بۆ بارزانی

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  1297 مشاهده
خۆشمان ئەوێی
بەقەد ڕقی شمشێری ناو چاوی ئەوان
خۆشمان ئەوێی.
بەقەد پیتی داخ لە دڵی ناو ڕۆژنامە
زەردەکانی ئەوسا و ئەمڕۆ، خۆشمان ئەوێی.
بەقەد کینەی گوللە تۆپ و
کوێرە بۆمبای فڕۆکەیان، خۆشمان ئەوێی.
بەقەد بێشەڵانی بوغزی سەری سونگی
سوپاکانیان، خۆشمان ئەوێی.
بەقەد ناڵەی تەقینەوەی «تی، ئێن، تی» ناو
جانتاکانیان، خۆشمان ئەوێی.
بەقەد داوی پیلانی ژێر مێزەر و جببەی پێراریان،
خۆشمان ئەوێی.
بەقەد ... بەقەد
ژمارەی چاوی جاسووسی سەر و خوار و
ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوایان، خۆشمان ئەوێی
چەندیان «ناوەکەت» خۆش ناوێ، خۆشمان ئەوێی
ئەمانەوێی
وەک گوللە بۆ چەکەکانمان، ئەمانەوێی.
وەک چەک بۆ پێشمەرگەکانمان، ئەمانەوێی.
وەکوو پێشمەرگە بۆ کەژ و کێوەکانمان، ئەمانەوێی.
وەک باران بۆ کێڵگەکانمان
ئەمانەوێی.
هەر بۆ «مەرگ»ە نامانەوێی،
ئەی بارزانی!
***
خۆشم ئەوێی!
ئەوەندەی برسیی نانی خۆش ئەوێ.
ئەوەندەی تینوو ئاوی خۆش ئەوێ، خۆشم ئەوێی
خۆشم ویستی
لە کاتێکا، قەڵەمەکەم
بە گەڕەکی ڕستەکانما ڕاوئەنرا
خۆشم ویستی، لە ڕۆژێکا بە نیوەڕۆ،
خۆشەویستیت لە شەقامی شارەکەما، سەرئەبڕڕا.
لە ڕۆژێکا کاسەی سەرم بە دروشمە
ڕەشەکانا، هەڵئەواسرا.
لە کاتێکا، قسەکانم لەناو دەمما دەس بەسەر بوون.
خۆشم ویستی لە شەوێکا بە نیوەشەو
خۆشەویستیت، قەدەغە بوو.
ناوهێنانت پشکۆیەک بوو زمانی شیعری تازەمی
پێ داخ ئەکرا.
خۆشم ویستی لە کاتێکا خۆشەویستیم
خەرمانێ بوو، ئەسووتێنرا
سووتانێ بوو، ئەسووتێنرا.
***
لە کاتێکا کتێبخانەی چاوەکانم ئەپشکنرا
بۆت ئەگەڕان، بینییانی:
چیرۆکێکی دەماودەم لووتکەی شاخەکان ئەتگێڕنەوە.
لقوپۆپی درەختەکان بە گۆرانیی ئەتڵێنەوە.
بینییانی:
تابلۆیەکیت گڕ ئەتکێشێ و خانەقینمکان ئەتکا بە سنگی
کەرکووکمکانەوە.
بینییانی، لەناو چاوی مناڵانی گوندەکانا، بینییانی
لە ڕەشەبای هەردەکانا، بینییانی
لە لافاوی چەمەکانا، بینییانی.
ئەی بارزانیی!
***
ئەی بارزانیی لەگەڵتاین چۆن بنار لەگەڵ،
لووتکەدایە.
لەگەڵتاین چۆن چاوت لەگەڵ سەرنجتایە.
هەناسەت لەگەڵ سییتایە.
دەنگت لەگەڵ گەرووتایە.
لەگەڵتاین چۆن خەنجەرەکەت لەگەڵتایە
ئەی بارزانی!