تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی شەشەم»

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  632 مشاهده
خاوەنی عەزم و سەبات و سەف دڕی مەیدانە کورد
مەنشەئی سیدق و وەفاو و ڕۆستەمی مەیدانە کورد
بۆ شەجاعەت ڕۆستەمی زاڵی لەلا وەک پیرە زاڵ
بۆ سەخاوەت حاتەمی لا بازیی تیفلانە کورد
لای وەکوو بەزمی زەفافە ڕەزمی مەیدانی مەساف
پەنجە بازیی شێر و جەنگی ڕێوی لا یەکسانە کورد
چاونەترس و دڵ نەلەرز و هەم نەبەز ڕۆژی نەبەرد
عەرسەیی جەنگ و جیدالی، لا وەکوو سەیرانە کورد
بارشی فەیزی لەسەر باریوە خاکی فیترەتی
بۆیە تەبعی بەخششی وا خاوەنی ئیحسانە کورد
بۆنیهالی کەشتی ئومێدی فەقیر و بێنەوا
چی بڵێم دەریایە مەوجی یا وەکوو بارانە کورد
زۆر هەواخواهی غەریب و دڵنەوازی بێنەوان
زۆرە ئەوسافی حەمیدەی، تۆ بەکەم، مەڕوانە کورد
گەر سەری بڕوا وتاری ناڕوا بە ناڕەوا
خاوەنی عەهدی مەتین و حاکمی پەیمانە کورد
جەوهەرە ئەمما غوباری زوڵمە جیلوەی گرتووە
گەوهەرە ئەمما لە زیندانی سەدەف پەنهانە کورد
گەر لە جۆشی ئاگرا بێ یارمەتی هاوڕێی ئەکا
بۆ فیداکاری وەکوو پەروانە بێ پەروانە کورد
بۆ فنوونی حەق پەرستی ڕاست فیعل و ڕاست قەول
قەلبی سافی پڕ لە جیلوەی جەوهەری ئیمانە کورد
زۆر بە هەرزان ئەیفرۆشێ ئەم حەسوودەی مەندەبۆر
ئێستە لەم بازاڕەدا وەک یوسفی کەنعانە کورد
سەر لەسەر خاکی مەزەللەت هەر لە بۆ خوا دائەنێن
گەردنی تەعزیمی کەچ مەردانە، بۆ یەزدانە کورد
جاهیلی وەک خوێندەوارە عالمی عەللامەیە
بەم هەموو فەزڵە کە ئەیبینی ژیانی ژانە کورد
زیرەکی و عیلم و شەجاعەت، ڕاستی و مەردی و سەخا
ئاشکرایە لای هەمووکەس جامیعی هەمووانە کورد
ڕوو لە «مەولا» کەن لەمەولا، دەست هەڵێنن بۆ دوعا
تا نەجاتی بێ ئەسیرە وا لە ناو زیندانە کورد
(ڕەببی بەدکارت ببینم کوێر و ئیفلیج و زەلیل
بێتە بەر دەرگەت بڵێ هاوارە کاکی کورد دەخیل)