هاودەم

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  1019 مشاهده
ئێوارەت باش! ئەی فوراتاعلامی
لە شاخەوە بەڕێ کەوتووی
هەناسەسوار.
ئەی دایکی ئەگریجە تەڕی کۆڵوانە تەم.
ئەی پشتی دەست دەماراویی
شین و دیاری هەردوو کەنار.
ئەی هاوڕێی شڵەژاوی خواروخێچ ڕۆی
دەمێ تیژ و
دەمێ هێواش
ئێوارەت باش!
***
تۆ نەبی چۆن من ئەم ژەنگی بێزارییە
کە سەعاتی ژینی گرتووم لێم بێتەوە؟!
هەر تۆی تەنیا لەم مەڵبەندە تەریکەدا
بێمە لات و گوێم لێ بگری و لە باوەشتا
لەناو جۆلانەی شەپۆلی بێ سرەوتتا
وەک کوڕی خۆت
دەس بە قژی بژما بێنی و
شپرزەییم ڕابژەنی.
منیش لەسەرخۆ و بە چرپە
ئاخوداخی
شیعری خۆمت بۆ هەڵڕێژم
لە قوڵایی و نسێی سنگتا
گڕەی هەناسەم بنێژم.
تۆ نەبی چۆن من ئەم ژەنگی بێزارییە
کە سەعاتی ژینی گرتووم لێم بێتەوە؟!
هەر تۆی تەنیا لەم بەستێنە خامۆشەدا
ئەی هاودەمە شیرینەکەم!
من دڵم پێت بکرێتەوە.
***
لەبەر دەممای چاوم لێتە
وەک لەسەر لا ڕاکشابی
دەستێکت وا لەژێر سەرتا و
ئانیشکت خستۆتە سەر لم.
شەپۆلی نیگات پرشەپرش
تیشکێکی زەرد ئەدەن لە من.
منیش لە سێبەری کڕی
دارهەنجیری گەڵا پانا
کە هەتاوی تین تیا نەماو
بە پێدزکێ بە باڵایدا هەڵئەزنێ
ئینجا وەک سەرەتاتکێ
لەناو پەنجەرەی چڵانا
ناوبەناوێ
دەرئەکەوێ و دەرناکەوێ
من لەوێدا بە چوارمشقی دانیشتووم و
خەیاڵیشم وردە وردە
وەک خۆری ئیستەی باکوورت
پشکۆئاسا
لەناو تۆدا نقوم ئەبێ.
***
دوور لە یاران
دوور لە وڵاتی گوڵ عومەر
ڕۆژانی ڕەنگ خۆڵەمێشیم تێئەپەڕن
پەرت پەرت وەکوو دووکەڵی سەر
ماڵانی دێی لای ئێواران.
پەستی وەکوو قەوزەیەکی
مەڵاسی لینج
گیانی گرتووم.
ئازارێکی گرنجگرنج
وەک گرنجیی بەژنی ڕەقەڵەی دارخورما
دڵنیاییم ئەڕووشێنێ و
چرۆی هەستم زامدار ئەکا!
گەلێ خەونم
وەکوو ماسی لە ئاو کراو
هێشتا چاویان زەقەیان دێ و
بەڵام خنکاو!
ئەم ڕۆژانە وەکوو ژاڵە
لەناو زاری عومری مندا
تامیان تاڵە.
بەڵام ئەی ئازیزانی دوور!
ئەی هاوەڵە شیرینەکان
لە هەر کوێ هەن
یادتان وەکوو سێبەرەکەم
لەگەڵمایە.
نامە و وێنەی ڕەنگاوڕەنگتان
لەناو گیرفانی دڵمایە.
خۆشەویستی و تاسەی دیداری ونبووتان
دیوانی شیعری تازەمە و
لەناو دەفتەری ناخمایە.
***
شەو باش! شەو باش!
تۆ شەوکوێر نیت
ئەی دایکی نامۆیی و سەفەر.
ئەی هاوڕێ،
ئەی فوراتی بە ناو تاریکییا ڕاکەر.
گەرچی ئیستاکە تەماشام
وەکوو مەلێکی باڵ شکاو
ناگاتە لات
تا مل هەڵسوێ لە ژێرچەنە و
ماچت بکات.
بەڵام هاژەت وەکوو دەنگی
مێژووی بەسام
وەکوو دەنگدانەوەی دەربەندی
کپی لەبەر شەوقی مانگەشەودا سەرسام
زوڵاڵ زوڵاڵ
ئەگاتە لام
ئەی هاوڕێی قەت نەنووستوو!
من خەوم دێ و
ئەچمەوە لای ماڵی چۆڵ و
ژووری تەنیای هەناسەسارد
تا سبەینێ لەم ئاستەدا
بە یەکتری ئەگەینەوە
ئەی هاودەمی تاقوتەنیای
غەریبیی من
شەوێکی شاد!