ئەی چرای شەوقی جەماڵت شەمعی حوجرەی سینەکەم

از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
 3 دقیقه  1620 مشاهده
لە ساڵی ١٩٤٧دا لە کۆتایی مانگی مایسدا لە پاش ئێوارە لە کاتی گەڕانەوە لە ماڵی شەوکەت بەگەوە بەرەو ماڵی خۆمان وە لە کاتی نانخواردندا دەنگی قورئانخوێنێکی خۆش دای بە گوێما، دڵ و هەستی جوڵانم، کە پرسیارم کرد وتیان شێخ عوسمان تەشریفی هێناوە وا لە ماڵی کەریم بەگ، ئیتر نەوێسام و هەڵسام چووم بۆ زیارەتی ڕێکەوت بەرانبەری دانیشتم هەر لە ڕاسیا زۆری پێ نەچوومحەببەتێکی چووە دڵمەوە، وە ئەتوانم بنووسم کە مەسیری دنیاییم گۆڕا، بەڵام موعارەفە نەبێ بە هۆی کەریم بەگەوە قسەو باسێکی وەها نەچووە بەینمانەوە بۆ بەیانیش دووبارە ئەچووینە «کۆمار» - کە ناوچەیەکە لە «قەرەبلاغ» لە قەزای کفری - چووینە خزمەتی، جەوازمان خواست فەرمووی تۆیش ئەچی؟ عەرزم کرد: بەڵی. فەرموویان موبارەکە بەڵام تێ گەییشتم حەزی ئەکرد لە لای بم لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆیشتمم پاش هاتنەوەمان ئەو چووبوو بۆ «قزرابات» منیش چووم بۆ لایان لە خانەقای شێخ عارفا بوون، دەرکەوت بە چوونم مەسروور بوو، پاش میقدارێ عەرزم کرد شەکوا و دەردێکی دوور و درێژم هەیە، تەشریفی هەڵسا بۆ خانەقا و لە میحرابەکەدا دانیشت وە منیش شەکوای شاکەل و دەردی دڵی خۆم بۆ هەڵڕشت، ئیتر دەرکەوت تەئسیری بوو وە چەن کەلیمەیێکیان فەرموو، ئەوە بوو بچم بۆ بیارە لەپاش یەک دوو شەو ئیجازەی گەڕانەوەی دام، خۆی مایەوە بۆ خانەقین و بەغدا ئەچوون، ئەمجا عەزمی سەفەری بیارە قەراری قەتعی بوو، بەڵانم داخی گرانم لە خۆشیا ئەوەندە زوو چووم ئەو نەهاتبووەوە، تەنها شێخ عەلادینم زیارەت کرد، گەڕامەوە ئەم پارچە هەڵبەستەم بە سوورەتی شکات پێشکەش کرد. هەرچەندە ئەم قسە و باسانە لەم ڕۆژانەدا تامێکی نەماوە بەڵام بەلای منەوە ئەم باسانە بە نیسبەتی هاوشانی دینی حەنیفی ئیسلامەتییە، تا ئەو شەوکەت و شکۆهی بێ ئەم باسانەش لە شەوقایە، بە تایبەت ئەم سەرگوزەشتەیە ڕووناکییەکەی دای بە چاوی خۆمەوە ئەمە پارچە هەڵبەستەکەیە:
ئەی چرای شەوقی جەماڵت شەمعی حوجرەی سینەکەم
دینەکەت ئاوی ڕەوانی مەزرەعەی ئایینەکەم
مەزرەعەی ئایینی تاعەت کاتی نەورۆزەو کزە
مەرحەمەت کە ڕوو لەمن بە ئاوی دین و ژینەکەم
ژینەکەم قوربانی تۆیە بۆدرێژی ژینی تۆ
حازرم قوربان فیدا کەم ڕۆحەکەی شیرینەکەم
ڕۆحەکەی شیرینەکەم هەر چاوە چاوی ڕێگەتە
حازرم شاها بە برژانگ ڕێگەکەت پەرژین ئەکەم
ڕێگەکەت پەرژین ئەکەم تا شاکەل و شیروانە بۆت
حەیفە بۆچی تۆ نەبینی دەشتە سەوزو شینەکەم
شینەکەم بۆ شاکەلی کەم زارو ئاوە، شورەزار
شاکەلیتخلص قوربانی تۆ بێ شێخەکەی نەقشینەکەم
شێخەکەی نەقشینەکەم قوربانی تۆ بێ ژینەکەم
حازری ئەفکاری تۆ بووم بۆ ویقایەی دینەکەم
بۆ ویقایەی دینی من دوور و نزیکت بۆ نییە
کارەبایێکە نیگاهت بۆ سەودای سینەکەم
سینەکەی پڕ مەینەتم، خۆم خانەیەکی قەسوەتە
سەفوەتی تۆ مەر بماڵی قەسوەتە دێرینەکەم
قەسوەتە دێرینەکەم ڕیشەی لە دڵما داکوتا
گەر بژارێکی نەبێ فەوتاوە زەرعی دینەکەم
دینەکەم مەربووتی یادی ڕابیتەی حوسنی تۆیە
حوسنی تۆیە نووری دیدەی پڕ تەم و ئەسرینەکەم
پرنمی دووریتە دیدەم گەرچی دووریت بۆ نییە
ئەی فیدای دوور و نزیکت ڕۆحەکەی بێتینەکەم
ڕۆحەکەی بێتینەکەم دووبارە عەرزی تۆ ئەکا
شاکەلیتخلص قوربانی تۆ بێ، شێخەکەی نەقشینەکەم