بەحری خەفیف
از کتاب:
بەدیع و عەرووزی نامی
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
2 دقیقه
872 مشاهده
خەفیف بەحرێکە سەیرانگای دڵە
شەش ئەجزای وێنەی شەش پەڕەی گوڵە
بە «فاعلاتن» جا «مستفعلن»
جا «فاعلاتن» بۆ مسرەع هاتن
کە موکەڕڕەڕ بوون ئەبن بە شیعرێ
ئەوەند شیرینە دڵی تۆ ئەگرێ
سێ «عروض»ی هەن پێنج «ضرب»ی شیرین
ئەیانکاتە بەر برای دڵ نوورین
«عروض»ی یەکەم سالمە و جوان
دوو «ضرب»ی هەیە یەکەمین لەوان
وەک «عروض»ە کەی سالمە و مەعرووف
«ضرب»ی دووهەمیان «ضرب» ێکە مەحزووف
«عروض»ی دووهەم مەجنوونە و مەحزووف
«ضرب» ێکی هەیە وەکوو خۆی مەعرووف
«عروض»ی سێهەم «مجزوء»ە بە ناو
دوو «ضرب»ی هەیە دائیرن تەواو
«ضرب»ی یەکەمیان «مجزوء»ە بە حەق
لەسەر میزانی «عروض»ە موتڵەق
«ضرب»ی دووهەمین پایەی مەرفووعە
«مجزوء»ە و «مجنون» هەروا «مقطوع»ە
***
هاتمە دەرگات ڕەوزەکەی تۆ تا ببینم
تا بە خاکی چاو بڕێژم، چاو هەڵێنم
سەد سوپاسم بۆ خوداوەند کەوتە دەستم
گەردی چاوم چوو لەناوا باش ئەبینم
چاوەکانم ئێستە باشن بۆ موتاڵا
ئەو موتاڵایە عیمادە بۆ یەقینم
تۆ تەبیبی و من نەخۆشم بۆت ئەکۆشم
تۆ حەبیبی فەرزە حوببی تۆ بنۆشم
بەڵکو جارێ دڵبەری من یەک نیگاهێ
ڕووبەڕووی ئەم لاتە بێتو بێتە شاهێ
دامەنی تۆ وا بە لێوم ڕائەکێشم
بێتە چاری پایەداری دەرد و ئێشم
سەد سوپاسم پاش زەمانی ئینتزاری
لوتفی فەرموو کەوتە دەستم ڕەستگاری
هەردوو دەستم وا موعەتتەر بوون بە چاکی
بوون بە دەرمان بۆ هەموو دەرد و هیلاکی
عاشقانت دڵبەرا عوششاقی تۆن
شایەقانت سەروەرا موشتاقی تۆن
عارفان بۆ تۆ هەموو ڕۆحیان فیدا
وا فیداکارن لەبەر حوببی خودا
خادیمی تۆ نامیتخلص ە بەو نیسبەتە
دێ لە باغی عەتری ئەو پڕ هیممەتە