گێژەنگ-سووتان

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  749 مشاهده
کە دێیت گەرداو لەگەڵ خۆتدا ئەهێنیت و
منیش کەنارێکم کە شەو
لەناو تەنیاییما ئەزێ
- چۆن بتوانم شەپۆلەکان ئاگادار کەم؟!
- داو - ئاسمانت لێ نەدزێ
چیم لەدەست دێ؟!
ئەم پەنجانە لە ژیلەمۆی سەردەمێکدا
کەوتوونە ڕێ
ئازار ئەدەن بە کۆڵی وشەی سوتاوا و
وشەش وەکوو هەژارەکان
نان و ئاویان لە من ئەوێ.
چۆن بتوانم بگەمە جێ!
هەموو ڕێیەک ئەچێتەوە سەر «بانە»یەک
پاسەوانی چاڵ بۆ ڕووناکی قوربانییە
کۆچەرەکان هەڵئەکەنێ.
دامەچڵەکێ!
کە دێیت نیگات پەڵەهەورێکە لە پاشکۆی
ئەسپی شیعرێکی کوژراوا و
لە بەردەمی تەرمی نیرۆدای
سەدەدا دائەبەزێ
دامەچڵەکێ!
ئەی نازانی کێ ئەستێرە لە چیاکانت ئەدزێ؟!
ئەی نازانی کێیە لە سەرمای ناو چاوی منداڵانتا
هەڵئەلەرزێ؟!
ئاخ بۆ دەسێ وێنەت لەسەر
لیرەی سوڵتان نەنەخشێنێ!
ئاخ بۆ ناخێ ئاوی شەرمی خۆشەویستیت
لە تاجی شا نەپرژێنێ.
ئاخ بۆ چاوم کە ئەتبینێت و ناتبینێ
ئاخ بۆ چاوم کە
ئاخ بۆ...
ئاخ!
***
گەر خۆشەویستیت ئەیەوێ
لەگەڵ ئاودا بەیەکترمان بناسێنێ
لە کەناردا لێت ون ئەبم،
پێی بڵێ با بمخاتە ناو گێژەنگەوە
سووڕانەوە لە گێژەنگدا ناموەستێنێ!
گەر خۆشەویستیت ئەیەوێ
بە مردنم بناسێنێ
لە پێخەفدا لێت ون ئەبم
پێی بڵێ با لە هەستاندا بمسووتێنێ
ئەی نازانی سووتان
هەستان ئەورووژێنێ؟!
ئەی نازانی؟!
ئەی!