قەسیدەی شەو

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 3 دقیقه  986 مشاهده
کاتی وەسڵی عاشقانە تۆ دەمێ بڕوانە شەو
خۆی ئەسووتێنێ بە شەمعی دولبەری پەروانە شەو
ڕۆژە کاتی غەفڵەت و هەم فیرقەت و دووری لەیار
زوڵمەتی شەو فرسەتێکە تەجروبەی مەردانە شەو
کاتی دەفعی حاجەتی موحتاجە بۆ ئەهلی نیاز
بۆ بەیانی سڕی دڵ خەڵوەتگەهی خاسانە شەو
ناڵەی زاریی حەزینی عاشیقان تەئسیر ئەکا
زۆر عەزیزی بگرە ئەوقاتی بە کەم مەڕوانە شەو
چاوەڕێی ڕۆیشتنی ڕۆژە لە بۆ کاتی ویسال
پردەپۆشی سڕی عەشقە هەردەمی مەستانە شەو
زوڵمەتی شەو فەزڵی زۆرە بورجی دورجی گەوهەرە
مەتلەعی جیلوەی ڕوخی خورشیدی نوورئەفشانە شەو
دەعوەتی مەعشووقە شەو بۆ ئێمە کاتی زارییە
سەتری عەیبی عەیب داران و گوناهکارانە شەو
ئاگری مووسا کە هەڵگیرسا لە ودای ئەیمەنا
مەوعیدی ئەسراری تەوحید و قسەی جانانە شەو
بۆ دڵی ئەهلی سەفا سەد فەیزی مەعنا جۆش ئەدا
جیلوەیی شەمعی سبەینانی لەناو دامانە شەو
ڕێگەیەکە بۆ بیابانی حەرەم تاریکی شەو
جامەیی ئیحرامە یا خۆ پەردەیی دیوانە شەو
زوڵمەتی شەو بۆتە داغێ بۆ دڵی بوریانی ڕۆژ
بۆ تەجەللا چونکی خاسە بۆ دڵی خاسانە شەو
عاشیقان دەرسی محەببەتیان لە تاریکی شەوە
حوسنی دولبەریە مودەڕیس هەم دەبیرستانە شەو
چاوەنۆڕی نیو نیگاهێکی هەبێ عاشیق لە شەو
سەد نیگاهی دولبەری خۆی وا لەسەر موژگانە شەو
گوێت لە ناڵەی نەی بێ خادیمتخلص چی ئەڵێی لەم بەزمەدا
کاتی وەسڵی عاشیقان و عەیشی بێ پایانە شەو
بەزمگاهی عەیش و شادی ڕەزمگاهی شۆڕ و شەڕ
سەف شکێنی عەرسەیی مەیدانە بۆ مەردانە شەو
باڕەشی ڕەحمەت نەهاتە بارشی ڕەحمەت کە هات
موسمی بارانی فەیزە بۆ دڵی یارانە شەو
شەو چ شەو زوڵماتی هەر خاوەندی فەیز و ڕەحمەتە
چەشمەیی ئاوی حەیاتی واتێیا پەنهانە شەو
شەو چ شەو کاتی سەعادەت بارشی بارانی فەیز
بارشی ئەم ڕەحمەتە بۆ جەمعی بێدارانە شەو
شەو چ شەو ئەسراری ئەسرا بۆ عرووجی عاشیقە
دەعوەتی مەعشووقە عاشیق وا لە ئەو میوانە شەو
شەو شەپۆلی شینی دەریای محەببەت هاتە جۆش
وەک سەدەف سەد گەوهەری مەعنای تییا پەنهانە شەو
مەوعیدی میعراج و هەم قەدر و بەراتی ئەهلی دڵ
بەم هەموو ئەسرارەوە مە خسووسە تۆ بڕوانە شەو
هەرکەسێ خواهانی دوڕڕی مەعریفەت بێ فرسەتە
پڕ لە دوڕڕ و گەوهەرە دەریایی بێ پایانە شەو
کاتی وەسڵی عاشیقانە خادیمتخلص یش هوشیارە خۆی
قوڕ دەپێوێ تا سەحەر هەر ئاهـ هەر ناڵانە شەو