دوو دەنگ

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  880 مشاهده
1-فریشتەی دەنگی سپی
بیڵێ و با ڕوخساری گڕەی هاتووم بە سەر
ئەم ژیلەمۆی سەفەرەدا
بخەمە بەر
ئەو پڕووشە و کزەبایەی
کە لە کوێستانی دەنگتەوە
ورد
ورد
ورد
ورد
دێنە خوارێ.
بیڵێ و با گوێم پڕ بە بیستن
بۆنی ئەو باخانە بکات
کە لە تاڤگەی گەرووتەوە
ئاواز پڕژێنی من ئەکەن.
بیڵێ و با تاوڵی تاسەم لەم کۆچەدا
لەبەر کارێزی فێنکی دەنگتا بخەم.
ماندووم ئەی دەنگی سپی فریشتەی
لە لای بەفری کاوانەوە هاتوو
ماندووم، ماندووم
توخوا ئەگەر لەسەر دەستی خۆرنشینی ئاخەکانت
هەڵمنەگری!
توخوا ئەگەر لە کەژاوەی پێڵووی هەوری نیگاکانتا
هەڵمنەگری!
ماندووم، ماندووم، ئەزانی چۆن؟
ماندووم وەک هەناسەی سواری ئەو چڵانەی
کە «با» لە کەناری چەمدا
سەریان ئەکا بە ناو ئاودا و
دەریاندێنێ و دیسانەوە
ئەیانکاتەوە بە ئاودا!
ماندووم ، وەک ئەو شەقامانەی
کە ڕێبواری
سوارە و پیادەیان لەسەر ناڕەوێتەوە.
ئەی فریشتەی دەنگی سپی!
لەسەر باڵی ئاوریشمینی،
لەسەر باڵی هەناسەکەت
هەڵمئەگری؟
ئەوا ئیستە، خۆم ئەبینم لە دوورترین ئەستێرەدا
ئەجریوێنم!
لە دوورترین ئەستێرەدا گوڵی ناو خەو ئەکەمەوە و
ئەیدەم لە قژی لەیلاکەم
خۆم ئەبینم هێواش هێواش لەسەر شانۆی
سپی و بەرزی هەوری خەیاڵ
سەما لەگەڵ گیانتا ئەکەم.
«بایرۆن! تەنیام و تەنیایی هەر گەڕیدەی
ناو سرووشتە و، پەنابەری دارستانە کپەکانە.
پوشکین! تەنیام و تەنیاییی تۆش هاتووە و
ئیستە بەجووت لەسەر درەختی گریانی
من ئەخوێنن»
ئەی فریشتەی دەنگی سپی!
بیڵێ و با ڕوخساری گڕەی هاتووم بە سەر
ئەم ژیلەمۆی سەفەرەدا بخەمە بەر
ئەو پڕووشە و کزەبایەی
کە لە کوێستانی دەنگتەوە
ورد
ورد
ورد
ورد
دێنە خوارێ و ئینجا منیش لەگەڵیاندا
ئەتوێ
مەوە
ئەت
و
ێ
م
ە
و
ە.
 
2- کوڕژنی ئەسپی برووسکە
نێرودا وای بە شیللی وت:
لەبەر ئەوەی
جێژوانی دڵداریم و سێبەری بن
ئەو سەروانەی کە سەرت تیا ئەنێمەوە،
لەبەر ئەوەی
تۆ ڕنووی قژی تاریکی و
لقی دەستی لاواز و لەرزۆکی دایکمی و
لەبەر ئەوەی
تۆ چۆلەکەی باڵکراوی
سانتیاگۆیت و نافڕی!
لەبەر ئەوەی لەناو نیگای
کتێبی ماندووی هەژار و برسییەکاندا
تۆ فرمێسکێکی قەدەغە و دەرکراوی!
نیشتمانم!
بۆیە کاتێ بانگم ئەکەی
ئەبم بە ئەسپی برووسکە و لە تاریکیتا تاو ئەدەم
بۆیە کاتێ بانگم ئەکەی
ئەبم بە نان
بە ئاو
ئەبم بە باڵ و بە هەتاو
نیشتمانم!