گەشتێک

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  791 مشاهده
یەکشەممەیە
جادەکانی ڕوو لە باخی «هیرۆ سترۆ»
جووت جووت دڵدار هەڵئەفڕێنن
بۆ ئاهەنگی دوای نیوەڕۆ.
«هیرۆ سترۆ»ی شاژنی گشت
باخچەکانی نێو «بۆخارست»
لە چوار لاوە
دەرگای سەوزی میوانداری
وا لەسەر پشت.
دارستانی سنەوبەری
نیوە هەتاو
نیوە سێبەر.
شەوقانەوەی فوارەی ئاوی
بەر تیشکی خۆر
چیمەنی تەڕ.
دەنگی باندی مۆسیقایەک
شەپۆلی «با» ڕایئەژەنێ،
جارێک وەکوو بگری وایە و
جارێکی تر پێئەکەنێ،
تەزووی فێنک
بە دەروون و گیاندا دێنن
ئەتدەنە دەم خۆزگەی فڕین
باڵ پێ گرتن.
بە سەر شەقامی بەردڕێژدا
جێ، جێ، تەڕی باراناویی
هێدی هێدی وا ئەڕۆم و
ڕووم کردۆتە گۆمی چاوی.
هەڵڕوانینی ڕۆژهەڵاتیم بۆ دەوروپشت
هەنگاوی خاو
ئاوڕی زۆر، حەپەسان و
شان لە شان دان
ئێستی ناکاو!
- ئەی فریشتەی بوخارستی
ببوورە لێم
یەکەم جارە
کەوی عومرم
خۆی لە قەفەز دەرباز بکا و
ئازاد بفڕم.
لەم گەشتەدا چاوی برسیم
لە چەند شۆخی نازدار ببڕم؟!
بە کامێرام لێرە و لەوێ
چەند دیمەنی شیرین بگرم؟!
هەر ئەڕۆم و «هیرۆ سترۆ»
قۆڵی شیعری لە قۆڵمایە
هەر ئەڕۆم و بۆنی کچ و
شەقامی گوڵ دواییی نایە.
لەم پێچەدا پەیکەرەکەی
سەری «گۆرکی» ئەموەستێنێ
وا شەماڵێک بۆنی بزەی
سمێڵی ئەو بۆ من دێنێ.
لەو پێچەیشدا «مایکۆفسکی»
تەوێڵ پانی، قژ ئاڵۆزکاو
لەسەر سەکۆی کۆنکرێتیی
ڕاوەستاوە
ڕوو لە هەتاو .
لە ناوەندا «ئیمنیسکی»
دەستی چەپی بۆ هەوارێ
ڕاکێشاوە
کە سەربەستیی
ڕەشماڵی خۆی تیا هەڵداوە .
ئیمینیسکی!
ئەی لووتکەکەی
مانگی شیعر لە سەر کردوو .
ئەی بە خۆڵی ڕۆمانیا
چاوی وشە و بەهرە ڕشتوو .
با بەر لەوەی تێپەڕم و
«هیرۆ سترۆ» بەجێبێڵم
سەری شیعری بچووکی خۆم
لەبەر دەمتا دانەوێنم .