سۆز

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  1143 مشاهده
- ١-
دڵت هەرێمێکی ساردە و
دوورگەیەکی تاریک و دوور
بەم شەوە من: ڕێم کەوتۆتە
ناو ئەم دارستانی بەفرە و
بەرەو لای تۆ
ئەم کوێستانی نامۆیییەم
گرتۆتە بەر.
هەنگاو
هەنگاو
بە سەر لەشی
ڕەش و سپیی ڕمووزنی
ئەم شەوەدا تێئەپەڕم.
هیچ دیار نییە
نە گڕی چاوانی ژوور و
نە ترووسکەی چرای بەر ماڵ
هیچ دیار نییە.
تەنها هەر خۆم
پشکۆی سووری
ناو ئەم بەفر و شەختەڵانەم
بای هەڵکردووی
گڤە تەزیو
ئەمگەشێنێتەوە و، ئەڕۆم.
قیبلەنمام ئەو سۆزەیە
کە لە کۆچی عەشقی تۆدا
خوا پێی بەخشیم.
«ئەی خوای ڕەوەندە نامۆکان
ئەی کۆچەرە مەزنەکەی
سەر قافڵەی خەمی یاران
پەنجەی نوورت ئاماژە کە و
بیخەرە سەر ناوچەوانی
هەرێمی سارد.
قژی ئەستێرە گرتووی خۆت
بئاڵێنە لەم شەوەوە
با هەڵگیرسێ
دوورگەی تەریک و، چراخان
ڕووناکی کا هەیوان و ژوور
ماڵی تاریک».
- ٢-
بە دوای کۆچتا
من شیعرێکی لانەوازی
ڕەشوڕووت بووم
لە باوەشتا هەڵئەلەرزیم.
ساوا بووم و دار بە دەستیش!
بە دوای کۆچتا
من شۆڕەبیی غەمگینی سەر
کەنارت بووم
کە ئەگریام هاژەت لەگەڵما ئەگریا.
ئەبووین بە یەک.
هەموو گۆپکەکانم چاو بوون
ئەوەی من دیم
چاوی مەولانە دیوێتی و
کەسی دی، نا!
گەڵاکانم هەمووی گوێ بوون
ئەوەی بیستم
هەر گوێی مەولانە بیستوێتی و
کەسی دی، نا!
بە دوای کۆچتا
هەر ئەستێرەی نیگا تەڕ بوو
هۆن هۆن جریوەیان ئەڕشت!
لە ئاسماندا
من جریوەی چاوم ئەسڕی و
لە زەویشدا
شوێنپێی هەتاوم هەڵئەگرت!
ئەی کۆچەرە مەزنەکەی
سەر قافڵەی خەمی یاران
چاو هیی خۆتە
ناخ هیی خۆتە
لەناو تۆدا من ئیستاکە
گوڵخەندەرانی بەیانیم
تۆ بڕوانە
زەردەخەنەم بەڵام ئەگریم!
- ٣-
بە سۆزی تۆوە بانگ ئەدەم
من تەنیام و کاروانیشم
زیندانیم و ئازادیشم
باڵدار نیم و لەناو هەورام
تەنها ساتێ
جێنزرگەی خۆشەویستیی
تۆم جێنەهێشت
کەچی دنیاش
هەمووی گەڕام.
- ٤-
ئەی کۆچەرە مەزنەکەی
سەرقافڵەی خەمی یاران
تا ئەوینت ئابڵوقەی گیانی نەدابووم
سەربەست نەبووم!
تا لە چاوتا نوقم نەبووم
باران لە دڵما داینەکرد.
تا نەچوومە مەشخەڵانی ناو ڕۆحتەوە
نەبوومە تیشک
تا بۆی هەناسەتم نەکرد
نەبوومە با و هەڵمنەکرد!
کە لێوم نا بە سەرچاوەی بنارتەوە
بوومە شەپۆلی نەسرەوتی
بن بێقەرار.
کە چریکەت ڕایچەنانم
بوومەلەرزەم خستە پێش خۆم.
لەو دەمەوە
حاڵ گرتوومی و
وەک ئاگری بەر زریانێ
لە لووتکەتا
پەلوپۆی کڵپە ئەهاوم
بۆ دێ بە دێ
بۆ شار بە شار.
لەو دەمەوە
من تەوێڵی ئەم گەردوونە
ئەخوێنمەوە.
لەو دەمەوە
من بوومەتە شاری گەورەی
عیشق و ئازار.