ماسی و کۆتر

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 2 دقیقه  994 مشاهده
تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ دانانی شیعری ئەلەکترۆنیک
ئەتۆمی دە ماسیی بێ ڕوو
ئەتۆمی دوو کۆتری سپیی دەنووک سووری چەقاوەسوو
کە گەیینە یەک
مۆڵکیۆڵێک-ن بزێو و ئاگر تێبەربوو
هاوبەش-ن لە هەرچی دەبێ و هەرچییەک بوو
بوونی ژیان.. لەم گەردوونە جەنجاڵ و زەبەندە
بە ئایۆن-یانەوە.. بەندە.
***
مەمکەکانت.. جووتێ کۆتری سپین
لەسەر دەریای کافووری سینەت هەڵنیشتوون
پەنجەکانم.. کۆمەڵی ماسیی لاسار و چوختی و بێ ڕوون
هۆگریان بوون.
***
خاتوونەکەم.. هێمنیی دەریا تێک مەدە
ئاشتیی گەردوون مەشڵەقێنە
بە چاوی تۆ.. ئاشتی لەلای ڕەقیبەکان
هەر گفتە و هەر تف و جوێنە
بە چاوی تۆ.. نرخی ئاشتی
ئێستاش هەر بارووت و خوێنە
ماسی و کۆتر..
خۆیان دۆستن، نازی بەینیان.. مەشێوێنە
***
خەمەکانم.. چەپکێ منداڵی چاوگەشی برسی و ڕووتن
لێکدانەوەت.. ڕستێ بەفر و تۆف و تەرزە و ڕەهێڵەیە
با ڕوو-م لە سنگتا.. نوقم کەم
منداڵەکان بپارێزم
لە هەرچی ئازارێک هەیە و هانا بۆ..
دەریای تۆ ببەم.
***
سیما-م لە دەریای سینەتا.. کە نوقم کرد
هەرچی هەستی گیانم هەیە.. خرۆشان
خۆنیشاندان-یان بەرپا کرد
بەرەو سیما-م کەوتنەڕێ.. داواکانیان
پێشکێش بە کۆتری دەریا کرد
کۆتر وتییە.. ماسی چاوگەش/ماسی وتی: بمگرە باوەش/
کۆتر وتی: بمگرە باوەش
***
- بۆچی.. من پێش دوێنێ هەبووم!!
دوێنێ بوو.. من خۆشم ویستی
لەوەتەی هەم خۆشم دەوێی
پێرێ نەبووم
دوێنێ بوو کە خۆشم ویستی
لەوەتەی هەم.. خۆشم دەوێی