بالێی دوو دەنگ

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  731 مشاهده
- لە چاوی ڕەشتا
کۆتری سپیم بەخێو کرد و
نامەم پیا نارد بۆ دەریا
کە نامەی خوێندەوە.. ڕەش هەڵگەڕا
وتی: هێشتا
- لە ناو فرمێسکتا
ڕاوە زەردەخەنەم کرد و
ناردمنە سەر شانۆی سام
کە سەمای بالێیان کرد.. زەرد هەڵگەڕام
تێر تێر گریام
***
-زەوی پۆلیس، دەریا، نەهەنگ، ئاسمان-واشە
ئێمە و ماسی و پاساری.. چی بکەین باشە!
-سەمای بالێ.
***
-سام سامی گرت، ترس، ترسا
مردن خۆی کوشت، گریان.. گریا
کەچی ئێوە، وازتان لە سەما نەهێنا
- واز ناهێنین
***
با مۆسیقا.. بتاسێ
هەموو ئالەتەکان بشکێن
با شانۆکە ئاو بیبا
کڵۆپەکان بخنکێن
واز لەم بالێیە ناهێنین
***
ئەم نەفەسە، سەمفۆنیایە.. نەک یاسین
ئەم چوار وەرزە، هی سەمایە.. نەک تاسین
***
................
................
................
................