تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی حەوتەم»

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  697 مشاهده
وەزعی دەورانی ئەوا گۆڕیوە بۆت دەستی قەدەر
ئێستە ئەستێرەی سەعادەت شەوق ئەدا چەشنی قەمەر
تێپەڕی دەوری نەزانی، هەڵکرا بەیداغی عیلم
کۆشش و هەوڵێ بدە ئەم سێبەرەت با بێتە سەر
دەستی عیلم و فەن هەڵی دا بازی دەوڵەت بۆ هەوا
بەختیارە گەر بنیشێ هەرچی ئەو بازەی لەسەر
دەوری شیر و تیر و خەنجەر هەم تفەنگ ئەمڕۆ نەما
عیلمە گەر بۆ تۆ بکا کاری هەموویان سەر بە سەر
دەستی خەیاتی ئەزەل بۆ تۆی بڕیوە کراسی عیلم
ئافەرین بۆ ئەو کەسەی مەردانە وا ئەیکاتە بەر
سەیری ئەورووپا بکە بەم عیلمەوە بۆ کوێ چووە
پاشی تەییارە و سەیارە سینعەتی هێنایە دەر
تۆ بە جێ ماوی لە ئەرزا بۆ سەفەر ئەندەر وەتەن
وا ئەویش بۆ ئاسمان ئەڕوا ئەکا کەشفی قەمەر
کەوکەبی سونعی بە دەورابێ سەرت ئەخولێتەوە
بەس بڵێ ئیشی شەیاتینە ئەبێ لێی کەم حەزەر
کافییە بۆ دەرسی عیبرەت چاو هەڵێنە تۆ دەمێ
پێگەییون قەومی دونیا هەر تۆ ماوی موختەسەر
هەر لەبەر جەنگ و جیدالە داخەکەم بۆ کەوتنت
داخڵی مەنتق نییە، نابێ بە «شەڕ» بێ قەت بەشەر
حاجی قادر بوو لە داخی ئێوە چۆڵی کرد وڵات
رۆژی خۆی لەم نەگبەتەی داوە بە ئێوە زوو خەبەر
فرسەتی تەحسیلی عیلم و فەن لە دەست خۆتان مەدەن
حەسرەتی جەهل و نەزانی قەت لە دڵ ناچێتە دەر
تەنبەڵی بۆتە شیعارت با وجوودی ئیختیار
ئیختیارت دا بەنەگبەت چی بکا حوکمی قەدەر؟
نووری عیلمە وا جیهانی تازە ڕووناک کردووە
شەمشەمەکوێرە ئەگەر نی، بۆ چی لێی ناکەی نەزەر؟
هەر بە داخی تۆ لە خوێناوی جگەر ئەتلێمەوە
حەسرەتم زۆرە هەتا نەخلی ئومێدم دێتە بەر
دەستەڵاتێکم نییە غەیری دۆعا و پاڕانەوە
هەر ئەبێ بیڵێمەوە ویردی زوبانە تا سەحەر
(ڕەببی بەدکارت ببینم کوێر و ئیفلیج و زەلیل
بێتە بەر دەرگەت بڵێ هاوارە کاکی کورد دەخیل).