وڵامی نامەی ئەنوەری برازای شپرزە لەلایەن شپرزەوە

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 1 دقیقه  813 مشاهده
ئەونوەرگیان نامەی حەوساڵ لەمەوبەر
ئیمڕۆ بە وردی خستمە بەر نەزەر
فەرمووبووت ماتی، چلۆن مات نەبم
مات و خەفەتبار بۆ وڵات نەبم
من ماتم چوونکا وەک قانعاعلام ئەڵێ:
خەڵکی پێم ئەڵێن شێتە و زۆربڵێ
ماتم لەبۆ تۆ و لەبۆ قەوم و کەس
شاڵا وەک خەڵکی نەبوایەم دەربەس
ماتم بۆ ئەوەی بێ تاوان کوشتیان
خوێنە پاکەکەی ناپاکان ڕشتیان
ماتم بۆ زوڵم و زۆر و نەداری
ماتم بۆ ڕەنج و خەرج و بێکاری
ماتم بۆ خۆم و خەڵکی شارەکەم
ماتم بۆ قەومە گرفتارەکەم
دەردەدڵ زۆرە با گێژت نەکەم
گیرۆدەی قسەی درێژت نەکەم
بەڵام لام وایە دنیا خۆش ئەبێ
ئەم خەم و دەردە فەرامۆش ئەبێ
خۆشی و لەشساغی پاش نەخۆشینە
جا ئەمجار نۆرەی هەوڵ و کۆشینە
دنیا هەر وایە کارە و بەتاڵی
بەرزی و لێژییە، خۆشییە و تاڵی
خوا بکا ئێوە باش و لەشساخ بن
لە ماتی دەرچن زۆر بە دەماخ بن
دوایی بە قسەی شپرزەتخلص ئێرم
نووری چاوەکەم بە خوات ئەسپێرم!