بەحری «تقارب» یا «متقارب»

از کتاب:
بەدیع و عەرووزی نامی
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
 3 دقیقه  786 مشاهده
بەحری «تقارب» ئەجزاکەی هەشتن
نەغمەیان نەغمەی ئەهلی بەهەشتن
«فعولن» تەکرار هەتا چوارە
بۆ هەر مەسرەعێ حەدیان دیارە
دوو «عروض»ی هەن یەکەمیان ساغە
چوار «ضرب»ی هەیە وێنەی گوڵباغە
یەکەمیان ساغە و دووهەم «مقصور»ە
سێهەم «محذوف»ە، چوارەم «مبتور»ە
«عروض»ی دووهەم «مجزوء»ە و «محذوف»
دوو «ضرب»ی هەیە ئاسان و مەعرووف
یەکەم بە وێنەی «عروض»ی وایە
«مجزوء»ە و «محذوف» «علی الروایە»
«ضرب»ی دووهەمیان «مجزوء» و «مبتور»ە
وەک لای زانایان باو و مەشهوورە

میسال لەسەر یەکەم «عروض» و یەکەم «ضرب»

سەلامم هەیە بۆ سەری سەروەران
لە بۆ ڕەهبەری کۆمەڵی ڕەهبەران
بگاتە حوزووری بە هیوای نەجات
لە سووئی خیتامم لە کاتی مەمات
لە فیتنەی زەمان و لە میحنەی جیهان
بەڵای ناگەهان و مسیبەی نیهان
لە بای گەردەلوولی نەخۆشی و ئەلەم
لە لاتی و نەهاتی، سەفیهی و سەقەم
لە خامی و نەفامیی گەلی عائیلە
کە مایە و ئەساسن لەبۆ غائیلە
سەلات و سەلامم بە ئیخلاس و دڵ
بگاتە دڵی شاهی «فخر الرسل»
خودایا بە حەققی حەبیبانی خۆت
ئەوانەی کە گیانیان فیدا کرد لەبۆت
ئەوانەی موتیعی ئەتۆ بوون بە حەق
ئەوانەی سەمیعی هودا بوون بە حەق
ئەوانەی گەشتن بە پایەی ڕەزا
ڕەزا بوون بە مەجمووعی دەرد و سزا
ئەوانەی گەیشتن بە سایەی سەفا
ئەوانەی گەیشتن بە مایەی وەفا
ئەوانەی گەیشتن بە ئەنواری دڵ
ئەوانەی کە دڵیان بەری بوو لە گڵ
بە جاهی ڕەسووڵی ڕەئووف و ڕەحیم
کە کردت بە میفتاحی بابی نەعیم
بە جاهی ڕەسووڵی مەتین و ئەمین
کە ناردت بە ڕەحمەت لەبۆ عالەمین
ڕەسووڵێ کە مایەی وسووڵی دڵە
ڕەسووڵێ کە نووری دڵ و مەنزڵە
ڕەسووڵێ کە هادیی سەر ئازادییە
ڕەسووڵێ کە یادی دەروون شادییە
ڕەسووڵێ کە عالەم مونەووەر بو بەو
شەوی بوو بە ڕۆژی مونەووەر لە نەو
ڕەسووڵێ کە دینێکی وای خستە دەر
شەوی ڕۆژی ڕوناکە بۆ باخەبەر
ئەوەی حالەمی پڕ لە دەرد و جەفا
پڕی کرد لە نووری سەعادە و سەفا
ئەوەی ڕەحمەتە بۆ هەموو عالەمین
ئەوەی نیعمەتە بۆ گەلی سەرزەمین
ڕەسووڵێ کە میوانی بوو جوبرەئیل
بە تەنزیلی ئایاتی زاتی جەلیل
ئەوەی چاترە بۆ هەموومان لە باب
ئەوەی شافیعی گشتە «یوم الحساب»
ئەوەی وەخت و وادەی بەجارێ هەموو
لەبۆ حەق بوو، دووری نەبوو لێی بە موو
ئەوەی هەر ئەوەندەی وەکوو ئێمە بوو
کە مەخلووقی زاتی خودای ئێمە بوو
بەری بوو لە نووسینی خەتیی سیاه
لەبۆ نووری دانا بوو زاتی ئیلاه
کەسێ بۆ بەیاز و سەفا بێتە ناو
چلۆن ئەو خەتی ڕەش ئەبینێ بە چاو
بەتەنها بە سوورەت بەنی ئادەمە
ئەگینا بە خوو فەوقی گشت عالەمە
ئەوەی کارەبا بێ لەبۆ نووری حەق
موناسب نییە بۆ ڕەشایی وەرەق
بە قوربانی تۆ بم بە گیان و بە دڵ
ئەتۆی نوری ڕۆح و ئەتۆی عەتری گوڵ
نیگاهێ بفەرموی لە نامیتخلص بە دڵ
موعەتەر ئەبێ ڕۆحی ئەو چەشنی گوڵ