دیوار و دەنگی خوێن

تابلۆیەکی گفتوگۆی هۆنراوەییی سەر شانۆیە
از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 14 دقیقه  1008 مشاهده
دیمەن: جێگای بەندیخانەیە، کات شەوە، سێ ژووری زیندانی لەڕیز یەکەوە دیارن، لەناو هەر زیندانێکا بەندێک، بە کۆت و زنجیرەوە، لە هاتوچۆکردندایە، لە بەردەمی هەر ژوورێکیشا یاساوڵێکی چەتەوڵی ڕووگرژومۆن ڕاوەستاوە.
بەندی یەکەم:
چیرۆکی من، لەگەڵ چیرۆکی زەمینا
لەگەڵ پشکوتنی چاوی ساوای ژینا
لەگەڵ گرمەی ژانی هەورا
لەگەڵ مژدەی
تۆف و ڕەهێڵەی بارینا
لەگەڵ یەکەم چاوترووکەی
وەرزی ناسۆر و ئازارا
لەگەڵ شاڵاوی ئاگرا
لەگەڵ لوورەی ڕەشەبادا
دەست پێ ئەکا!
«وچان»
برووسکە بووم بۆ شەوەزەنگ.
گەروو بووم بۆ هاوار و دەنگ.
تاریکیی بووم بۆ سەر تاوان.
زەردەخەنە بووم بۆ ژیان.
«وچان»
وشەی ناو پەیامی بیرم گەشاوە بوو
خۆری ئاڵام شەکاوە بوو
کێوی هێزم لە هەنگاوی بزووتنا
بوومەلەرزەی ڕاچەنین بوو
ناوچەوانم لە ئارەقی ڕەنج ڕشتنا
جۆگەی بۆ تینوو هەڵئەبەست.
گردی خەرمانی بۆ برسی دروست ئەکرد
بەهەشتێکی ئەدایە دەست.
وا بووم، لە دێرینا وا بووم.
یاساوڵی یەکەم:
بەڵام ڕووناکیی دێرینی خەوی ڕۆشتوو
خۆشیی بەهەشتی ڕابردوو
خەرمانی ناو خەیاڵی زوو
شکۆی مردوو
ترووسکەیەک ناخەنە ناو زیندانتەوە.
تنۆکێ ئاو ناکەنە ناو،
دەمی وشکی ژیانتەوە.
بزەیەک نادەن بە لێوی پڕ شیوەنت.
وس، بێدەنگ بە
وس، وس، وس بە!
بەندی یەکەم:
دڵنیابە
هەتا زامی لەشی مێژووم جێی قووڵتر بێ
هەتا کسپەی پڕ زریکەی
قایمتر بێ
هەتا شەوگار درێژتر بێ
- ڕۆژ - خۆشەویستر ئەبێ لام
بێدەنگ نابم!
بەندی دووەم:
«لە دیواری ژووری بەندی یەکەم ئەدات»:
بێهودەیە، بێهودەیە، گوێت لە منە
ئەوەی وتت کاتی بیستنی بەسەرچوو
بەداخەوە شوورەی مابێن
دیواری ڕەشی مردنە
گوێت لە منە؟
بەر لە دیوار
بەر لە پۆڵای هاوار خنکێن
بەر لەوەی لەش کوتکوت کرێ
ئەم قسانەت بکردایە
گوێت لە منە؟
شوورەی مابێن، دیواری ڕەشی مردنە
ئەوەی وتت کاتی بیستنی بەسەرچوو!
برام بنوو
من وا ئەنووم!
یاساوڵی دووەم:
ئەگەر چاوی بینین لێک نێی، بسرەوی تۆ
گوێت بە تاریکیی ئەم شەوە بئاخنی
کڕنووش بۆ دیواری مابێن بەری
بیرکردنەوە لە بەیانیی فەرامۆش کەی،
پاداشتی تۆ لە منەوە
زنجیرێکە ئەیکەمەوە
هەتا زووتر چاوی مێشکت بکەیتە خەو
زووتر زنجیر ئەکەمەوە
لە بەندی شەو!
بەندی دووەم:
وتم ئەنووم
دەس ئەکەمە ملی خەوێ ڕەنگاوڕەنگ بێ
گۆمی سرەوتی زۆر مەنگ بێ
وتم ئەنووم
ئەنووم، ئەنووم!
(پاڵ ئەکەوێ)
بەندی سێیەم:
«لە دیواری ژووری بەندی دووەم ئەدات»:
منیش چاوم لە باوێشکی ناو وەنەوزا
وا ئەخنکێ
کەشتیی بیرم لەناو مێشکێکی کەنەفتا
وردە وردە بەرەو بنی
نائومێدیی هەڵئەخلیسکێ.
کێ ئەتوانێ بە گژ دیواری مردنا
ئیتر بچێ؟ کێ ئەتوانێ؟
بڕیارم دا منیش بنووم
ئای کە ماندووم
منیش ئەنووم!
÷یاساوڵی سێیەم:
هەر تەنیا خەو ئەسپی هیوات بۆ زین ئەکا
بۆ کوێت بوێ ئەتفڕێنێ
هەر تەنیا داسی تیژی ئەو
دڕکی خەفەت و پەژارەت دروێن ئەکا
چیت لێ بوێ
بۆت ئەهێنێ.
هەموو شتێ لەناو ئەوا، بێ ڕەنج ئەخورێ
تا داری زڕیش بەر ئەگرێ
خەو، هەر تەنیا خەوە کە گوێ
لە تۆ بگرێ.
ئەگەر شوێن ئەو ئەسپە کەوتی
بە پشتی ڕووت هەڵیگرتی
ئەگەر دیوار پرخەی بیستی
ئەگەر شەوگار خۆشی ویستی
ئەوا منیش چەند ئەڵقەیەک لە زنجیرت،
ئەترازێنم!
بەندی سێیەم:
ماندووم، ئەنووم
وتم ئەنووم
شەڕ لەگەڵ ئەم دیوارەدا بە من ناکرێ
تاشەبەردی ئەم گێچەڵە
بۆ سەر لووتکە بە من نابرێ
ئای کە ماندووم
دیوار گوێت لێ بێ، وا ئەنووم!
(پاڵ ئەکەوێ)
بەندی یەکەم:
«بە شپرزەیییەوە»
نەکەن، نەکەن
نەکەن بڕوا بە ئەفسانەی شەوەزەنگی
پەپوو بکەن.
نەکەن لەگەڵ ئەهرەمەنا بنوون
نەکەن دەس تێکەڵی خوێنی
فریشتەکەی ئاویستا کەن
نەکەن هەتاو لە دەروونی
هیوا دەرکەن
نەکەن، نەکەن!
یاساوڵی دووەم:
«بە پێکەنینەوە»
شەقەی قامچی لەسەر پشتی ئەنجنی تۆ،
قوڕگی ئازاری نانووسێ
ئامانجی ڕێگەی ونی تۆ
لاڵە، ئیتر چۆن ئەپرسێ!
هاواری تۆ، مێشکی خەوتوو هەڵناسێنێ.
دڵی دیواری ئەم بەینە نالەرزێنێ.
بنوو وەکوو ئەوان نووستن.
بنوو هەتا ماری دیوار.
نەکەوتۆتە فیشکە کردن، بنوو، بنوو!
مرد ئاویستای مێژووی ڕزیو
مرد دەنگی تۆ
کوژایەوە خۆری پێشوو
بەندی یەکەم:
خۆرێکی تر، دەنگێکی تر هەڵدەهێنم
دیسانەوە لە نووکەوە دەست پێ ئەکەم
گەڵای کۆنی درەختی پیر ئەوەرێنم.
هەر لە زەویی ئاویستاکەی لەوەوبەرا،
دیسانەوە خوێن ئەچێنم
خوێنی تازە.
ئەوسا، ئەوسا
تۆوی خوێنم گوڵەگەنمی بەیان ئەگرێ
زامی زەوییم، دەغڵی مژدەی تیا سەوز ئەبێ
هەوری ئاسمانی شۆڕشم
بەتاو لێزمەی بارانی خوڕ،
دڵۆپی گڕ
بە سەر شەوی دێمی تینووی چاوەڕوانما،
ئەبارێنێ و
ئەبێ بە شاییی شەهیدان!
یاساوڵی دووەم:
لە لای ئێمە مۆتەکەی خەو،
چۆکی لەسەر سنگی بەندی شەو، داداوە
ئاسمانی دیوار بێ هەورە، پێئەکەنێ
دەس بە سەری کاس و وڕی
شاخی نووستوودا ئەهێنێ
لە لای ئێمە، چەمی سروشت بێ لافاوە
قەڵبەزەکان وەک گۆم مەنگن
کڵاوڕۆژنەی دەربەندەکان بێ هەتاون
پەڵکەزێڕینە بێ ڕەنگن!
یاساوڵی سێیەم:
لە لای منیش، جاڵجاڵۆکەی ناو گوێی کەڕبوون
لە شاری نووستوو، لە مێشکی
خەساو بەربوون!
لە لای ئێمە نەک هەر نووستوون
بەڵکوو دنیای دارەمەیتی
زیندووی، مردوون!
لەناویانا ڕێچکەی مێروولەی ناکۆکی
بۆ شیرینیی خوێنی ڕژاوی یەکتری
هەڵپە ئەکەن
چاوی یەکتری ئەدزن
ماڵەکانیان بە گڵگەچی خوێنی یەکتریی
سواغ ئەدەن!
بەندی یەکەم:
«بەتوندی لە دیواری مابێن ئەدات»:
نەکەن، نەکەن
دەس لە تۆڵەی گلێنەی خنکاو هەڵگرن
نەکەن دەس لە لقی داری بەڕووی
بەیان بەر بەن
نەکەن فرمێسک لەبەر چاوی
دیواری ڕەشا هەڵڕێژن
نەکەن گۆرانیی ڕووناکیی
لە سنگی خەما بنێژن!
«وچان»
«لە دوای ئەوەی هیچ دەنگێک نابیسێ و دەس لە هیوای وەرامدانەوەی ئەو دیو دیوارەکان ئەشوات، بە کزییەوە»:
دەنگیان لەناو خەوا خنکا
بیریان بە دیواری ڕەشا لکا
چرای چاویان پڕ بوو لە ئاو
یاساوڵی سێیەم:
کەواتە ئیتر ئاسنی سارد کوتانە،
ئەم قسانە.
کەواتە ئەم کۆڵی تاریکییە
بۆ هەڵئەگری؟
دەستت بەردە لە دەرگای «بیر»
لەژێر سایەی دیوارا بە
بژی وەک دیوار ئەیەوێ
وەک شەوی ئازار ئەیەوێ.
بەندی یەکەم:
تا ئاسنی سارد کوتانیش، بزووتنە.
ئاو ڕاوەستا، ڕائەوەستم!
ئەڕۆم بە سەر شەوا ئەڕۆم
بە سەر مەیتی خەوا ئەڕۆم
ئەژیم، وەک - هەسان - ئەیەوێ
ئەژیم، هەتاکوو - نووستن و شەو - ئەنوێنم
«دوای پشوویەک: بێدەنگیی ئەو دیو دیوارەکانی بیر ئەکەوێتەوە»:
نووستن، خوێنیان ساردە و مەییو
نووستن، باخی گیانیان وەریو
نووستن، خوایان فەرامۆش کرد، هەتا تاوان
- هەتاکوو بت، تا بتەوان -
شاری سپیی فریشتەکان قەڵاچۆ کەن.
تا لە دەوری دۆزەخەکەی پیرەشەیتان،
بەزم خۆش کەن
تا لە دووکەڵا ئەستێرەی دەموچاوی
مناڵ، ون کەن!
«وچان»
کە خامۆشیی کەوتە زەنگ لێدانی مردن
ژیایەوە: وەرزی زڕی بتپەرستن
هەنگاو لەناو قسەی ساردا
بەستی و چەقی
نائومێدیی لە گشت لاوە
سەری گریانی دەرهێنا
خەم: ڕاچڵەکی
کە مەرگەوەڕ بە سەر «مەمشخص»دا
بە سەر گوڵی «زینشخص»دا زاڵ بوو
کە ڕێبواری ئاوارەبووی دەروونی چۆڵ
نەهاتەوە، بێ هەواڵ بوو.
دیوارەکان، بتەوانی دیوارەکان
لای ئەهریمەن - مێخ -یان هێنا
مێخی تاوان
لەسەر سنگی مەزدەی یەزدان
لە سەرچاوەی وشەی شیعری
زەردەشتەکان
لەسەر مەمکی دایکی کۆرپەی
فریشتەکان، دایان چەقان.
«هەڵمی خوێنی ئەم دنیایە
هێشتا چاوەڕێی سەرمایە»
یاساوڵی یەکەم:
هەتاکوو دیوار تێت بگا:
بگری بە سەر تەرمی مێژووی جوانەمەرگا
بە سەر درەختی سووتاوا
بە سەر یادی - ئاویستاکەی -
داڕووخاوا!
بگری، بگری هەتا نووستن
سواری ئەسپی ورەت ئەبێ
بگری هەتا چەقۆ لەناو خوێنی گەرما
بۆ خەوی قووڵ، شەکەت ئەبێ!
«وچان»
تا کوێرەڕێی ئەم بوردنەش نەگیراوە
تا دەرفەتی کڕنووش بردن
- بۆ بت ماوە -
تا شارە زەردەواڵەکەی هەر سێ دیوار
نەورووژاوە
زوو کە، زوو کە
ملی ئاگر بۆ ناو زەلکاوی بەزینت
شۆڕ کە و کەچ کە!
یاساوڵی دووەم:
بۆ ئەوەی دیواری یەکەم دڵنیا بێ
هەتاو لای ئێمە بەزیوە.
بەندەکانم نەک هەر خەوێ،
هەزار خەوی خۆشیان دیوە.
پرخەی مێشک، لەناو بەندیخانەی منا
نەک هەر گۆڕێ، گۆڕستانی هەڵکەنیوە!
یاساوڵی سێیەم:
بۆ ئەوەی دیواری دووەم بێگومان کەم.
لای من پرسەی خەوی دیلی
لە سێبەری بیرچوونەوەی ناونیشانا
لە قەفی کۆت و زنجیری بەندەکانا:
بەدیی ئەکەم.
بۆ ئەوەی ترسی سبەینێ بخنکێنم
چاویانم کرد بە خەڵووزان
ڕووناکیم تیا کوژاننەوە!
یاساوڵی یەکەم:
دیوارەکان چارەنووسیان لە خەتێکا
لە ئەڵقەی گرێی پەتێکا
لە ئاهەنگی دۆزەخێکا
بە یەک ئەگا!
یەک بڕبڕەی شەوەزەنگن
ئەگەر درزێ جێی کردەوە بۆ دڵۆپە
لەناو شانی یەکێکیانا
دڵنیابن هەمان – درزە -
لەناو شانی هەموویانا
«وچان»
کەواتە ئەی بتەوانی دیوارەکان
چاوی دیواری هەرسێکمان
هەر یەک چاوە،
با ئەو چاوە بە پەرژینی چەقۆ بگرین!
یاساوڵی دووەم:
چۆنی بگرین؟
یاساوڵی سێیەم:
چۆن بیگرین؟
یاساوڵی یەکەم:
لە دەماری بەندەکانمان داو ئەچنین
یەک ئێشکی دیواری یەکتر،
بۆ یەک ئەگریین!
من ئازارت بە خوێنی گوڵێ ئەشکێنم
تۆ بە مۆخی - مۆمێ - هی من
ئەو چاوێکم بۆ بنکەن کا،
من دروێنەی سەرپەڕاندن، تێگەیشتن؟
یاساوڵی دووەم:
تێگەیشتین، واتە هەموو
بۆ ڕاوی خوێنی سوور ئەچین!
یاساوڵی سێیەم:
دیوار ئەڵێ: بەوە ئەژیین!
«وچان»
بەندی یەکەم:
«بە گەرمی ئەکەوێتە لێدانی دیوار و، لێو کرۆشتنی ڕق»:
هەستن، هەستن، هەستن، تاوان
وا دەم ئەژەنێتە دڵتان
هەستن، هەستن، فریا کەون
فریای خوێنی ژیان کەون
فریای تیشکی خۆری گیراو!
فریای باران
فریای نوزەی دەغڵی سووتاو
هەستن، هەستن ئەوا تاوان
- جلی زەردەشت لەبەر ئەکا -!
هەستن، دیوار بڕووخێنن
هەستن، هەستن، خوا ڕزگار کەن!
بەندی دووەم:
«وردە وردە ئەکەوێتە جوڵانەوە و چاو ئەکاتەوە»:
لە گوێی وڕێنەی ناو خەوی بزڕکاوما
لە دەروونی بن سێدارەی هەڵتوتاوما
دەنگ ئەبیسم ئەڵێ: دیوار،
ئەڵێ: شوورەی بەردی ئازا،ر بڕووخێنن
مۆتەکەی خەو، بسووتێنن.
کام هەوری دەنگ بوو، گرمانی؟
بە گژ دیوارا چۆن بچین؟
بت چۆن بگرین؟
بەندی سێیەم:
گوێی خەواڵووم، پەردەی کاسی لەرایەوە.
زامی چاوم بە ڕووناکیی کزایەوە.
ئاسۆگەی دەنگ لە تاریکیی
زیندانا، زرنگایەوە.
دەنگ ئەبیسم، دەنگی زیندوو
دەنگی ئەو دیو دیوارەکان
دەنگی ئەستێرە سوورەکان
بەڵام! دیوار چۆن ئەڕووخێ؟
بت چۆن ئەشکێ؟
بە کام پەیژەدا سەرکەوین؟
قەڵای بتەوان چۆن بگرین؟
بەندی دووەم:
کام هەوری دەنگ بوو، گرمانی؟
بە گژ دیوارا چۆن بچین؟
بەندی سێیەم:
بت چۆن ئەشکێ؟
دیواری ڕەش چۆن ئەڕووخێ؟
یاساوڵی یەکەم:
«بە تەوسەوە»:
بە شیری خەو بت بشکێنن
لە نووستنا بە پرخەی – بیر -
دیواری ڕەش بڕووخێنن!
یاساوڵی دووەم:
دیوارەکان چاویان، یەکە
هێزی دەس و قاچیان، یەکە
شەوەزەنگی دڵیان، یەکە
چنگی خوێناوییان، یەکە
یاساوڵی سێیەم:
دیوارەکان بۆ ئەهرەمەن
لەیەک کاتا کڕنووش ئەبەن
شوێن دەنگی خنکاو مەکەون
بە دوای ئاگری دۆزەخا چۆن ڕائەکەن؟
مەکەن، پەنجەی سووتاو بۆ بت ڕامەکێشن
وەرن بژین
لەگەڵ دیواری ئەزەلدا وەرن بژین!
بەندی یەکەم:
هەستن، هەستن، هەستنە سەر پێ
بە دوای پەیامی ونبوودا بکەونە ڕێ.
بیدۆزنەوە، هەتا پەیام نەدۆزنەوە
لە ڕووخانی دیواری ڕەش مەپرسنەوە!
بەندی دووەم:
بۆ کوێ بڕۆین؟
لە کام شوێنا بۆی بگەڕێین؟
بەندی سێیەم:
شەوگار دەروونی تاریکە، چۆن بگەڕێین
بۆ کوێ بڕۆین؟
بەندی یەکەم:
لە ساماڵی چاوی ڕوونی منداڵانا
بۆی بگەڕێن.
لە باخی سنگی سووتاوی ئافرەتانا
بۆی بگەڕێن.
لەو شوێنەدا بۆی بگەڕێن کە برسێتی
تیایا ئەگری.
لەو شوێنەدا کە درەختی
سەوز، وەری.
لەو جێیەدا وشەی پاکی لێ هەڵواسرا
پێغەمبەری چاکپەرستی،
تێدا کوژرا
لەو شوێنەدا بۆی بگەڕێن خۆشەویستی
تیایا، ئەژی!
«وچان»
لە کام لاوە هاوار و دەنگی خوێنتان بیست
چرای ئاڵای مەزدەتان دیی
بەرەو ئەوێ
بکەونە ڕێ.
بەندی دووەم و سێیەم بەیەک دەنگ:
خوێن دەنگی کوا گوێمان لێی بێ؟
بەندی یەکەم:
دەنگی ئەنجامی سەرکەوتن، دەنگی بەهار
دەنگی تریفەی ئاسایش
دەنگی خۆری مژدەی هاتوو.
دەنگی ڕووخاندنی دیوار:
وا لە گەرووی سووری ئەوا
وا لە گرمەی هەوری ئەوا
وا لە چاوی ئاڵی ئەوا
وا لە لرفەی گڕی ئەوا
بەندی دووەم و سێیەم بەیەک دەنگ:
چۆن بیناسین؟ چۆن بیبیسین؟
بەندی یەکەم:
مەنوونەوە، ئاوی سارد بکەن بە خەودا
چقڵ بکەن بە گلێنەی زەرووی شەودا
پێبکەنن بە ئازاری زامی لەشتان.
پواز بکەن بە کۆتەرە
خۆشەویستی بە ناونیشان
ڕێ بە بەڵێنی نەوەستان!
یاساوڵی یەکەم:
گەر ئەم جارە، دیوار لە خۆ بورووژێنن
ئەنجام، چوارمێخەکێشانە
یاساوڵی دووەم:
لەسەر پشکۆ ڕاوەستانە!
یاساوڵی سێیەم:
دروێنەیە، دروێنەیە!
بەندی دووەم:
گوێ گرن لێم:
نانوومەوە، بە شوێن پەیاما ئەگەڕێم
خۆم بە دەنگی خوێن ئەناسم
نانوومەوە
شەو بە درەختی هەتاوا،
هەڵئەواسم.
نانوومەوە جارێکی تر،
نانوومەوە!
بەندی سێیەم:
منیش هەڵساومەتە سەر پێ
نانوومەوە تا دیوار کرمەڕێز نەبێ
تا خەم گریانی نەوەرێ!
نانوومەوە.
بەندی یەکەم:
ئەی هاوبیران،
هاوبیرانی ئەو دیو دیوار
لەگەڵ دەنگی خوێن بیستنا
لەگەڵ پەیمانی ڕۆشتنا
لەبیرتان بێ چاڵە نەوسەکانی نەوت
نەوتی باڵا
نەتانخەنە هەڵدێرەوە، لە بیرتان بێ
لە بیرتان بێ!
بەندی دووەم:
مێشەکانی سەر چاڵە نەوت
ورووکاون
لەناو یەکا لە یەکتری ورووژاون
ڕەش ئەچنەوە
نەوس داوی بۆ ناونەتەوە،
لەبیرمانە!
بەندی سێیەم:
تێگەیشتووین، هێزی دیوار لەگەڵ بتا
لەگەڵ بازووی بتەوانا
لەگەڵ کەڵبەی ژەهراویی پیرەشەیتانا،
وان لەهێزی جانەوەری چاڵی نەوتا
تێگەیشتووین لە بیرمانە!
بەندی یەکەم:
دەسا ئیتر بەرەوپیری هاواری خوێن
بەرەو چرای ژیان، ژاوێن
بەرەو بانگی زەویی بزوێن
بەرەو دیوار ڕاماڵکردن
بەرەو بەرەو بەرەو مردن،
هەتا بژین.
«وچان»
«مۆسیقایەکی مارشی سوپایی لێ ئەدرێ، یاساوڵەکان ئەشڵەژێن، گوێیان ئەگرن، هەرسێکیان خۆیان ئەخزێننە پاڵ یەکەوە، بەندەکان ئەکەونە جموجۆڵ و بزووتنەوە، کۆت و زنجیری دەست و پێیان ئەپچڕێنن.»
بەندی یەکەم:
لای منەوە خوێن ورووژا
لای منەوە زەویی مێژوو
ناخی هەژا
لای منەو مردن بەزیی!
بەندی دووەم:
لای منەوە بتی تاوان، تەختی لەرزیی
دەنگی خوێن دێ، دەنگی بەسام
دەنگی پێکەنینی ئەنجام
لای منەوە هاواری خوێن
گوێی شەیتانی شەڕی کەڕ کرد
لای منەوە ڕەشەبای خوێن
ئاڵای هەڵکرد.
لای منەوە چاڵە کوێرەکانی نەوت
نەوسیان، تیا مرد!
بەندی سێیەم:
دەنگ دێ، دەنگ دێ، دەنگی خوێنە
دەنگی کەللەی بتپژێنە.
لای منەوە داری زڕی هەزار ساڵە
ژیایەوە
لای منەوە زەردەشت دیسان
جارێکی تر هەڵسایەوە.
لای منەوە بوو بە باران!
بارانی ژین.
«هەرسێ یاساوڵەکە بە پەلەپڕووزێ دەرباز ئەبن، بەندەکان دیوارەکان ئەڕووخێنن هەرسێکیان باوەشی یەکگرتنەوە بەیەکدا ئەکەنەوە، لەم کاتەدا خۆر هەڵدێت.
- پەردە داکشا -