شاخ

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 4 دقیقه  899 مشاهده
بە ناو مێژووی تەما، ئاوڕ: سەرنجی خۆی
سواری ئەسپی
چەخماخەیەکی تیژ ئەکات،
ئەسپی چاوێ
کە وەرزە جوانەمەرگەکان
جڵەو بۆ –تاوی – شل ئەکەن!
زۆر دەمێکە ئا ئەم ئەسپە
ڕێی مەرگ ئەبڕێ
تا ناوچەوان خۆرێکی سووری تیا هەڵبێ.
هەتا بفڕێ دائەگیرسێ و تیشک ئەهاوێ.
ڕامەوەستە
تا ماندووبوون هەناسەی ڕێگە سوار ئەکات
- ئەم کێوانە ئەیانەوێ
بوومەلەرزە ڕایانژەنێ.
ئەیانەوێ خۆشەویستی و مەرگ
بە گەردوونیان بناسێنن
پشکۆ لە شەختەی سنگیانا دەربهێنن.
ئەیانەوێ لووتکە نەگری و دنیا بە بارانێ تەڕ بێ
کە ئەستێرە کوژراوەکان جێ پێی بەهاری هەڵگرن.
ئەم کێوانە ئەیانەوێ
پرشنگ لە ئاسۆدا بگرن
- نیشانەیە: گوللە سوارە و
برین: مەڵبەندێکە ئاگر
لە چوار دەوری
ئەم نەخشەیە ئەکاتەوە.
نیشانەیە: ئەم نەخشەیە سەری جەنگەڵە داوێکە
توناوتوونە
- بیرتان نایە! مانگی کوژراو کە هەڵنەهات
چ کۆتەڵێ ئەگێڕدرا بۆ ئاسمانەکەم؟
ئەم نەخشەیە گوندەکانی
لە شەوەزەنگا ڕزیون
لەناو ئۆردووگای دووکەڵا
ئاگردانی چاوی ئێوەی شاردۆتەوە.
نیشانەیە: ئەم نەخشەیە سەری جەنگەڵە داوێکە
هەزار داوی خستۆتەوە.
- بەئاگا بن نەخشەکەتان
کەنیزەکێ بە ماچێکی دوای نیوەشەو
لەسەر مەمکی تاپۆی نەکات!
بەئاگا بن نەخشەکەتان لە پێشوازیی
خەلیفەدا
خۆی ڕانەخات!
- نیشانەیە: هەموو بڕینەوەی دارێک
باڵندەکان فێر ئەکات چۆن
هێلانەکان بگوێزنەوە و
لەگەڵ ئازاردا کۆچ بکەن.
بێدەنگییان ئەچەقانە چاوی یادمان.
بیرتان نایە! یەکێ نەبوو لە ژوورسەری
تەرمی پەیمانی «سیڤەر»دا
ڕمی دەنگی داچەقێنێ
بیرتان نایە؟
- نیشانەیە هەموو هەڵکەندنی دارێ
باڵندەکان فێر ئەکات چۆن
بە باڵ بێچوو بگوێزنەوە بۆ کونە شاخ
فێریان ئەکات کە نیشتنەوە
چاوی ڕاوچی
لە تانوپۆی پیلانەکاندا ببینن!
- کە هەڵفڕین
ئاوڕ لەو لقە بەنەوە.
نیشانەیە لق شکاوە
لق پوازی چوارەمینی
داتاشراوە!
- ئەم شاخانە «گەزنەفون»ی
کۆن و نوێیان
خستۆتە ناو ئەشکەوتەوە و
دەمی ئەشکەوتیان بە تەرمی شەهیدەکانم بەستووە!
پشوو نادا
چەک زمانی کێڵگەی ئەو جوتیارانە ئەزانێ
کە هەوار و
دیوەخانی بەگ تێی ناگا.
بارووتی گڕ لە زەمینی گیانا ئەڕوێ.
چەک لەگەڵ مردندا ئەدوێ.
چیتان ئەوێ؟!
کە گوێتان نا، کە گوێمان نا
بە دەلاقەی دەرگای برینی شارەوە
چیمان ئەبیست؟
- لە کێلانی خەمەکانی ئەم شارەدا
وشە ئەبێتە خەنجەر و
ئەکرێن بە قەدی شیعرەوە.
وشە ئەڕوا و ئەگاتە شاخ
وشە ئەبێ بە باوبۆران
ئەبێ بە شەوبۆ بۆ قژی
مانگی کوژراوی دەزگیران.
چی ئەبیستن؟!
چی ئەبینن؟!
- لەناو گەڕەکی گریانی هەژارانا
ئاخێکمان دی
سەریان ئەبڕی
ئاخ بوو بە گوڵ
لە شاخ ڕوا
ئاخ بوو بە کەو
بۆ لای بەفری
یار هەڵفڕی.
چیتان ئەوێ؟!
- کەو نەخرێتە ناو قەفەزی پایتەختەوە
گوڵ نەڕنرێ و نەبرێ بۆ میر.
- ئەم کێوانە لەسەر پشتیان
کاسەسەری دێوی ڕەشی
چاخەکانیان هەڵچنیوە.
پشوو نادا
ئەسپی خوێنی ئەم شاخانە
لەو ڕۆژەوە ئەحیلێنن
کە هۆگری غارکردنن لە دۆزەخدا
لەو ڕۆژەوە ئەحیلێنن، پشوو نادەن
تەماشاکەن
تیشکی زامدار ئەوا بە شانی ئاسۆدا
بەرەو ژوورە.
شەقاوی دەنگ
بنکەی بیستن
لە گوێی ساڵدا ئەکاتەوە و،
لە ژوورەکانی کۆشکی «ڕەشید»دا ئەگرمێنن.
بارانی دەنگ
پەڵە لە سنگی سەنگەری
دە ساڵەدا
ئەدا و بە تاو
دائەکاتە سەر شانۆی خوێن
- ئەزانن بۆ هەوری ئێمە
قەت بارانی لەبار ناچێ ؟
- هەژارەکان ڕەنگیان تێکەڵ
بە هەوری تینوو کردووە.
هەژارەکان ناونیشانی شاخەکانیان
لەسەر ڕوومەتی برسێتی هەڵکەندووە.
هەژارەکان ئاڵای دڵی
ئایندەیان لە ئێستەوە
هەڵکردووە.
پشوو نادا
ئەمە ڕێگەی ئەو چاوانەن گلێنەیان
لە قۆناغی مەرگا تۆو کرد
بە ئەژنۆ مۆری بەردەمی ترسیان نەکرد.
پشوو نادا
ئەسپی خوێنی ئەم شاخانە
لەو ڕۆژەوە ئەحیلێنێ
کە ئەستێرەی قوربانیی خۆی
لە گۆمی سەنگەردا دیوە.
لەو ڕۆژەوە هەوری حیلەی ئەگرمێنێ
کە خۆی بە تۆفانی سەدەی،
مردن بەپێوە ناسیوە.