دۆزەخ

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1029 مشاهده
ئەو دۆزەخەی خۆشەویستیت
بۆ ئەم دڵەی داخستووە
تیایدا ئەژیم و گشت ساتێ سووتاندنم
لە ئاوێنەی بڵێسەدا
عەشقێکە: باڵی نوور ئەگرێ و
خوا دێنێتە پێش چاوانی
ژیانەوەی دوای مردنم!
دۆزەخەکەت دەرگایەکی
لەسەر ئەم ڕۆحە ڕەوەندەم کردۆتەوە
بەهەشت لەوێوە دەستی سەوز درێژ ئەکا و
ئەمفڕێنێ و
ئەمباتە ناو هەڵهاتنی سۆزی تۆوە.
«کە سۆزی تۆ ئەمگرێنێ
هەردوو گلێنەم هەتاویان
تێ ئەکەوێ و توانەوەی من لەناو تۆدا
ئەبێ بە گوڵخەندەرانێ و پێئەکەنێ»
ئاخ! لەبەر چی من بەبێ ئەو
هەڵقرچان و سووتاندنەی
لە یەک کاتدا
ئەموەرێنێ و ئەمڕوێنێ!
تاوێک چییە هەڵناکەم و قەت ناتوانم
ئارام بکەم بە سەرینی
ئا ئەم سەرە گێژەنەی خۆم!
ئەی دۆزەخی خۆشەویستیم!
واز لەم ئازارە مەهێنە
ئەو وەرزەی تۆی تیا نەبینم
خوایش نابینم!
شیعری بێ خوا
لەو چەمە مردووانە ئەچن
کە ئاو ڕوویان تێ ناکات و
هەرگیز هەور بە سەریاندا ناگرمێنێ!
ئەی دۆزەخی ژیانەوەم!
واز لەم سەرەی من مەهێنە!
هەڵیگرە و هەموو شەوێ
فڕێی دەرە ناو خۆتەوە
لەناو تۆدا پێغەمبەرە شاعیرەکان
ئەڵقەی نەمریی بە دەوری
فریشتە گیان سپییەکاندا ئەبەستن و
فێرم ئەکەن چۆن لە کوانووی
یەک وشەدا
دەیان «مانا» داگیرسێنم!
ڕامکێشە ناو لرفەی کڵپەی ئەوانەوە
تا بسووتێم ڕووناکترم
هەتا ئازار تێم بئاڵێ
عاشقێکی گەورەترم.