مەرگی «بۆتان»

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  671 مشاهده

مەرج نییە یەک بە یەک هەموو دارسنەوبەرێ بناسی و

مەرج نییە یەک بە یەک هەموو کانییەک بناسی و

مەرجیش نییە یەک بە یەک هەموو گوڵەگەنمێ ماچ بکەیت

تا ئەوسا خۆشەویستیان

لە سپێنەی چاوتا بنووسیتەوە.

دارسنەوبەر لە هەر باخێکی دووریشدا ڕوابێ و

لەهەر شوێنێکیشدا باوەشی بە ساماڵدا کردبێ

بۆ هەمووانە و، بۆ ژیانە و بۆ منیشە با نەمدیبێ!.

با کانییەک من دەمم پێوە نەنابێ

بەڵام خۆ هەر دەمی من تاقە دەم نییە و

ئەم تینوێتی هەر کەسێکی شکاندبێ، شیعر بۆم ئەگێڕێتەوە

ئەوسا منیش خۆشم ئەوێ، ئەگەر من نەشمناسیبێ

ئەوسا منیش بڕوا ئەکەم

بەو درەختانەی لە نزیکەوە ئەویان دیوە

بڕوا ئەکەم بەو باڵندانەی لە نزیکەوە دارسنەوبەریان ناسیوە

ئەوسا منیش خۆشم ئەوێ.

نە و مەرج نییە هەرگیز و قەت بەم چاوانە

یەک بە یەک هەرچی عاشقی دەرسیممکان و گۆمی وانمکانە بیانبینم

بەڵام خۆ ئەزانم دەرسیم چییە و گۆمی وانیش مانای چییە و

ئیتر دڵدارانیشیم خۆش ئەوێ.

من پەپوولەکانی دەڤەری دیاربەکرمکانم قەت نەدیوە

بەڵام زۆریشم خۆش ئەوێن،

چونکە گوڵەکانی دیاربەکر خۆشیان ئەوێن

من هیچ کەنیسەیەکی دەڤەری قامیشلیمکانم نەدیوە

هیچ کامێکیان ناناسم و تەوقەیشم لەگەڵ هیچ شەماڵێکی

دەڤەری کوێستانەکانی هەکاردا نەکردووە و

لەگەڵ هیچ کام لە مامز و گوڵەستێرەکانی

ناوچەی مەهاباتمکانیشدا دانەنیشتووم

بەڵام هەموویانم خۆش ئەوێ، چونکە:

قامیشلی خۆشی ئەوێن، قامیشلی دڵی منە.

چونکە هەکار خۆشی ئەوێن، هەکار دەنگی منە.

چونکە مەهابات خۆشی ئەوێن، مەهابات ئاوێنەی منە.

من «بۆتانمکان»، ئەم مانگەشەوە جوانەمەرگەم نەناسیوە

نە لەگەڵ تریفەیدا دانیشتووم و نە گوێم لە پەیڤی خەرمانەکانی

دەنگی بووە و نە تەوقەم لەگەڵ هەورەکانی نێو سەریدا کردووە و

نە بەسەر ڕێگاکانی یاساییشدا قۆڵمان کردووە بە قۆڵی یەکتردا و

نە بە یەکیشەوە گوێمان لە بڕیارەکانی دادگای هەق گرتووە.

بەڵام خۆشیشم ئەوێ، بەڵام بۆیشی گریام

بەڵام گوڵەوەنەوشەیەکیشم لەسەر مەزارەکەی دانا

چونکە شاخی گۆیژەمکان خۆشی ئەویست، ئاخر گۆیژە باوکی منە.

چونکە ڕاستی خۆشی ئەویست، باخچە خۆشی ئەویست،

چونکە شارەکەم خۆشی ئەویست، داد خۆشی ئەویست

ئەی ڕاستی و باخچە و شار و داد پەنجەرە نین بۆ شیعری من؟!

من بۆ ئەم کتێبە جوانەمەرگە گریام

چونکە شیعری قوباد و غەمباری هاوڕێم

لە نزیکەوە ئەیانناسی و خۆشیان ئەویست و بۆی گریان.

چونکە ئێوە، ئێوە هەمووتان

خۆتان لە ئەوینی ئەو هەڵکێشا و ئینجا هاتوون

بۆ ئەم گۆڕە نیگا تەڕە.

چونکە چاوی ئێوە چاوی منە و

منیش بڕوا بە فرمێسکتان ئەکەم.

لەدواییشدا چونکە من شاعیرم و

بۆ هەموو ئەستێرەیەکی جوانەمەرگ و

بۆ هەموو تاڤگەیەکی جوانەمەرگ و

بۆ هەموو پەپوولەیەکی جوانەمەرگ و، بۆ «بۆتان»

ناکرێ نەگریم!

ناکرێ شاعیر لەناو دڵی خەمە جوانەکاندا نەبێ.

ناکرێ شاعیر لەهەر شوێنێ

فرمێسکێکی سنەوبەر و ژاڵەی لێ بێ

لەوێ نەبێ.