کۆست و چرا

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 4 دقیقه  983 مشاهده
ئەی گۆڕهەڵکەن! ئێستەیش هەر ئازاری ئەدەی؟
کە دواتەلەبەردی دانا و یەکەم خاکەنازە گڵی
هەڵدایە سەر چاوەکانی
گوڵەگەنم فرمێسکی سپی هەڵڕشت و
ئەو چنارەی دڵمان لەسەر هەڵکەنیبوو
پڕ بە دەمی هەزارەها گەڵای وەریو زریکانی.
کە ناشتیانی
لە ژوورسەرت ڕاوەستابووم
«با» لە لانکەی تەمێکی ئەرخەوانیدا
بە هەردوو دەست تەرمەکەتی ڕائەژەنی!
ستوونێک بووم لەو دارستانی ئەوینەی
دەوریان دابووی
- با چراکە هەر داگیرسێ و نیشانە بێ بۆ گۆڕەکەی.
با چراکە هەر داگیرسێ و فووی لێ نەکەین.
ئەم چرایە لە دوورەوە
ئەستێرەی هیوا پرژێنە و ئەمانبینێ.
* با چراکە هەر داگیرسێ و نیشانە بێ بۆ گۆڕەکەی!
- باخەکەمان ناناسمەوە
گوڵەهێرۆی ڕەش هەڵگەڕاو
ملی کەچی خستۆتە سەر شانی دایکێ
ئەگریجەکانی ئاڵاون لە تووتڕکێ و بەری نادەن.
ئەگریجەکانی ئاڵاون
لە چەند کێلێکی ناو دڵی و سەما ئەکات!
- شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات؟!
- تەنیا باڵندەیەک مابێت هەر قاژووە
چاوتان لێیە ئەوەتا وا باڵەکانی
لەو پەڵەهەورانە ئەسوێ هێشتا سپین!
ئەوەتا وا دەنووک لەو پەنجانە ئەگرێ
کە تا ئێستە نەبوونەتە کۆڵەوژی پیرێژنە دۆزەخێکە!
- شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات؟!
گەرووی دەربەند
تا تەنگتر بێت
«با» لەناویا
تیژتر ئەڕوات و هەڵئەکات!
کە ناشتیانی
لە ژوورسەرتا ڕۆژمێری
زەردەپەڕم ئەخوێندەوە
چۆن لێم ون بووی؟!
ئەوسا هاتی و دەستی پرسیارەکەت گرتم
بە ڕێوبانی تەمی ئاڵدا ئەتبردمەوە
دەنگی خۆمت ئەدایەوە بە گوێی خۆمدا
ئەتبردمەوە!
«ناتوانم لێت جیا ببمەوە، ئەمە عەشقە و
سەر بە گیانی سووتاوی شیعرم هەڵئەگرێ.
لەناو ئەودا ئەتوێمەوە
لە توانەوەمدا پێت ئەگەم!
ئەبارێم و پەڵە لەناو ڕۆحتا ئەدەم .
ئەمە عەشقە و من ماچی خوا
بە لێوی مەرگی خۆم ئەکەم
ناتوانم لێت جیا بمەوە»
هەردەکانم خستە بن هەنگڵی ژانم، سەرکەوتم و درەختەکان،
لەبەردەمما گڕی عەشقیان لە خۆیان و چەم بەر ئەدا.
«ئاو» بوو بە نوور و بە دیدەی «مەولەوی»یەکانما هەڵپژا.
بانگی پۆلە ئەستێرەی کاروانی دوورم ئەکرد. ئەهاتن و
یەک یەک ماچی ئەو ڕووبارەیان ئەکردم،
کە لە تەختی ناوچەوانما
ڕێگەی گەرمێن و کوێستانی ئەگرتە بەر.
ناتوانم لێت جیابمەوە
داگیرساوم
«داگیرسان»م بەستۆتە پشت
بە هەر کوێیەکدا ڕەت ئەبم
ڕووناکی – دائەمەزرێنم –!
- کە ڕووناکی و ڕەنگی زەردی هەژارەکان
تێکەڵ ئەبن
دوو ئاوانێ دروست ئەبێ
نائومێدی تیا ئەخنکێ.
- من بە سەردانێک نەهاتووم هەر گوڵاڵەت
لە پەرچەمی کچی تابلۆکانم بدەم.
هەر سەوزەگیاتم خۆش بوێ و
بۆن بە هەناسەی مێخەکی کەنار گەردنتەوە بکەم!
«سەرەتا بوو خۆم هەڵکێشا
لە دوو ئاوانی عەشقی تۆ
کە هاتمە دەر
لەشم هێشووی
سوورەگزنگی گرتبوو
لە بەستێنی گۆمەکانتا
شەپۆلم پێچایە سەر و
بیرم لە کام شوێنتا قووڵ بوو
شۆڕ ئەبۆوە و باوەشی ئەکرد بە ترسی
تووش هاتووتا»
- ئەی گۆڕهەڵکەن! ئێستەش هەر ئازاری ئەدەی؟!
کە ناشتیانی
لە ژوورسەرت ڕاوەستابووم
باڵندەکانیش هێلانەی چەند ساڵەیان
تێک دایەوە و لە چاو ون بوون،
- من ئەمبینین گریان باڵی
فڕینیان بوو
- ئێمە کۆست ناوکی ژیانی بۆ بڕیوین
نەو، لەشم، گیانم، هێشووی سوورەگزنگی
گرتووە و چاو
لە قاژوو زۆر زۆر بەرزتر
ئەفڕێ و دیارە.
شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات!
گەرووی دەربەند
تا تەنگتر بێت
«با» لەناویا
تیژتر ئەڕوات و هەڵئەکات