فورات و چەند گۆرانییەکی غەمگین

بۆ «سەعدی یووسف»
از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 4 دقیقه  661 مشاهده
1- ماسیگرە تەنیاکە
لە ئاوی بەر زەردەپەڕدا
بەلەمەکەی لە دوورەوە
سینییەکی درێژکۆلەی
لووت تیژی لێوار زێڕینە.
لەناکاودا وەک بخلیسکێ
وەک قووت بچێ
لە لێژاییی شەپۆلێکدا
دائەچێت و لەپڕیشدا
وەک هەڵیدەن
سەر فورات ئەکەوێتەوە.
ئەی ماسیگرە تەنیاکە!
تۆ لەنێوان شەپۆلی تووڕە و هێمندا
خەمێکی تەمەندرێژی
منیش لێرە لە کەناردا
دارخورمایەکی تەریکی کورتەباڵام.
تۆزێکی تر کە تاریکیی چڕتر بۆوە
درەنگانێ کە تۆ نووستی
ئەوسا خەمی تۆیش و فورات
بەجووت ئەفڕن و دێن بۆ لام.
 
2- مامزی ماندوو
پەنجەکانی «با»، بزێون
قژی بۆ دواوە ئەفڕێنن
پەنجەکانی «با»، نماوین
ئاونگ لە چاوی ئەزێنن.
لە فوراتەوە دێتەوە چاوم لێیە:
بە پەڵە پەڵەی هەتاوی
دارستانی دارخورمادا
بە لارەلار، تێئەپەڕێ
نیوەی لەشی لە سێبەردا و
نیوەکەی تر
تیشکی لەسەر هەڵئەپەڕێ.
بەڕێوەیە،
لارە لارە
لە مامزی ماندوو ئەچێ
هەردوو دەستی سەتڵ گرتووی
شل ئەبێت و بۆ چەند ساتێ
وچان ئەگرێ.
ئێستەکە ڕێک بەرامبەرم
ڕاوەستاوە
ئەڵێی گوڵەهێرۆی سووری
دڵۆپ لە ڕوو هەڵپرژاوە.
ئەی ژنە دڵ غەمگینەکەم!
ئەوینی تۆ و ئاوی فورات
نەبوونایە
هەرگیز هەرگیز
من ئەم شیعرەم
بۆ نەئەهات.
 
3- هاوڕێی بچووک
«حسون» منداڵێکە لاواز
باریک، سەر خڕ
وەک مارماسیی فورات وایە
ڕەنگی وەک خورمای خەستەوی
چاوی وەکوو ترێ ڕەشکە!
«حسون» ئەی هاوڕێی بچووک!
ڕووی خۆڵاویی خۆتم تێکە
تەماشام کە
تۆ لە چاوتا
خەمی ئێجگار
گەورە گەورەی تیایە!
 
4- شەوی حکایەت
وەک ئافرەتێکی زراوچوو
«با» ڕا ئەکا و ئەزریکێنێ
قژی درەخت ئاڵۆزکاوە.
شەپۆل چاوی ئەنوقێنێ.
لە ئاسمانی خۆڵەمێشی سەر فوراتا
وەکوو لۆکە
شی ئەبنەوە پەڵەهەور و
وەکوو پەڕی کۆتری سپیی
باڵکراوی فڕکە کردوو
بڵاو بڵاو
دێنە بەر چاو
ئێستە دڵم
وەک هەنارێکی گوشراوە.
ئەمشەو لەبەر تەنیا زۆپای
ژوورەکەمدا،
بەرامبەر دایکە پیرەکەم
دائەنیشم،
چاو ئەبڕمە چاوی کزی.
ئەمشەو شەوی حکایەتە
«لاس و خەزاڵ» میوانمانن
گوێم بۆ دایکم ڕاگرتووە:
کە«لاس» ئەدوێ
کە «لاس» ئەڕوا
دۆڵ بە دۆڵ و
ڕەوەز ڕەوەز
من لەگەڵیام.
وەختێ وەنەوز لەناو چاوما
ئەکەوێتە باڵەفڕێ
هێشتا فورات ئەناڵێنێ و
لەو لایشەوە
«لاس» هەر ئەڕوا و ڕێگە ئەبڕێ.
 
5- دراوسێ
«أم سەعد» دراوسێمانە
وەک دووکەڵکێش
تەمەنی ئەو ڕەش داگەڕاو
دەموچاوی
نانی سووتاو.
باڵای لە لقە دارخورمای
وشکەوەبووی
پەنا تەندوورەکەی ئەچێ.
ناسۆرێکە و ئازا ئەژی
هەر یەک شتن
دەستوپل و کۆڵەوژی
وەکوو ڕۆژگاری بیابان
ئەمیش لەبەر کڵپە و گڕا
سیمای داخە.
وەکوو شەوگاری بیابان
ئەمیش قسەی خۆش و فێنک
وەکوو سروەی ڕەز و باخە.
وەک ناعورەکەی ئەو بەرمان
چۆن خول ئەخوا و
قەت ناسرەوێ
ئەم «ٲم سەعد»ەیش
ئازارێکە بە پێوەیە و
کەس نازانێ
چ وەخت ئەنوێ!
 
6- لە کەناردا
لەناو پەنجەرەی هەورەوە
مانگ وا سەری دەرهێناوە
هێدی هێدی
زیو پرژێنی فورات ئەکا
تاڵە تیشکی هەڵلەرزیوی
بنی ڕووبار
وەک گەردانەن
وەک پڵپڵەن
گوڵ و گوارەن.
وەک ژنەکەم، شەوێکە: مات،
کز دانیشتووین
لەسەر لمی هێشتا گەرمی
گوێ کەناریش
کچە گەورە چاو ڕەشەکەم
دوانزە ساڵان
تریفە ئەیدا لە قژی
کڵاو زەڕی ئەکاتە سەر.
بە چیچکانەوە خەریکە
یەکە یەکە
هێلکەی تەڕی شەیتانۆکە
ئەچنێتەوە
ئەوەتا وا
کچە گەورە چاوڕەشەکەم
لەبەر خۆوە
وەکوو چەپکە گوڵێ ژاکاو
گۆرانییەک ئەدا بە دەم فوراتەوە:
«هۆ کوردستان!، هۆ ژیانم!»
من و دایکی لە یەک کاتا
بەیەکەوە سەر هەڵئەبڕین
بەبێ ئەوەی پێبزانین
بێدەنگ، ئەگرین!