سەمای ئاگر و سروودی گوڵەکان

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 5 دقیقه  812 مشاهده

ئێوارە، جوانەکان زۆرن، ئێوارە سەوزەکان زۆرن.

ئێوارە پیرۆزەکانیش زۆرن.

بەڵام جوانترینیان و سەوزترینیان و پیرۆزترینیان،

تاقانە ئێوارەکەی نەورۆزە.

ئەو ئێوارەیەی لە کڵپەی زێڕین، تاجێکی شکۆدار ئەکاتە سەری و

لە پڕیشکەکانی بڵێسەیش ملوانکەیەکی نارنجی

بە ورشەدار ئەکاتە گەردنی و

لەلوتکەی مێژوویشمانەوە پیرۆزترین گوڵی ڕووناکیمان

لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەهێنێ.

بۆ ئەوەی نەورۆز بژی

چەندین بەهارمان بۆ کرد بەقوربانی.

لە لرفەلرفی ئاگرەکەی نەورۆزدا، زیندووبوونەوەی شەهیدانمان

بە چاوی خۆمان بینیەوە و لە کەسکیی ئەویشدا

ژیانەوەی جەستەی ئەم خاکە و

بەردەوامبوونی ژیان و زاوزێی سروشت و کردگار.

ئەم جەژنەمان، جەژنی چرابووە،

لە دیرۆکە چاوچاو نەبینەکانی ئەم وڵاتەدا.

ئەم جەژنە جەژنی ئاو بووە لە تینوێتی هیوادا و

جەژنی ئەوینیش بووە ڕاپەڕین لە بەردەم تیغەکانی سەر گەردنی

ئەم کوردەدا.

نەورۆز درەختی پرشنگ و درەختی ئاگری ئێمە بووە.

ڕەگی ئەم بەقوڵایی خوێنماندا ڕۆچووە.

گەڵا و لق و پۆپی ئەم لە بەژنی گۆرانیەکانمان ئاڵاوە و

لە نەورۆزدا یەکەم پێناسەی نەتەوەیی خۆمان دۆزیەوە.

داستانی نەورۆز بۆ منداڵەکانتان بگێڕنەوە!

بۆ ئەوەی لە باخچەکانی ئەم ئاگرەدا لە گوڵی کوردایەتی بچنن و

یەک لە دوای یەک بیدەن لە بەرۆکی خۆیان

بۆ ئەوەی بۆنی ئازایەتی بکەن و بۆئەوەی چاویان

لەهاواری ئەرخەوانیی «کاوەشخص»دا بپشکوێ و

گوێشیان بە کۆنترین سروودی ئەم دار و بەردە بکرێتەوە و

بۆ ئەوەی ببنە عاشقی ئەم هەموو ئازارە زەرد و سوورانە و

ببنە دڵداری ئەم هەموو ڕەوەزی زریکانە و

ببنە پەپوولەی وتەی جوان.

لە نەورۆزدا گوڵ و خۆشەویستی و ئاگر

سێگۆشەی بیرەوەریمانە

گوڵ بۆ زارۆکەکان و

خۆشەویستی بۆ کوردستان و

ئاگریش بۆ دڕدان بە ترس و بیم و

بۆ مزگێنی سەر ترۆپکی بەلرفەی ئازادیمان.

لە نەورۆزدا سروودێک ئەبێ بە هەڵۆی لە بەفر سپیتر و

باڵ ئەگرێ و ئەچێتە ناو گیانی ملیۆنانەوە.

سروودێک ئەبێ بە تەواری لە یاقووت سوورتر و

ئەچێتە ناو هزری ملیۆنانەوە.

ئەم سروودە باڵگرتووە تخووبەکان ئەسڕێتەوە و

ئەبێ بە گەرووی هەموومان.

ئەو سروودەی لەیەک کاتدا گۆیژەمکان ئەباتە لای دیاربەکرمکان و

هەولێرمکان ئەباتە ناو وانمکانەوە و زرێبارمکانیش ئەباتە لای

چاوەکانی خانەقینمکان.

لەم ڕۆژەدا.. لە بنجەوە ژیان نوێ ئەکەینەوە

ئەیکەین بە قەسیدەیەکی ئاڵ و واڵای بزۆز و

ئەیبەینە بەردەمی باڵا ئاوێنەکەی ڕۆحی نیشتمان.

لەم یادەدا.. سڵاو ئەکەین بە چەپک، سڵاو ئەکەین

بە تیرێژ و، سڵاو ئەکەین

بە قەڵبەزە و تاڤگە و بە گوڵەهێرۆ و

ئەیاننێرین بۆ ئەو پێشەنگانەی کە لە سەرەتای ڕێگای وشەدا و

لە سەرەتای هەڵکردنی ئازاری داگیرساوماندا

خۆیان کرد بە سەکۆی ئەم جەژنە.

خۆیان کرد بە ئەسپی یاڵ گڕداری ئەم پەیامە و

خۆیان کرد بە ڕێچکەی یەک لە دوای یەکی وشەی هەڵگیرساو.

سڵاوی نەمری.. سڵاوی «با» و سڵاوی ئاو

سڵاوی گیا.. لە پیری قەلەندەر و

لە گیانی ساماڵ ئاسای «پیرەمێردشخص»

سڵاوی سەیوان و کارێزەکەی وەستا شەریف

لەو پیاوەی بۆ یەکەم جار پەلی نەورۆزی گرت و

لە ماڵ هێنایە دەرەوە و بردیە سەر گردەکەی یارە.

لەو پیاوەی جوانترین سروودی بە باڵای ئەم جەژنەمان بڕی و

لە شەبەقی زامەکانمانەوە پرشنگی یادکردنەوەی خواست و

بیرەوەریمانی بەم ڕۆژە پاراو کرد. سڵاوی نەمری لەو دەستە

پیرۆزانەی ئاگری ئەم جەژنەی بۆ کردین بە دەرگا و پەنجەرەی

بیر و هۆشمان و ڕووناکی کردینەوە.

ئێمە ئەم ئاگرەمان لە ڕۆحدا کردۆتەوە.. بۆیە ناکوژێتەوە.

ئێمە ئەم جەژنەمان تێکەڵی خوێنمان کردووە.. بۆیە بیر ناچێتەوە.

ئێمە نەورۆزمان لە گلێنەی چاودا هەڵگرتووە.. بۆیە دوا ڕۆژ ئەبینین.

ئەی گەورەترین ئاگر بەخێرهاتیتەوە.

ئەی مەزنترین ئەوین بەخێرهاتیتەوە.

لە تۆدا مێژوویەک ئەبریسکێتەوە و

لە تۆدا قوڵە قوڵ ژیان هەڵئەقوڵێ و مردن ئەمرێ و

لە تۆدا کۆتەرەی لەشمان سەرلەنوێ ئەڕوێتەوە.

مەزنیی تۆ لە یەکگرتنی هەموو پەنجەکانتایە.

وەختی هاتنی تۆ

وەختی پێکەنینی هەموو سیماکانە.

وەختی تریقانەوەی هەموو ڕەنگەکانە.

وەختی هەڵپەڕکێی هەموو گوڵەکانە.

هەر لە هاتنی تۆیشدا بوو بۆ یەکەم جار کەرکووکمکان و گڕی تۆ

کەرکووک و خۆشەویستیی تۆ.. کەرکووک و بەژنی کەسکی تۆ

تا چەند ڕۆژێ بوون بە لاولاو و پەنجەرە و

ئاوێزانی ئازادیت بوون.

لە هەر دڵێکدا نێرگزێ بڕوێ تۆ لەوێی.

لەهەر چاوێکدا تیشکێ هەڵفڕێ تۆ لەوێی. تۆ نەورۆزی

بە قژی سەربەستی ژنانەوە پەڕەی هەڵاڵە و ئەوینی

لەسەر لێوی ساواکانمان.. باڵەکانی پەپوولەی.

لە گەرووی خوێندکار و.. لە قەڵەمی گوڵ بەدەمی نووسەرانیشدا

«شەبەقی ئەمڕۆژی ساڵی تازەیەی»

لەسەر مەزاری شەهیدان.. وەنەوشەی چاو تەڕی و

لەلای شاعیر وشەیەکی پیر نابیت و لای هونەرمەند

شانۆیەکی: گوڵاڵەیی.

تا سەمای کڵپە بمێنێ و سروودی ڕۆحمان بمێنێ و شەقام بژی

تۆیش ئەمێنی.

ئەی نەورۆزی تێکەڵ لە باران و هەتاو

تا ساڵێکی تر دێیتەوە، سنەوبەرین لەسەر ڕێتا و

دەس بەچرا ڕائەوەستین

ئەی سەوزە ژن! تا دێیتەوە گوڵدانی بەژنی هەموومان

چاو لە ڕێگەی چەپکی گڕتە... لە ئیستەوە

ئەی نەورۆزی تێکەڵ لە باران و هەتاو

چاوەڕێتین!.