تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی پێنجەم»
وەرامی وەتەن
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
2 دقیقه
833 مشاهده
دەستی دوژمن تێکی دا ئەحباب و نان و خوانەکەم
وا لەجێی مەی پڕلە زەهرە ساغیر و پەیمانەکەم
بادەیی ساقی لەخوێنی جەرگمە ناڵەم نەیە
کەوتنە زیندانی ئەسارەت وا گەلی دیوانەکەم
گوڵشەنی شادی سەموومی زوڵمە سووتاندوویەتی
بۆتەشامی ماتەمم ئەوسوبحی عەترئەفشانەکەم
موددەتێکی وا لە شێرانی وەتەن خاڵی بووە
بۆتە جێگەی ڕاوی ڕێوی عەرسەیی مەیدانەکەم
عیززەتی گۆڕی بە زیللەت نەگبەتی چەرخی فەلەک
بۆیە وا جێگەی گەدایە مەسنەدی شاهانەکەم
شەوق وزەوقم چۆن بمێنێ لەم ئەسارەت خانەیە؟
ئەم خومارە تێکی داوە شۆڕشی مەستانەکەم
ماتەمی ئازیزی ئازادیمە کۆچی لەیلەکەم
حەپسی زنجیری ئەسارەت بۆ دڵی دێوانەکەم
پاییزی زوڵمە کەسەوزەی دەشتی کردووم بەپووش
بۆتە جێی قەبری شەهیدان مەرکەزی سەیرانەکەم
دەست لە کۆت و پێ لە زنجیرم تەکانی چی بدەم
پیری کردم دەرد و غەم کوا تاقەتی مەردانەکەم؟
لەشکری زوڵمە وڵات و ئاوەدانی تێک ئەدا
بۆتە وێرانە هەموو گەرمیانەکەم کوێستانەکەم
چۆن لە برسا نامرن کەوتوونە ژێرباری جەفا
دەستی دوژمن ئاگری بەردایە دەغڵ و دانەکەم
قەسرەکانی تێک ڕووخاوم بۆتە دەرسی قەومەکەم
چاو هەڵێنن دەفعەیێ بنواڕنە وەیرانەکەم
شەمعی ئومێدم کوژاوە باڕەشی نەگبەت کە هات
بۆیە بێ پەروایە پەروازی پەڕی پەروانەکەم
زیللەتی قەومی عەزیزم ئاگری خستمە جگەر
هەرمەگەر ئەشکم بکا چاری دڵی بوریانەکەم
خۆ ئەزانم ئەم دۆعایەم بۆ ئەکەن بەم شێعرەوە
عاقڵ و زانایەکانم، موخلیس و دیوانەکەم
(ڕەببی بەدکارت ببینم کوێر و ئیفلیج و زەلیل
بێتە بەر دەرگەت بڵێ هاوارە کاکی کورد دەخیل)