی گرتبوو.
منیش بۆی چووم
بۆ ئەو شیعرە گەلێ گەڕام:
لە پاسی هەژدە نەفەریی ڕێی هەولێردا
سەر کورسییەکان
ژێر کورسییەکان
ورد ورد گەڕام.
کۆگاکانی دەوری «قەڵا»
ناو جامخانە، سەر ڕەفەکان
ناو مشتی قوتووی ملوانکە
ژێر نقێمی موستیلەکان
هەمووی گەڕام
بەرباخەڵ و کلۆری گیرفانی هەموو
درەختێکی
شەقامی خڕی «شەست مەتری»
پۆل بە پۆل و
هۆڵ بە هۆڵی
زانکۆی زیزی
هەمووی گەڕام
کووچە بە کووچەی چیرۆک و
باخ بە باخی ناو هۆنراوەی
کتێبخانەکەی حەیدەریناوی تایبەت
هەمووی گەڕام،
لێرەش گەڕام
ژێر چەتری پاسی سەرچنارناوی تایبەت - سلێمانیناوی تایبەت
بست بە بستی کەناری ئاو
ژێر پردەکەی، مۆڵگەی ماسی
دوور و نزیک
ماڵ بە ماڵی دەستەخوشکی
هەمووی گەڕام
ناو ئۆرزدی، سەر شانۆکان
شەقامەکان، کاوەناوی تایبەت، مەولەویناوی تایبەت، تووی مەلیکناوی تایبەت
پیادەڕەوی تەنگ و نزمی
دڵنسرمی
ناو قەیسەری
هەمووی گەڕام.
بەڵام ببوورە هاوڕێم
هاوڕێی سەیوان!
ئەی قەڵەمەکەی گوڵ بە دەم!.
ئەی هەڵبەستە پشتێن ڕەشە
ڕیش هاتووەکەی
وڵاتی خەم!.
ببوورە لێم هەرچەند گەڕام
من ئەو شیعرەم نەدۆزێوە
باڵای خەمی بە قەد باڵای
ئەم کۆستەی تۆ کەڵەگەت بێ
وەک «کەژاڵ»ی گڵبردووشمان
پەرییەکی شۆخوشەنگ بێ.