تۆ نەبینن نووری ئەم چاوانە بۆچ
از کتاب:
دیوانی مەحوی
اثر:
محوی (1836-1906)
1 دقیقه
6724 مشاهده
تۆ نەبینن، نووری ئەم چاوانە بۆچ!
بۆ نیساری تۆ نەبێ، ئەم جانە بۆچ!
جیلوەی ئەو حوسنە نیە گەر کارگەر
بۆ جەمادیش، ئاینە حەیرانە بۆچ!
دڵ لە سینەم هیجرەتی کرد و وتی:
بوونە، عومرێ، فەرشی ئاتەشخانە بۆچ!
چۆڵی دی سینەم لە دڵ، بۆ سووتنی
ئەمری دا، شێری نەبێ ئەم لانە بۆچ!
خوێنی جەرگ و کونجی عوزلەت بەسمە بەش
بەر منەت بوونی مەی و مەیخانە بۆچ!
سائیلی ئەو بەردەرەم، وتم و وتی:
تۆ گەدای، ئەم نەخوەتی شاهانە بۆچ!
هەر بە تیری غەمزە کوشتن، نەک بە شیر
حەیفە، خوون ئالوودە ئەو دامانە، بۆچ!
زاهید ئەو زوڵفەی لە سەر ڕوو دی، وتی:
کوفری وا ڕووپۆشی ئەم ئیمانە بۆچ!
هەر بە حەسرەت، نەک بە زەربەت، کوشتمی
دا نەڵێن ئەم قەتڵی بێتاوانە بۆچ!
تاقە خانێکە لە سەر ڕێی ئاخیرەت
زادی ڕێ هەڵناگری لەم خانە بۆچ
مەحویاتخلص بازێکی تۆ، قودس ئاشیان
بوونە بوومی شوومی ئەم وێرانە بۆچ!