پڵنگ و پەیکەر

بۆ هێمن
از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  777 مشاهده
لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بوو
گەیشتمە لات.
برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە
خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت
ئەویش هێواش گرتنیەوە و
بە دەم ماچی ئازارەوە
بردنیە شار:
ئەمە تۆی من لەناو خەوی
چەند ساڵەما
هەموو شەوێ ئەمبینیت و
دەستم ئەخستە کەمەرت
بەیەکەوە سەمامان بۆ
باران، لووتکە، هەتاو ئەکرد!
ئەمە منم «گۆیژە»م بۆ تۆ هێناوەتە
پاڵ «زاوا –بووک»
کە شەو داهات
بە دوو قۆڵی سەر ئەخەنە سەر شانمان و
ئێمەش ورد ورد لەبەر خۆوە
ئەو سروودەیان بۆ ئەڵێین
کە یەکەم جار لێرە پشکووت.
بمگەڕێنە!
نەشارەزای گەلێ شاری
چاوی خۆمم
لە دڵی خۆمدا ون ئەبم!
- کوا چوارچرا؟!
ترسێ نیگای ترووکانی
پەنجەی ئاوڕت خستە سەر
بێدەنگییەک، وەکوو کلووی
بەفرێکی مات
لە باپێچی ڕوخسارماندا
ترووشکەی کرد!
کە ڕاوەستاین مێژوومان دی
پاشەوپاش ئەگەڕایەوە،
ڕۆژژمێرێکی داینە دەست
لە خۆرنشین هەڵکێشرابوو!
- کە واتە من حەوت ساڵان بووم
کە تۆ «بوویت» و لێرەدا بوو
خۆرت هێنا و
ئەتدا لە بەرۆکی «سابڵاخ»
لێرەدا بوو شانۆیەکت لە گوڵاڵە
دروست کرد و ئەستێرەت پیا هەڵئەواسی.
شاییی نێرگز لەناو بەفرا
ئەیخایاند و چراخانی مۆمی پەنجەی
داگیرساوی درەختەکان
ئۆپەرێتی ڕووناکی بوون.
- کەواتە من حەوت ساڵان بووم.
بەستەڵەکی بێدەنگیمان
وەختێ شکان
کە چەند زەڕنەقووتەی ئاخێ
سەریان لەناو سنگمانەوە هێنایە دەر
بەبێ ئەوەی پێبزانین لە دڵۆپی
ئاونگی ناو
ئەستێرکەکانی پێڵوویان ئەخواردەوە!
وتت: بەڵام ئیستە لەژێر
هەردوو قاچی پەیکەردا شار
پڵنگێکە ئەژنۆ شکاو.
تۆ بڕوانە! چۆن لەنێوان
هەردە پەنجەی پەیکەرەوە
هەتا ئەمڕۆش خوێنی هەڵۆ کوژراوەکان
دێنە خوارێ و لە چەقی گشت ڕێگەیەکدا
وەرزێکی نوێ ناونووس ئەکەن!
تۆ بڕوانە! «محەممەد» چۆن
لەناو نەڕەی شێرەکانی
هەر چوار گۆشەی باخچەکەوە
دێتە دەرێ و هەتا ئیستەیش
پەیکەرەکە ئەتۆقێنێ!
گەڕاین، گەڕاین
لە پێچی هەر شەقامێکت و کۆڵانێکتا
گەڵا، گەڵا
سەرنجەکانم ئەوەرین.
ناسیاوم و نەناسیاوم:
جلەکانم، جامانەکەم، هەندێ وشەم
پێناسێ بوون ئەیانکردمە
کۆڵی دایکی خۆشەویستیت.
ئەیانبینیم کوێرەکانیم
لەناو کاولاشی دڵیاندا
سەرلەنوێ ئەتەقاندەوە
- قوربانت بین
سەرنویشتمان وا لە دەستی ئێوەدایە
توخوا باشین؟!
قوربانت بین!
گەڕاین، گەڕاین
کچەکانت پۆلە گوڵ بوون
لە چارشێوی ڕەنگاوڕەنگدا هەڵئەفڕین و
لەسەر لقی هەردوو دەستی هەڵلەرزیوم
ئەنیشتنەوە،
چرای مەمکیان ئەدا لە شەختەی ڕوخساری
وەریوی من
- توخوا خەڵکی سلێمانیت؟!
بریا، بریا
سلێمانیم بدیتایە!
ئەی کچی جوان لەبەر بریا و خۆزگەی تۆیە
سەرم داوە بەو شاخانە و
لەبەر بۆکڕووزی جەرگی تۆیە کە من
گیانم کردۆتە چراوگی دارستان و ئەشکەوتەکان
لەبەر ئەو ئێسکە سووکەتە
ڕەنگم پەڕیوی ناو تەمی
سەر ماڵانی سلێمانی و سەر ئێرەیە
ئەی کچی جوان!
لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بوو
گەیشتمە لات
برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە
خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت
ئەویش هێواش گرتنیەوە و
بە دەم ماچی ئازارەوە
بردنیە شار!