لە دوورگەی خەوی زڕاوی شاعیرێکا

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  649 مشاهده
١-پەستی:
پەستم،
پەستم وەک کێڵگەیەک هەور
زیاد لە جارێ
بە سەر سەریا تێ بپەڕێ،
تێ بپەڕێت و نەبارێ!
پەستم،
پەستم وەک ئەو قومە ئاوەی لە سەنگەرا،
ڕژا و نەگەیشتە دەمی
پێشمەرگەیەک، شەهید کرا.
پەستم وەکوو سەرچاوەیەک: لیخن کرێ.
وەک مەچەکی هۆنراوەیەک
زنجیر، کرێ
پەستم وەک ئەو پێکەنینەی:
کە داگیرکەرم ئەیگرێ.
پەستم، پەستم
وەک سەعات پێنجی ئێوارەی
بیست و نۆی مانگی «نۆ» پەستم!
٢-مانگ:
دوای گەشتەکەی «ئەرمسترۆنگ»یش
مانگ، هەر یار و دڵخوازمە
ئەم جارەیان: یارێ نییە
گێلۆکە بێ و نەخوێندەوار
ئەم جارەیان: شۆخوشەنگ و ڕۆشنبیرە
مانگی نازدار.
٣-لەیەک کاتا:
لەیەک کاتا
خۆم تیغم و خۆشم بڕین.
دەردم وەک چۆن دەرمانیشم.
پێکەنینم، هەرواش گرین
لەیەک کاتا
٤-دەنگ:
دەنگم ئەسپێکی گلاوی گردی ڕەشە
پێی لە ئاوزەنگی هاواری،
خۆی گیراوە.
دەنگم گۆمێکە، کە پردی
سەدەی بەنگێشی بیستەمی
تیا خنکاوە.
٥-چارەنووس:
چارەنووسم، لەو دۆزەخی خوێنەدایە
لەو بڵێسەی شەوەدایە:
زیاتر، ڕەگی بوونی ئێستام بسووتێنێ
زیاتر، پێستی تەپڵی درۆی
دەهۆڵژەنی پرسەی ئارام، بسووتێنێ
چارەنووسم، چاوەڕوانی نێزەیەکە:
سەری «نووستنم» هەڵگرێ
چاوەڕوانیی لافاوێکە
باڵەخانەی سەرشەقامی شاری مردووم
لەگەڵ هاژەی خۆیدا بەرێ
٦-کەڵەشێرە بێ پۆپنەکان:
لەسەر دیواری بێ دەرگای شاری نووستووی،
نیوەڕوانا
لە وڵاتی، دەمی مێشک ڕۆژوانا
لە مەزاتخانەی دەس و چاو فرۆشانا
لە پایتەختی مردووانا:
کەڵەشێرە بێپۆپنەکان، ئەقووقێنن.
بە سەر پارەی کڕکەوتوا، ئەقووقێنن.
بە سەر چاڵی جەرگی هەزار،
«پیرەمێرد و پیرێژنا»، ئەقووقێنن.
بە سەر قژی درەختی سەر
شەقامی پرسەی ڕنراوا، ئەقووقێنن.
لەبەر ئاوێنەی بێ پشتی
جیوە مردووی کڕێنراوا، ئەقووقێنن.
کەڵەشێرە بێپۆپنەکان:
بە سەر «گارینی» ئێمەدا،
ئەقووقێنن!