ئیمڕۆ دانیشتم لە پەنای دیوار
بەختی خەواڵۆم
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
2 دقیقه
727 مشاهده
ئیمڕۆ دانیشتم لە پەنای دیوار
عاجز و داماو، بێ کەس و غەمبار
دونیا زۆر ساردە بەفرە و یەخبەنان
شەختە و زقوومی ئەرز و ئاسمان
دڵی من گەرمە وەک ئاتەشخانە
قرچەی دەروونم ئەڵێی بوریانە
هەناسەی سەردم دووکەڵی ئاسمان
وێنەی تانجەڕۆ ئاو دێ لە چاوان
دەردی دونیایی دەوری لێ داوم
نەماوە هێز و توانا و تاوم
گرفتاری دەرد ڕووی ڕۆژگارم
شەو و ڕۆژ هەر شین گریانە کارم
قەت نەبوو ڕۆژێ بەبێ خەفەت بم
لە کەیف و شادی لە ئیسراحەت بم
هەر لە خەو دایە بەختی خەواڵۆم
قەت پێش نەکەوتم لە ڕەفێقی خۆم
هەر ڕۆژ بۆ لایێ سەر خۆم هەڵ ئەگرم
نازانم خوایە بۆچی نامرم
لەتاو ناچاری و دەسکورتی و نەبوون
جەرگ و هەناوم گشت بووە بە خوون
دەخیل بە پیاوی ڕەزیل و ئاڵچاخ
دڵی زامدارم پڕ بووە لە داخ
خسووس دەوڵەمەند لە ئەم زەمانە
دائیم لە حیرسا دڵ پەرێشانە
ناوچەوان دائیم ترش و تاڵ و سوێر
پیش ئەخواتەوە وەک مەیموونی نێر
هەمیشە غەمگینی بە ڕۆژ و بە شەو
نە نانی نانە نە خواردن نە خەو
گەر بە دەس ئەو بێ هەژار نامێنێ
عەرد و بەرد و شاخ گشتی ئەسێنێ
ڕەبی با بەس بێ ئیحتیاجی نامەرد
تا بە کەی پەی پەی هەناسانی سەرد
تا کەی بە ڕووتی و چڵکن لە ناو عام
تا بە کەی لۆمە و تەعنەی خاس و عام
ئەمجا بە ڕەحمەت خالیقی بێ باک
بە تەقدیری خۆت تاک و تەنیای تاک
بەسە هەتا کەی جەوری دونیای دوون
بەسە مەینەت و هەژاری و نەبوون
لوقمەیی حەڵاڵ زۆر بە ئیسراحەت
لوتفیتخلص داوا کە لە دەرگەی ڕەحمەت