گەرمیان و داڕژانی ڕۆح

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 10 دقیقه  744 مشاهده

ئەم پێدەشتە بەگڕەیە و ئەم ژیلەمۆی خۆڵە،

پێستی کام قەسیدەی سووتاو و کام مێژووی هەڵقرچاوە؟!

ئەم بەراییی گەرمێنە چ کڵپەیەکی تیا زاوە و

چ گێژەڵووکەیەک بە دەمی وەیشوومە و تەندوورەکانی خۆی،

خوێنی ڕەشتاڵەی قوربانییەکانی تیا نووسیوەتەوە؟!

من و گەرمێن و ئێوە

سیانەی هەموو ئەو شیعرانەین

کە بەردەوام لە داوێنی بە زریکەی ئەنفالەوە

لەگەڵ وردە برووسکەدا ئەکەونە خوارەوە!

ئێرە نیشتمانی ئەو مەرگە بووە کە بۆ خۆی کاروانە

خەون و یادگاریی هەزاران هەزاری جێهێشت و بۆ

جیهانێکی بێ دڵیش چەمۆڵەیەکی بەردینی نەفرەتین!.

لێرەوە دۆزەخ کەوتە ڕێ و

لێرەدا ژیان لە خاچ درا و

لێرەوە خوێن لە وشە چۆڕایەوە و

لێرەوە پەپوولە قرمزییەکان لە ڕیشی پڕ لە هەتاوی

مەولەویشخص تاوەگۆزی و لە هەنیەی کوژراوی خۆرنشیناسای «عەنبەر خاتوونشخص» ئاڵان!

شیعری من و گەرمێن

لە قیژە و ئەشکەوت و

لە دووکەڵ و گوندی کاولکراو ئەچن.

من شاعیری دەڤەری قوربانییەکانم و

بە هەناسەی ئەوان شیعر ئەنووسمەوە و

بە دوا سەرنجی پەرتی ئەوانیش گژوگیای

ئەم پێدەشتە ئەخوێنمەوە!.

من شیعرم، لەم دۆزەخە دانەبڕیوە.

وشەشم، لە جەستەی زارۆڵەکانی جوێ نەکردۆتەوە.

قەڵەمیشم بەردەوام دەروێشە مۆمێکی پرچ هەڵگیرساو بووە و

لە شانۆی ئەم پەنگرەدا سەمای کردووە.

بۆیە ڕوانینەکانم دەمێک ئەبن بە ئاسکی بەرکاوی

ئێوارانی و بە تەمومژی شیتاڵشیتاڵی ڕەنگ و بۆی

گوێ ئاوی و بە سەدای قەتاری هەڵپڕوزاوی

گەرمیان!

ئەی ئەو زامەی کە هەرگیز ساڕێژ نابێتەوە!

ئەی ئەو تاوسە ڕەشپۆشەی کە تێلەکانی خۆت

لە بەرینترین گوڵدانی بە سوتماک کراوی چاوماندا دائەنێی.

ئەو وەختەی تۆ بوومەلەرزە بووی،

دەڤەرەکانی دیکەم خەونیان بە بوومەلەرزەوە ئەبینی

ئەو دەمەی تۆ سروودی ئاگردان و

پریشکی خوێن و دڵداری سەنگەرە خۆڵینەکان بووی

نە کوێستان فێری شمشاڵ لێدانی تاڤگە و

نە بەردیش فێری زمانی زریان بووبوو.

تۆ لە ڕاوەدونانی مردند، سەردەقشکێنی ترس بووی.

لە زەماوەندی قوربانییەکاندا، تۆ یەکەمین شاییت کرد و

لە لێدانی دەرگای هەتاویشدا تۆ یەکەمین دەست و

لە تەختاییی کارەساتیشدا

تۆ درێژترین شەمەندەفەری کۆستهەڵگری ئێمە بووی.

هیچ پەردە و شوورە و شاخێ برینەکانت ناشارێتەوە

تۆ وەک حەقیقەت ڕووتوقوتی و

هەموو ئەندامێکی جەستەی پەیڤ و هاوار و ڕازێکت

چون سروشت و چون خودا و چون ئەنفالەکان

وان بەدەرەوە!

ناڵەی ئاسۆت و پووکەپووکی پەلکەگیات

لاواندنەوەی خاکوخۆڵت، لە شیعری تەنگەبەری مندا

جێگەیان نابێتەوە.

باڵای ئاگرەکانت و بەژنی گریانەکانت و

توولانیی شەونامەی چیرۆکە جوانەمەرگەکانت

سەد قات بەسەر شیعرە کورتەباڵاکانی مندا ئەشکێنەوە!

من هەموو جارێ لە کڵاوڕۆژنەی برینێکی «حەمەڕەش»ەوە

کڵافەیەک شیعر و

لە تراویلکەی چاوە تینوەکانی «مەلا ئەحمەد»ەوە

کانییەک ورە و

لە بۆنی گڵی «باوەشاسوار»یشەوە

مشتێ لە بۆن و بەرامەی ئازادی وەرئەگرم و

تێکەڵی یەکیان ئەکەم و دواتر تانجیکە ئەنفالێکیان

لێ دروست ئەکەم و ئەیکەمە سەرت.

ئەی خودایە! زمانی گیراوم بەردە و ئەو زمانە

نوێیەم پێ ببەخشە کە بە لووزە و چون بانگی خۆت،

چون لرفەی نوور، چون داڕژانی پرشنگ

بڕژێتە دیوانمەوە، هەر بۆ ئەوەی

قەرزێکی بچووکی ئەنفال بدەمەوە!.

ئەی خودایە! منیش ڕۆژانە جێنیشتەی ئەشکەوتەکەی

«داری خلە»م و شاعیرم و سوورەتی شیعرێکی وەک

گەرمیانی نەمرم بۆ بنێرە خوارەوە!

من چی لە زمانێ بکەم، نەگاتە ئەژنۆی منداڵێکی ئەنفال.

من چی لە شیعرێ بکەم، دەستی نەگاتە پرچی کیژێکی ئەنفال.

من چی لە قەڵەمێ بکەم، هەناسە سوار و هەرگیز نەگاتە

سێبەری سەر و ملی سیامەندێکی دوای ئەنفال.

ئەوەتا بە پەنجەی زارۆکێکی ئەنفال

ئەستوورترین شیعرم ئەنوشتێتەوە.

بە سەرنجی ژنێکی دووگیانەی ئەنفال

کێوی پەخشانێکم ئەتوێتەوە.

بە هەناسەی کچێکی ناو چنگی ئەنفال

پووشووم و ئەچم بە ئاسماندا و ئەگەمە لات، خودایە!

گەرمیان! ئەو ساتەی دێمە ناو گرژەباتەوە و

سەر ئەنێم بە جەخارتەوە، بە گێژەڵووکەی زریکەتەوە

من ئیتر ئەبمە دەفی دەست هەورێکی نزمی سەر

«کفری»ت و ئەڵڵاوەیسیم لێ ئەچۆڕێتەوە. ئەو دەمەی

بەلای پەڵە خەمێکتا تێئەپەڕم و گردۆڵکەیەکی ئەسمەرت

بە سەر سڵاوێکم لێ ئەکا، من ئیتر لەجێی خۆی

ئەبمە بێشکەیەکی جێماوی ئەنفال، ئەو وەختەی

بەراییی خۆرنشینت لە ئێوارە بێدەنگەکاندا بە ڕەنگێکی

ئەرخەوانیی کاڵ سەرتاپام ئەکا بە گوڵ هەنار، من ئیتر

ئەبم بە پەپوولەیەکی ئاڵی متی باڵ جووتکردووی سەر

پێڵووی عاشقێکی ئەنفال!.

دەور ئەکاتەوە ئەسپە ڕەشی شیعرم و

چەپۆکانێتی شەپۆلی ئاڤزینی سیروان!

مەرگ تۆزی لێ هەڵئەسێ و بەرەو خوارە کاروانسەرای

چرا گریاوەکانی ئەنفال!.

لە وێستگە تەماوییەکانی دوورە وڵاتیشدا

کە بلووری گیانم بە یادەکانت هەڵماوی ئەبوو

تۆم لەسەر ئەنووسی، گەرمیان!

لەبەردەم پەیکەری بڕۆنزیی «پۆشکین» و لەپاڵ

باڵا خوێناوییەکەی «لۆرکاشخص»دا و لە پەناگوێی نیرۆداوە

سەرگوزشتە و هەناسەکانی تۆم ئەگێڕایەوە، گەرمیان!

لە «ستۆکهۆڵممکان»ڕەشەڕێحانەی شیعرم بوویت و

داومی لە قژی دوورگەکان.

لە پاریسمکاندا هەناسەکانی تۆم پێشکەشی «ئیلوار» کرد و

لە بەرلینمکاندا ئاخەکانی تۆم بە «گۆتەشخص» هەڵکێشا و

لە مۆسکۆمکان چیرۆکی سووتانی تۆم بۆ «چیخۆفشخص» گێڕایەوە و

لە کەناری ئۆقیانووسی ئارام کردمیت بە شەپۆلی نارنجی و

لە لەندەنمکانیش دامیتە دەست مانگەشەوێکی «بایرۆن» و

لەسەر پەڕەی گوڵە ڕەشەکانی «بۆدلێرشخص» نووسیمیتەوە

لەسەر تریفە و لەسەر دانووب و

لەسەر گۆرانی و کۆچ و لەسەر باڵی فڕۆکەکان

ناوەکەتم هەڵکەند و

لە دواییشدا بۆ دۆزەخەکەی ڕامبۆ

دۆزەخەکەی تۆم گێڕایەوە و دۆزەخ گریا و

ڕامبۆ گریا و شیعریش گریا!. گەرمیان!

لە تەم توومانی کۆچەوە بۆ تەم توومانی کۆچێکی تر و

لەم هەورەوە بۆ ئەو هەور، وا جارێکی دیش

بەسەر خۆڵەمێشتا داڕژامەوە، گەرمیان!.

بەڵام تۆ هەر زایەڵەی بە نووکەنووکی گڵ نەبووی.

تۆ هەر لاواندنەوەی گوڵەهێرۆ و کڕووزانەوەی بنچک و

گریانی گژوگیا و هۆنهۆن فرمێسکی ڕەشماڵ و مامزێکی

عەمبار و هەڵبەستێکی نائومێد و پاییزێکی ئەژنۆشکاو نەبووی.

تۆ هەر تابووتی درێژی خۆرەتاو و، باڵندەیەکی دۆشداماوی

بێدەنگ نەبووی، تۆ هەر دەشتی پرسە و

مانگەشەوی وردوخاش و

شۆڕەبییەکی بێوەژنی تەنیا نەبووی

تۆ هەستانەوەی هەرەس و هەڵسانەوەی بەردی ئەلحەد و

ڕواندنەوەی وەرین و گەشانەوەی هەڵقرچاو بووی.

تۆ هاتنەوەی «شەمشخص» و گەڕانەوەی

«سالمشخص» و خوڵقاندنەوەی «پەریخانشخص» بووی

دەشتی خوێنە ئازاکان و گوڵە ڕەوەندەکان و

مامزی باڵگرتووی ئەفسانە و داستان بووی.

دەور ئەکاتەوە، ئەسپە ڕەشی شیعرم و

سمکۆڵان ئەکا، بەردی یاخیم و

شەوی خوێنم لەم مەڵبەندەدا بۆتە چراخان!.

من هەموو قومە شیعرێکت بە لێوی سەرابی ئەنفال

پیرۆز ئەکەم و هەموو دەنکە گەنمێکی سەمەلی گەردنت

بە بارانی ڕووناکیی جەستەم پیرۆز ئەکەم و ئەتکەمەوە

بە خەونی دارسنەوبەرێکی تەمەن چواردەساڵ!.

من چی ئەزانم جگە لە ئەوینی تۆ و

من چی ئەزانم جگە لە باهۆزی تۆ و

من چی ئەزانم جگە لەوەی شیعر بکەم

بە جوانووی مەراقی بەر دەواری تۆ!

دەڤەرێک لە قیژە و

ڕووبارێک لە شیوەن و

پێدەشتێ لە فرمێسک و

وێرانەیەک لە کازیوەی کوژراو!.

دێمەوە لات!

ئەم هەوا خنکاوەت هەڵئەمژمەوە، تا لە زارمەوە

تاڵەقژ و ئاوێنە و شانە و موتومووروو ڕۆ کەمەوە سەر

پەڕە کاغەزی لە چاوەڕوانیدا سپیی هەڵگەڕاو!.

باوەشت بگرەرەوە

بۆ گوڵە خەونی هەڵپچوڕکاو و بەرامەی سووتاو.

باوەشت بگرەرەوە، بۆ ڕستە پەپوولەی حەرفەکانم و

باوەشت بگرەرەوە، بۆ کێژەنی سەرم و

بۆ هەڵوەدای شپرزەییی پەرتپەرتی چاوم و

باوەشت بکەرەوە!.

بۆ تێکاڵانی دوو جەستەی گوناهـ و نوێژی

لە یەکدی دابڕاو!.

دێمەوە لات، بێزاریم بڕیوە و تەنیاییم

تەی کردوە و نامۆییم داوە بە کۆڵما و

دێمەوە لات، مشتێک لە قوڕت و مشتێک

لە هەناسەت و مشتێک لە قسەت، چەردەیەک

لە کۆست و چنگێ لە شەوت و چەپکێک لە دەنگت و

شارایەک لە کسپەت

جەستەمن، بۆ ئێستا و

پلیکەن بۆ لای خوا و

لە شیعری فڕیوما، سەرنجی ئاوێتەن!

وشەی تازە لەم عەردەدا ئەدۆزمەوە.

وشەی تازە پەڕیونەتە ژێر ئازار و

ژێر ئەنفال و ناو چاڵەکانی مەرگەوە

زەینی تازە، ڕوانینی نوێ، چاوی سبەی، لەم عەردەدا ئەدۆزمەوە.

ئەو تەمانە لەبەر ئەکەم.

ئەو ئاسۆیە ئەپشکنم.

ئەو ڕەژووە هەڵئەگرم و

ئەو مەراقە ڕەشتاڵانە

ڕووناک ڕووناک ئەکەمەوە.

من شیعری نوێ لەم دەشتەدا ئەدۆزمەوە:

لە گیرفانی درەختێکدا، لە بەرۆکی ئاگرێکدا،

لە شوێنەواری ئاخێکدا، لە کڵاوی بەجێماوی منداڵێکدا،

لە لانکۆڵەی زەردەخەنەی گڵمتکێکدا

لە دەسماڵی سەر پەیکوڵ و تووتڕکێکدا

من شیعری نوێ لەم مەرگەدا ئەدۆزمەوە

لەم وەیشوومە چڕانەدا، ئەتدۆزمەوە ئەی عەشقی نوێ!

تۆ پڕشنگت لێ ئەڕژێ و

ئێستە تەڕم بە خۆری تۆ.

تۆ هاڵاوی دابڕانت لێ هەڵئەسێ و

من کەناری خۆرنشینم و توێژاڵ توێژاڵ

زەردەی ماڵاواییی دوایی و

هەڵەبجەیەک بە هەناسەی نالییەوە

لێم ئەنیشێ.

ئەم پێدەشتی هەناسانە ڕووتەن نین و

ژانەکانی ئەم سەحرایە قەت چۆڵ نابن!

هەموو دارستانەکانی عەشقی ئێمە و

هەموو بێشەکانی گریەی ئێمە و

چڕستانی باڵای شەو و باڵای ژن و

قریشکەکان لەم شوێنەدا چڕ بوونەوە.

هەر لێرەیشدا خاچەکانمان سکوزای خۆیان ئەکەن و

لەم ئاستەدا خوێنەکان

چراکانی خۆیان هەڵئەکەن و

لەم ئاستەدا مردووەکانمان ڕیز ئەبەستن و

کۆستەکانمان گەمە ئەکەن و ژاوەیان دێ.

ئەم پێدەشتی هەناسانە ڕووتەن نین و

ژانەکانی ئەم سەحرایە قەت چۆڵ نابن.

شەقامی گوڵەستێرەی شیعرەکان بێرەدا ڕەت ئەبن.

کۆشکە بلوورینەکانی مۆسیقا لێرەوە بەرز ئەبنەوە.

مۆزەخانەکانی سەربازی ون، ژنی ون، منداڵیی ون،

عاشقی ون و پێغەمبەری ون لەم دەشتەدایە.

شاری گەورە ئەم زامەیە.

گەورەترین پارکی گوڵە کۆچەرییەکان هەر لێرەیە.

دەنگەدەنگی سینە و مەمک و نووزەنووزی پەنجەکان و

قیژەقیژی پرچەکان و هەراوزەنای ڕۆژی حەشر لەم دەشتە بوو.

لەم دەشتەدا خواوەند گریا و

لەم دەشتەدا مێژوو سەروملی لێ بەجێما و

لەم دەشتەدا بۆ یەکەم جار لە حەژمەتا زەمان وەستا و

هەر لێرەدا ئاسمان بەرەو خوار دابەزی و

پووشووی هاوار هەمووی سووتا.

ئەم پێدەشتی هەناسانە ڕووتەن نین و

ژانەکانی ئەم سەحرایە قەت چۆڵ نابن.

گوێیەک بنێ بەم خۆڵەوە، چی نابیسی؟

چاوێ بنێ بەم شەوەوە، چی نابینی؟

ئەم پێدەشتە بەگڕەیە و ئەم ژیلەمۆی خۆڵستانە

ئەم بەرایی خەمستانە، چ کڵپەیەکی تیا زاوە؟!

داڕژانی مەرگە و داڕژانی شیعر و داڕژانی ڕۆح!