جانا بەسە بێمەیلی دەمێ ڕوویی وەفابێ
از کتاب:
دیوانی سافی هیرانی
اثر:
صافی هیرانی (1873-1942)
1 دقیقه
1264 مشاهده
جانا بەسە بێمەیلی دەمێ ڕوویی وەفابێ
تا چەندە دڵی زار، بە ئازار و جەفا بێ
نائیبی خەیاڵی تووە غەم بۆیێ لە دڵدا
غارەتگەرە بۆ عەقلی منی خانەخەرابێ
هەرچی لە تەڕەف تۆوە بەسەرما بێ بەقوربان
پێم خۆشە، بڵا بێ لە دڵا گەرچی بەڵا بێ
خاڵی نییە ئەسڵا لە تەجەللایی جەماڵت
هەرچی لە سەراتا بە سەما جیلوەنوما بێ
شەئنی تووە بۆ جیلوەیی مەعنی هەموو عالەم
لاهووتی و ناسووتییە گەرچی لە حیسابێ
خاڵی لە حیمایەت نییە بۆ عاشقی مەهجوور
خۆی دێتەوە هەرچەند بە خەتا بێ، بە خیتابێ
ئیسباتی وجوودی تووە ئەڕواحی فەریقەین
تەسدیقی ئەلەست چ «نەعەم» بێ چ «بەلا» بێ
جوزئێکی سیفاتە دوو جیهان ئەوەڵ و ئاخر
سیڕڕێکە لە زاتا چ خەفا بێ چ جەلا بێ
سافیتخلص بە ئومێدی تووە گەرچی لە حیسابت
ڕووی مەعزەرەتی زەردە بفەرموو لە چ لا بێ