کڵپە

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  660 مشاهده
بۆ ئەوەی تاقە گەڵایەک بخوێنمەوە
دارستانێک ئەنووسمەوە!
خۆت ئەزانی نە ئەچوویتە ناو ئەستێرکی
چاوی تاقە شیعرێکمەوە
گەر گەرداوم نەناسیایە و، زێ و ڕووبارم
بە سەر کێوی، خەمە سەخت و خزەکانما
سەر نەخستایە سەر ملەی ڕووت و تینوو.
چ سۆزێکە ئاڵاوەتە
ئەم سەرە دەروێشەی من و
«حاڵ»ەکانی وەکوو ناوم
دوای مردنیش لێم نابنەوە.
ئەم لرفەلرفی سووتانە حەیرانێکە
کڵپە ئەکا و بانیژەی عەشقت جێیەتی
کڵپەی هاوار چنگ لە چنگی
ئەم زامانەم ناکاتەوە
هەتا هەڵیاننەگیرسێنێ!
تۆ بینیوتە چۆن سەری شەو
لەناو کۆشی تاریکیدا
وەک پشکۆ گەش ئەبێتەوە؟!
من بینیومە، بەڵام بۆ دەمم گۆ ناکا
بیگێڕمەوە؟!
***
بۆیە توانیم ڕێگە دەرکەم
ئەو بەیانییەی چاوی تۆم ئەخوێندەوە
من لە شەوی ڕابوردوودا
مراوییەکانی –نهێنی- م
لەبنی قووڵ وشەیەک دەرهێنا بوو
هەستت نەکرد؟! کە بیناییم خوێندیتەوە
چاوت تەڕ بوو!
هەستت نەکرد کە لەناو گلێنەتەوە
پۆلە وشە دێنە دەرێ و
لەسەر کاغەزی بەردەمم ئەنیشنەوە و
ئەبنە شیعر و کڵپە ئەکەن؟!
بۆیە توانیم قسە لەگەڵ
باوبۆراندا بکەم چونکە
هەورەبرووسکەم پێچابوو لە سەرمەوە و
ناڵە و گرمەم
خستبووە ناو هەناومەوە.
ئەی نەهاتی و خۆت لە گۆمەکەی ناو سنگم
هەڵنەکێشا؟
ئەی کە هاتیتە دەرەوە
لەشت گوڵەئەرخەوانی نەگرتبوو؟
***
بۆ ئەوەی گوڵئەرخەوانێ بخوێنمەوە
ڕەگەکانی ئەنووسمەوە.
ئای چیم لێ دێ
هەتا ئەگەمە لای ڕەگێ و
نهێنیی تاقە یەک گەڵای
ناو سەریم بۆ ئەدرکێنێ
ئای چیم لێ دێ!