ڕەشەبا

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1097 مشاهده
- 1-
بە «کەنفانی»م وت:
وشەی باڵندەت لە بێشەی چڕی
ئەندێشەتەوە هاتۆتە دەرێ و
ئەوا ئێستاکە هەموو ئاسمان و
دەنگی هەتاوی تازە هەڵهاتووی
وڵاتی خۆری بەستۆتە باڵی و
لە چاوی خۆیدا
هەرچی سەرنجی شەپۆلەکانە
کۆی کردۆتەوە.
جێگایەک نییە
کە جێی قەوارەی کۆچی وشەی تۆی
تێدا بێتەوە
زەمانێک نییە
کە خۆشەویستیی وشەی شەهیدتی
لە بیر چێتەوە!
وشەی باڵندەت لەسەر درەختی
نامۆییی هەژار
هێلانە ئەکا و لەسەر چڵی گڕ ئەنیشێتەوە.
کاتێکیش وشەی باڵندەت ئەفڕێ
سنوورێک نییە لە هەڵفڕینیا
نەیسڕێتەوە!
ئەویش پێی وتم:
وشەی باڵندەم ئاوا بێ ئیتر
چۆن ماڵی ئەکرێ و ئەگیرێتەوە.
چۆن ماڵی ئەکرێ و ئەگیرێتەوە!
 
- 2-
لەناو شریخەی چەخماخەدا بوو
کە تۆوی دەنگم
کرد بە سەر کێڵگەی تەمی وشەوە
کاتێکیش وەرزی سەرهەڵدانی ئەو
هات بەپیرمەوە
بینیم پەڵە دەنگ
لە تەماشاتا سەوز ئەکاتەوە.
لە تەماشاتا جۆگەلەی ڕستەم
ئاوێنەیەکە
 
لەبنی ڕوونییا ئەتخوێنێتەوە.
لە تەماشاتا هەر برژانگێکت
ئەبێتە نووکی خامەی شاعیرێ و
لەسەر لاپەڕەی پێڵووی چاوانت
وەک هەزار هەڵبەست
ئەمنووسێتەوە و ئەمنووسێتەوە.
 
- 3-
بەربەیان گریا
کاتێ گوێی لێ بوو
وا ڕەشەبایەک لە لەپی دەستی
زبر و تووڕەیا
گوڵی وشەیەک هەڵئەوەرێنێ و
بەرەو گۆڕیچکەی باپێچی ئەبا.
گریان پێکەنی
کاتێ کە بینی
فرمێسکی وشەی
بە دڵی بەردا ئەچێتە خوارێ و
چرای ژوورسەری
چیا هەڵئەکا!