کفندز – ئەکتەر

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  728 مشاهده
هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا
کە سییەکانی بە بارووت داگرنەوە!
چی بەسەر دێ؟!
- ئەمە ڕاهێنانی مەرگە، کاتێ کە خاک
ژان بە دوانەی
شەوی بوومەلەرزە و بورکانەوە ئەگرێ!
- هەناسەی تۆم کە هەڵمژی
نمەی بارانی بینینم
ڕژانە سەر
گۆنەی پاییزێ و سەوز بووم.
هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا
کە سییەکانی بە بارووت داگرنەوە
ڕاهێنانی مەرگە و دەستەمۆکردنی بەوری ترسە
لە بێشەڵانی ئاگردا.
هەناسەدان لە نیشتمانی دووکەڵدا
گەشکردنەوەی پشکۆکانی
ژێر ئێسکێکە
هەڵقرچانی:
بانگکردنە لە باڕەشێ
چنگی لوورەی بخاتە ناو
بەستەڵەکی مێژووەوە
لافاوی نووستوو هەستێنێ!
- هەناسەتم کە هەڵمژی
ڕەنگم بوو بە دەنگی هەڵۆ و
لەناو هەوارا دایچەقانم
ڕەنگم لە دەنگتا گرتەوە
بیرکەرەوە: لەو گەشتانەی، لەو سەفەرە درێژانەی
کردمان و نەگەڕاینەوە،
ماڵ ئاوا بێ! گریان لەناو
دەربەندەکاندا بەستوێتی!
ماڵاوا بێ! دایکم ئەڕوانێتە مەرگم
بەر لەوەی هێشتا مردبم
ماڵاوا بێ! هاتی و برسێتیت هێناوە بە پیرمەوە
ماچم کردی و ماچت کردم
- لەم ناوەدا
دۆزەخ لە بەهەشت چووز ئەکرێ!
لەم ناوەدا پرۆژەکان لە - خوێن -ەوە
وزەی ڕووناکی وەرئەگرن.
کامە شەهید پرسیوێتی
ئەو چەقۆیە سەرم ئەبڕێ؟!
کام قوربانی هات و وتی:
مەرجی مردنم بۆ دانێن!
لەم ناوەدا ، هۆزی مەرگ هەڵبژاردن، جێنیشتەیە.
لەم ناوەدا تەنها بەفر فریشتەیە.
هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا
کە سییەکانی بە بارووت داگرنەوە
خۆر چی لێ دێ؟
ئەمە وەرزی
پەڕینەوەی تیشکە بە سەر شوورەی هەموو نێزەکاندا و
گرتنە باوەشی لووتکەیە.
پەڕینەوەی برسێتییە.
گوێ بگرن! نان لەناو خەوا هاوار ئەکا و
هەژارەکان هەڵئەسێنێ.
مەیگۆڕنەوە! ئێوە هاتوون دەموچاوتان
لە کفندزە کۆنەکان بسەننەوە
مەیگۆڕنەوە! ئێوە هاتوون گۆڕی دنیای
تاوانەکان یەکە یەکە هەڵبەنەوە.
 
- 2-
لە «بیافرا»ی ناو «سینا»دا
کە دەسکەنەی قژیان کردی
هەرچی دڵداری دنیایە
بێقژ بینیم.
ئەی دڵدارە بێقژەکان
قژی خۆتان ئەوێتەوە؟!
یان بارۆکەی دەڵالەکان لەسەر ئەکەن؟!
یان سەرتاشخانەی سۆزانیی ژێر دەواری
سفر تاشی
«101»ی ئەم جیهانە
لەبیرئەکەن؟!