لە بۆدابستدا

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  807 مشاهده
- 1-
لەدوای شەوێک، خەوی پچڕپچڕی زڕاو
لوورەلووری شەمەندەفەر،
بە نووزەی درێژ.
زیکەزیکی پێچکە و فیشکەی
لەپڕ و ناکاو.
شەقەشەقی دەرگایەکی
دووری دانەخراو.
دوای شەوێکی دەم بە باوێشک
تۆزێ گێژووێژ
وەختێ تازە
هەتاو: کراسی ئەرخەوانیی
ئەکردە بەر:
«بودابست»ی دەمەوبەیانی
لەناو ئیستگەی پوورەهەنگدا
منیش دابەزیم
شوێن: گوڵجاڕی ئەو خەونە بوو
پێش چەند ساڵێ دیم.
* * *
سەرنجی لووس وەکوو ماسی
لە دەست دەرپەڕی و
خۆی هەڵدایە
«دانووب»ەوە
ناو ڕووباری زیو.
باڵای شیعرم هەر لە ڕێوە
خۆی تیا نوقم کرد.
خەیاڵ تۆڕ بوو
هەزار تیشکی
ڕەنگاوڕەنگی گرت.
لەسەر پردی مەڕمەڕ ڕەش بووی
دێرینەی تاقتاق
بریسکەی دێ
پایتەختەکەی
قژ گوڵە مێلاق.
* * *
 
- 2-
بۆ کوێ بڕۆم نامۆییی کورد
ئەڵێی سێبەرمە
نیگاکانی پێڵووی تەڕی
پەڕەی دەفتەرمە.
بۆ کوێ بڕۆم کوردستانم
هەر لەگەڵدایە
لێرەیش – سیروان –
لە هاواری
ناو - دانووب –دایە!.
دانووب! هاتم لە کەنارتا
برین بسرەوێ
لە جۆلانەی
ناو شەپۆلتا
خەوی لێکەوێ.
هاتم خەمی دارستانم
تۆزێ بە با دەم
بەسەر سنگتا
باز بدەم و
وەک مناڵ ڕاکەم.
کەچی خۆشیت
تا بە لووزەو
بێتە گیانمەوە
ئاو سەر ئەکا لە پەنجەرەی
هەردوو چاومەوە.
چونکە دانووب، شاییت بۆ من
عومری دوو ڕۆژە
بەڵام عومری شەونخوونیم
ئێجگار درێژە.
* * *
ئەی «جولیتا»!
کچی دانووب!
بەرگی بەر ساکار
پێست تەنکی، توێکڵ ناسک
هەناری ئاودار.
سپێنە ڕوون
لاسکی پرچ، وەک پەڵکی چنوور
ئاسکی ماڵیی سڵ نەکردووی
ناو هۆڵ و ناو ژوور
سەرسام مەبە!
مەلی نامۆی ئەم دەموچاوە
باڵی ئەویش
وەک وڵاتم
توند توند بەستراوە.
با لاملیش لە شەپۆلی
گەردنت هەڵسوێ
بەڵام چی بکەم
خەم گرتوێتی و
بزە نایگرێ،
من ئەزانم تۆ و بۆدابست
لە دانووبەوە
زۆر پەنجەرەی
شیعری جوانتان
بۆ من کردەوە
لەبەر تاوی بارانتانا
درەختی بەژنم
بەو چەند ڕۆژە
گەڵای تازەی
وشەی بۆ گرتم.
ئەی پاساری!
جریوەی تۆ! زمانی ئەوین
کوێرەکانی بەهرەی وشکی
خستمە هەڵقوڵین
بەڵام جوانێ کچی دانووب
ڕێگەی سبەینێ
ئەمباتەوە بۆ وڵاتی
خەم تیا نشینێ
ئەمباتەوە بۆ ئەو شوێنەی
گوڵ تیا ئەکوژرێ
کچ لە نسێی هەژاریدا
سیس ئەبێ، ئەمرێ.
ئەڕۆمەوە و یادگارتان
ئەکەم بە سەرین
بۆ شەوانی
تەنیاییم و
دنیای خەو بینین.