پۆلە ئاوازێکی کۆچ کردوو

ئەم شیعرە لە چلەی چوار هونەرمەندە بچکۆلە گەورەکانی کوردستاندا و لە هۆڵی نەقابەی کرێکارانی سلێمانی لەلایەن شاعیرەوە خوێنرایەوە.
از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  808 مشاهده
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
کەمانچەیەک ناسیمێوە زانیی ماتم
هێواش هێواش
لە جێگەی خۆیەوە هەستا
هات لەتەنیشتی ڕاستمەوە
هەڵترووشکا
بێخشپە، سووک
دەستی بە گیرفانی دیوانێکما گێڕا
چوار سوێسکە شیعری غەمگینی
لێ دەرهێنا.
***
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
«ئۆکۆردوێن»ێ بەدیی کردم
ناسیمێوە،
زانیی منم ئەو ئاوازەی
بۆ یەکەم جار
فێرم کرد چۆن دەستی قاسپە و
شەماڵ بگرێ و
بچێت بۆ لای نێرگزەجاڕ.
هات لە لای چەپمەوە دانیشت
دەستی بە گیرفانی «لاوک»ێکما گێڕا
چوار نۆتەی قژ ڕەش و زەردی
چاوگەش چاوگەشی دەرهێنا
***
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
شمشاڵێکی لەڕ و لاواز
هێدی هێدی
بە دەم ڕێوە
فووی بە زامەکانیا ئەکرد
جارێک سەری
بۆ ئەستێرە کشاوەکانی هەڵئەبڕی و
جارێکی تر کڕنووشی بۆ
خوڕە و هاژەی ڕووبار ئەبرد.
گەیشتە لام، سووڕایەوە
لەپشت سەرمەوە ڕاوەستا
پەڕە پەڕە «حەیران»ێکی
کۆچەریمی هەڵدایەوە
بە ژێر ڕەشماڵی ئاخێکما چاوی گێڕا
دەستی برد و
چوار گمەی کۆترەباریکەی
هەناوی «دەروێش عەبدوڵڵا»ی لێ دەرهێنا!
***
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
تەماشام کرد لەو بەرەوە
- باڵەبانێ -
لە جۆلانەی خاوکەرێکدا
ئازاری کلووە بەفرەکان ڕایئەژەنێ!
ئەویش هات و لەبەر دەمما
تروشکەی کرد
دەستی بە ناو سنگما گێڕا
چوار هەناسەی سارد و بەسوێی
گۆرانییەکانی «ماملێ»ی لێ دەرهێنا
هەستان بڕۆن!
چوار برژانگی تەڕم وتیان
ئەو شیعر و نۆتە و ئاخانە
بۆ کوێ ئەبەن؟!
لەگەڵ کڕووزەی پەلکەگیا و
وردەماسی و کارژۆلەدا
هەر چواریان پێکەوە وتیان:
ئەی شاعیرە خەمبارەکە!
کە ئازیزان گرد بوونەوە و
هەموو هاتن
کە خەم لەسەر کورسی دانیشت
کە بێدەنگی سەر ڕوخساری ورد و درشت
وەک سێبەری درەختێکی حەپەساوی
دوای لق بڕینەوەی لێ هات!
ئەوساکە تۆ
لە زمانی گۆپکە و تەلی دڵمانەوە
پێیان بڵێ:
بۆ لەمەودوا و هەتا نووزەمان لێوە بێ
دەنگ و ڕەنگ و
سیما و پەنجەی
«کارزان، ڕێبوار، ئازاد، فەرمان»
لەگەڵ لێدانی ئێمەدا هەموو جارێ
ئەبن بە پۆلە ئاوازی سوور و سپی و
لە دەروونی ئەم شارەوە
دێنە دەرێ
باڵ ئەگرن و بەرەو لووتکەی
کێوەکانی گشت کوردستان
ئەکەونە ڕێ!