پەپوولە
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
1 خولەک
1437 بینین
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟
وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟
پەپوولەی باڵ هەڵوەریو!
بە تیشکی گڕ داڕزیو
باڵداری جوان و ڕەنگین
ئێسک سووک و باڵ نەخشین
بە ڕۆژ لەم گوڵ بۆ ئەو گوڵ
لەم چڵەوە بۆ ئەو چڵ
ئەفڕی و ئەنیشیتەوە
بۆنی خۆش ئەچنیتەوە
هەر تاریکیت لێ دەرکەوت
چاوت بە شوعلە و گڕ کەوت
باڵت هەڵئەپرووزێنی
جەرگت هەڵئەقرچێنی
باڵداری باڵ ڕەنگاوڕەنگ
دەم پڕ هاواری بێ دەنگ
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟
وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟
شەبەق ئەدا بەیانی
لە گوێ جۆگە و سەرکانی
ئەگەڕێی تا ئەتوانی
هیچ ماندووێتی نازانی
کام جێگا خۆش و بەرزە
کام لق ناسکە، سەوزە
لە دوورەوە بۆی ئەفڕی
جێگای خۆتی لێ ئەگری
بە ڕۆژ جێت ناو گوڵانە
بە شەو ئەبییە پەروانە
لە کوێ بە شوعلەت زانی
خۆت ئەکەی بە قوربانی
پەپوولەی ناسک و نازدار
عاشقی دڵ بریندار
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟
وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟