زوڵمەتی یەڵدا؛ دەگەڵ نووری مسەووەر، تێکەڵە!
از کتاب:
دیوانی ئەدەب
اثر:
عبدالله بیگ مصباح دیوان (1859-1916)
1 دقیقه
1085 مشاهده
زوڵمەتی یەڵدا؛ دەگەڵ نووری مسەووەر، تێکەڵە!
یا: دەگەڵ هەنیەت، سەری زوڵفی موعەنبەر، تێکەڵە!
لەشکری ئەگریجە و زوڵفن، بەتاراجی دڵان
یا: بەیاری یەک سپاهی هەفت کیشوەر، تێکەڵە!
شەهدی گوفتاری لەبی، وەک شەککەری شیرینتە!
یا: لە جامی گەوهەریندا، شەهد و شەککەر، تێکەڵە!
خاڵ و خەتن؛ بوونە زیبی تەلعەتی ڕەنگینی تۆ!
یا: لە ناو میجمەر، بخووری عوود و عەنبەر، تێکەڵە!
نوتقی ڕوح ئەفزاتە، لەو لەعلی لەبی جانبەخشەدا!
یا: بەئاوی زیندەگیی، حەوزێکی کەوسەر، تێکەڵە!
گەردنی مینای تۆیە و لێوی تۆیە و چاوی تۆ!
یا: لە بەزمی مە، مەی و مینا و ساغەر، تێکەڵە!
سینەتە جانا! کە دەدرەوشێ؛ لە بن تاری حەریر!
یانە: مەهتابە، دەگەڵ دیبای شوشتەرمکان، تێکەڵە!