بەیانیتان باش، ڕاپەڕینتان باش!

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 8 دقیقه  1207 مشاهده

بەیانییەکی تری ئەوینە و، ئەوین ئەژی.

بەیانییەکی تری زریوەی ئازادییە و، زریوەی ئازادی ئەژی.

ڕۆژێکی تری قافڵەی چرا و بەفرە و

چرا و بەفری جەستەم ئەژین.

یادێکی تری تەوار و هەڵۆکانی ڕاپەڕینە و

ڕاپەڕینیش وەکوو شەقام و ماڵان و ڕەنگەکانی

ناو بەهار و وەکوو دەنگی منداڵ ئەژی.

پەڕەکانی ڕۆژژمێرم، بە کەناری ئاونگاویی یاددا

بە لێواری خەونەکاندا

ئەگەڕێنەوە سەرچاوەی سەعاتەکان، ئەو سەعاتانەی

کە لە یەکەم بەیانیی ڕاچڵەکینی جەستەمدا، گەردوونێکیان لە

پرشنگدانەوە خوڵقاند و مەحاڵیان هێنایە زمان،

پەڕەکانی ڕۆژژمێرم

سەفەرێکی ئەفسووناویی بە ڕابوردووی خۆیاندا ئەکەن.

بە پلیکانەی ژمارەکانی خۆیاندا دائەبەزن، ئەچنەوە ئامێزی بەرد و

ئەگەڕێنەوە نێو دەروونی شەقام و ئەچنەوە

نێو ژووری زیندانە ڕووخاوەکان.

پەڕەکانی ڕۆژژمێرم یەک لەگەڵ یەکدا دەس ئەگرن و

ئەیکەن بە هەڵپەڕکێی چراخانی مۆم و برین.

بەخێربێیتەوە کازیوەی دەم بە گوڵ و

دەم بە مژدەی، ڕۆژی زیوین

ئەی بەیانیی پێکەنینی گوڵەگەنم و

ئەی بەیانیی فوارەی تیشک و

ئەی ساتەکانی دیداری

پڕ لە ئەوین.

ڕۆژژمێرەکەم بەلایتێکی دەستیی بچووکەوە ئەگەڕێتەوە

ئەگەڕێتەوە ئەوسای تاریکستان:

قوربانییەکان پەنگیان خواردبۆوە. ئەم وڵاتە دارەبازەیەکی درێژ بوو،

ئەم وڵاتە خەمێکی پان و بەرین بوو، قوربانییەکان

پەنگیان خواردبۆوە و،

هەموو شتێ خۆی لە ترسەوە پێچابوو. گوندەکان نوقومی عەدەم و

شارەکانیش لێوانلێو بوون لە مردن و لە سێدارە و

لە نەفرەتێکی دۆزەخین.

لە سەرانسەری نیشتمانی تاریکستاندا،

لە چەند پزیزکێ زیاتر کە لێرە و لەوێ و

لە پڕێکدا ئاماژەیەکیان بۆ نەهێنییەکان ئەکرد،

لەوە زیاتر هەموو ڕێکان ڕێی توانەوە و فەنابوون بوون.

قوربانییەکان پەنگیان خواردبۆوە،

هەموو ماڵێک سەری قوربانییەکی بە دەرگای

حەوشەی خۆیەوە کردبوو.

تۆڵە بەنداوێکی یەخسیر بوو. لە «تکریتمکان»ەوە ژەهر باڵی ئەگرت و

لە «تکریت»ەوە چارەنووسی ئاو و درەخت و ئاسمانی

ئێمە مۆر ئەکرا.

مافیای ڕژێمی شەڕ، مافیایەک لەو بەربەرییە تازانەی، کە سەری

هەموو گوڵێکیان ئەپەڕاند و هەموو جوانی و

بەهایەکی پیرۆزیان ئەدزی.

لە سیلەی هەموو ڕۆژێکدا، قەنارەیەکیان بۆ

هەتاوێکمان هەڵئەخست

لە سیلەی هەموو دێیەک و لە سیلەی هەموو

شارێکدا گۆڕهەڵکەنی زەردەخەنە و

هەموو درەختێکی ئێمە بوون، بەربەرییەکانی بەغدامکانی نوێ،

هاتبوونە قوڵاییی هەست و نەستمانەوە، هاتبوونە ناو پاروومانەوە،

هاتبوونە ناو پەرداخی ئاو و هاتبوونە ناو کالانەی چاومانەوە،

بەربەرییەکانی پەیامی نەمریی بەغدا،

چییان نەکرد؟! چی ئەژمێری؟!

سێدارە ئەژمێری؟!

گۆڕ ئەژمێری؟!

گوللەکانی سەرسنگ و دڵمان ئەژمێری؟!

ڕێچکەی تابووتەکانمان ئەژمێری؟!

گۆڕی بەکۆمەڵ ئەژمێری؟!

کاروانی ئەنفال ئەژمێری؟!

ئەستێرەی کوژراو ئەژمێری؟!

قوربانییەکان پەنگیان خواردبۆوە.

مێژوویەک بووبوو بە زێ و بە دەریاچە و

زێ و دەریاچەیش پەنگیان خواردبۆوە،

غەزای خەلیفە ئەمەوی و غەزای جەستەم بەردەوام بوو.

غەزای قڕکردن و بڕانەوەم لە ناوچەوانم نووسرابوو.

غەزای خەلیفەی ئەمەویی سەردەم بەردەوام بوو.

غەزای بەعس بوو، غەزای بەعس.

قوربانییەکان پەنگیان خواردبۆوە.

هەموو شتێ وێرانە بوو، وێرانەی ژیان بوو.

پەڕەکانی ڕۆژژمێرم، چوونەوە بۆ لای چراکان.

بەڵام هەر لەو تاریکستان و مەرگستان و خەمستانەدا

لە دەراڵی پیرەمەگروونمکان، لە ئەشکەوتی خلەی گەرمیان و

لە توونەکانی توونی بابا و لە پێدەشتی قەرەچوغ و

لە ماهییەکانی باڵەکدا، هەر لەو دەمەدا و لە قوڕگی

نەهەنگەکەی بەعسدا

ئەو پیاوانە هەبوون کە چۆکیان بە ترس و

بە دۆشدامان و بە مەرگ دائەدا

دەستەیەک، دوو دەستە، سێ دەستە

گوڵەستێرەی ئاوات هەبوون

ڕیزێک چراوگ و ڕیزێک مەشخەڵ بوون

وێرانەیان چۆڵ نەکردبوو

ئومێدیان چۆڵ نەکردبوو

دڵی سروشت و دڵی دایکان و

دڵی شارانیان چۆڵ نەکردبوو

قوربانییەکانیان جێنەهێشتبوو، نالیشخص و مەولەویشخصیان جێنەهێشتبوو.

مابوونەوە و لە کونە چاوی مەترسیدا ئەژیان

مابوونەوە و لە سییەکانی نەهەنگ خۆیدا ئەژیان

بەنێو کەڵبەکانی دێوودرنجدا هاتوچۆیان بوو.

لەو دەمەدا:

لە شاری سێدارەکانیشدا، لە شاری بەردەم قەڵاکانی سوڵتانیشدا

لێرە و لە قەڵاتە دێرینەکەی هەولێرمکان و لە دەڤەرەکەی

میریڕەواندزمکاندا و لە قوڵایییەکانی خەرەندا

دەستەیەک، دوو دەستە، سێ دەستە

کوڕی زریانەکانی گۆیژەمکان و سەفینمکان هەبوون

لەژێر زەمینەکاندا، لەژێر شەقامەکاندا، لەژێر ماڵەکاندا

ئەوانە خەریکی خۆر دروستکردن بوون بۆ ڕاپەڕین

خەریک بوون، بەیانییەکی تازەیان لە کەلەکەی تاریکییەوە

دەرئەهێنا و خەریک بوون بەهاریان دروست ئەکرد.

لەژێر زەمینەوە، ڕەگ و ڕیشەی بڕوایان قایمتر ئەکرد.

لەناو مەرگەوە، ژیانیان ئەهێنا و

لەناو مەرگەوە، لەدایکبوونەوەی تازەیان

دروست ئەکرد.

تیشکە نهێنییەکانی شار، ماڵی نەهێنیی ئازادییان هەبوو.

پەیامە نەهێنییەکانی شار چاپخانەی بیری نوێیان هەبوو

بەنەهێنیی ڕووناکییان چاپ ئەکرد.

شەقامە نەهێنییەکانی شار، شارێکی نەهێنیی تریان

لەژێر شاردا هەبوو.

لە تاریکییەوە ڕووناکیان ئەناردە سەرەوە.

لێرەوە «ڕاپەڕین» هات و بێدەنگیی ڕووخان

لێرەوە ڕاپەڕین شەوگاری داگیرسان

لەو ڕۆژانەوە «ڕاپەڕین» دەستی سوورە هەتاوی لێڕوا و

لەو ڕۆژانەوە «ڕاپەڕین» ڕوانینی ئایندەی لە چاودا هانی

بەیانییەکی تری ئەوینە و، ئەوین ئەژی.

ڕۆژێکی تری ژیانە و، ژیان نامرێ.

بەیانییەکی تری عەشقەکەی ڕاپەڕینی داروبەردە و

داروبەردیش ئەژی و ئەژی.

ئیتر خەونیش بوو بە ڕاستی...

ڕاپەڕین بوو، ڕاپەڕینی جەستە لە کۆت و ڕاپەڕینی ڕۆح و

ڕاپەڕینی کوردایەتی و ڕاپەڕینی شەوی کەرکووکمکان، ڕاپەڕین بوو

سەرەتا پریشکێکی بچووک، بچووکتر لە پەنجەی مۆمی منداڵێکمان

سەرەتا بوو. ڕانیەمکان دەستی مەشخەڵی خۆی درێژ کرد. ڕانیە

بوو بە چاوگ. ئاسۆس ڕابوو. کێوەڕەشیش بوو بە کێوی ئاگرستان.

شەقامەکان ڕابوون. یەکەم بازرەقەی هەتاو و یەکەم هەڵسانەوەی

خاک و یەکەم زیندووبونەوەی شەهید و یەکەم گڕبەردان لە ترس

لەبەر دەرگا سوورەکەی ڕانیەوە لرفەی کرد و بوو بە گێژەڵووکەی

ئاگر. لەجیاتیی ئاو و لافاوی سەر، لافاوی لەش، دەستی پێکرد.

ئیتر هیوا تەنیەوە

پرشنگ تەنیەوە، سروودەکانمان تەنینەوە

پەنگخواردنەوەی قوربانییەکان بەربوون و تەنینەوە

ئاواز تەنیەوە، شیعر تەنیەوە

ئیتر مەشخەڵان باڵیان گرت

ئیتر سەرکەوتن پێکەنی و

ئیتر شەقامەکان باوەشیان کرد بەیەکتردا و

ئیتر حەوشەی ماڵەکانمان بوون بە یەک حەوشە و

دارستانەکانمان ڕژانە ناو یەکترەوە و

دڵان هەموو بوون بە یەک دڵ.

بەیانییەکی تری ئەوینە و، ئەوین ئەژی.

ڕۆژێکی تری ڕووباری ئازادییە و، ڕووباریش وەک دەستم ئەژی.

بەیانییەکی تری دڵدارە و، تا گوڵێکیش لەم ژیانەدا بمێنێ

عەشق ئەژی.

بەیانیت باش، یەکەم قوربانیی ڕاپەڕین، بەیانیت باش.

بەیانیت باش، ڕاستە شەقامی ڕانیە، بەیانیت باش.

بەیانیتان باش ئەی دارهەنارە کوژراوەکانی ناو ڕاپەڕین

کوڕانی شار، کچانی شار

ئەی ئەو دەنکە هەڵوەریوانەی پەڕینە نێو ناخمانەوە و

ئیتر ناخمان بوو بە گوڵجاڕی گوڵ هەنار

بەیانیتان باش، ئەی ئەو دەستانەی لە ڕۆژە نارنجییەکانی

ڕاپەڕیندا، بەرچنەی خاڵیی دڵی ئێمەتان پڕ کرد لە نارنجیی مژدە و

لە گوڵەلیمۆی چاوی شار.

بەیانیتان باش، ژنانی ئازادی وڵاتەکەم، ئەی ئەو پرچە

سەرفراز و سەربەستانەی، ئەو کاکۆڵە یاخییانەی لە ڕۆژە

کەسکەکانی ڕاپەڕیندا بووبوون بە ئاڵای سەربەچراوگی

ئێمە و چاوی هەموومانتان پڕ کرد لە تیشکی سەوز، ژنانی وڵاتەکەم

ئەی ئەو گۆرانییانەی بێ ئێوە نە گەروو هەیە و نە ژیان هەیە و

نە جوانی و نە ڕاستی، لە گەردوگوڵی بەیانیی ڕاپەڕیندا.

بەیانیتان باش، ڕاپەڕینتان باش.، ڕاپەڕین ئازادیی گیانە و

سەری دیل و قژی دیل و

تاریکییە و قەفەزە و باڵکردنی باڵی فڕین.

ئەی ژنانی وڵاتەکەم، قژتان وەکوو با ئازاد کەن و

با ببنە باڵی سەرتان بۆ فڕین.

بەیانیت باش، ئەی گەلەکەم!

گەلی تەنیا و، گەلی قوربانی و گەلی گێژاو و کارەسات

ئەی ئەو جەستەیەی هەموو جارێ کڵوکۆت دائەمرکێننەوە و

بەڵام لە هەموو ڕاپەڕینێکدا لە خۆڵەمێشی خۆتەوە

دیسانەوە ئەژێیتەوە.

ئەی گەلەکەم، ئەی ئەو دارسنەوبەرەی هەموو جارێ ئەتبڕنەوە و

بەڵام لە هەموو ڕاپەڕینێکدا، سەوزتر ئەڕوێیتەوە.

ئەی گەلەکەم، ئەی ئەو کۆترەی هەموو جیهان هێلانەکەیت ناداتێ و

هەموو جیهان دانەی داوت بۆ دائەنێن، هەموو دنیا دەرت ئەکەن و

کەچی نە ئاسمان ئەتوانێ باست نەکا و

نە لە فڕینیش ئەکەوی و نە لە گمە.

بەیانیتان باش نەوەی نوێ، بیری نوێ

بەیانیتان باش ئایندەکان.

ئەی ڕاپەڕینەکانی عەقڵ و زانست و، ئەی خۆرەکانی مێژوومان.

بەیانیت باش، ڕاپەڕینت باش کوردستانم!