تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی چوارەم»
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
2 دقیقه
835 مشاهده
ئەی وەتەن کوا مەجلیسی ئەحباب و نان و خوانەکەت؟
چییە بەزمی بادەنۆشی و ساغیری پەیمانەکەت؟
کوانێ ساقی خۆیی و مەی، موتریب بەچەنگ و عود و نەی؟
مەستی سەربەستی بە ئازادی گەلی دیوانەکەت
گوڵشەنی شادیت چییە؟ پەژموردە و بێ ڕەونەقە
کوا نەسیمی عەنبەرینی سوبحی عەتر ئەفشانەکەت؟
رێوی راوی لێ ئەکا یاری بە کلکی خۆی ئەکا
ڕەزمگاهی شێر و بەور و عەرسەیی مەیدانەکەت
تەکیەگاهە بۆ گەدا و بێ ئابڕو و بێ شەرم و عار
فەرش و عەرشی عیززەت و هەم مەسنەدی شاهانەکەت
پێستی مردن بوو بەسەر روخساری شەوقت هەڵکشا
چی بوو ئەمڕۆ زەوق و شادی و شۆڕشی مەستانەکەت؟
کەیفەکەت ئازیز مردووە ماتەمی داگرتووە
لەیلی کۆچی کردووە بۆ ئەم دڵەی دێوانەکەت
بۆ بەجارێ بووەتە پووش و دڕک و داڵ و کەند و شیو؟
چیمەن و دەشتی بەهەشت ئایینی جێ سەیرانەکەت
بۆ لەپێ کەوتوویی جارێ هیچ تەکان نادەی بەخۆت؟
چی بوو هێزی پەهلەوانی و حەملەیی مەردانەکەت؟
کامە تۆفانی بەڵا بوو ووڵاتەکەی تۆی تێک رووخاند؟
ئاگری خستۆتە جەرگم دەردی کوردستانەکەت
بۆچی وا وێران و چۆڵە؟ کوندەبوو لێی خوێندووە؟
جێ هەواری رۆڵەکانت مەرکەزی کوێستانەکەت
رۆڵەکانت بۆچی ڕووت و قووت و برسی و بێ نەوان؟
کێ بە تاڵانی لە تۆساند برنج و دەغڵ و دانەکەت؟
دای تەپاند لافاوی نەگبەت قەسر و کۆشک و هەم بینات
بۆتە دەرسی چاوی عیبرەت کوچەیی وێرانەکەت
شەمعی رووی تۆی دی بە خامۆشی ئەناڵێنێ بە کوڵ
وا بە دەوری تۆ لە پەروازایە خۆ پەروانەکەت
هەرعەزیزی قەومی تۆیە وا جگەرپارە و زەلیل
بۆ نەسووتێ جەرگ و دڵیان بۆ دڵی بوریانەکەت؟
ئەی وەتەن ئەم شێعرەیە ویردی زوبانی رۆژ و شەو
موخلیس و هەم خاکسار و خادیمتخلص ە دێوانەکەت