پەپوولە

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 1 دقیقه  829 مشاهده
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟
وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟
پەپوولەی باڵ هەڵوەریو!
بە تیشکی گڕ داڕزیو
باڵداری جوان و ڕەنگین
ئێسک سووک و باڵ نەخشین
بەڕۆژ لەم گوڵ بۆ ئەوگوڵ
لەم چڵەوە بۆ ئەو چڵ
ئەفڕی و ئەنیشیتەوە
بۆنی خۆش ئەچنیتەوە
هەر تاریکیت لێ دەرکەوت
چاوت بەشوعلە و گڕ کەوت
باڵت هەڵئەپرووزێنی
جەرگت هەڵئەقرچێنی
باڵداری باڵ ڕەنگاوڕەنگ
دەم پڕ هاواری بێ دەنگ
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟
وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟
شەبەق ئەدا بەیانی
لە گوێ جۆگە و سەرکانی
ئەگەڕێی تا ئەتوانی
هیچ ماندووێتی نازانی
کام جێگا خۆش و بەرزە
کام لق ناسکە، سەوزە
لە دوورەوە بۆی ئەفڕی
جێگای خۆتی لێ ئەگری
بەڕۆژ جێت ناو گوڵانە
بەشەو ئەبییە پەروانە
لە کوێ بەشوعلەت زانی
خۆت ئەکەی بەقوربانی
پەپوولەی ناسک و نازدار
عاشقی دڵ بریندار
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟
وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟