پاییزە نامەیەک

از کتاب:
ڕەنگاڵە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1312 مشاهده
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
خۆرنشینە و شەقامی چۆڵ
خەمێکی زەردی کشاوە
چاوەڕێی پیاسەی ئێمەیە،
ئێوارەی ڕەنگ هەڵبزڕکاو
لە ئاوێنەی ئەم پاییزە درەنگەدا
ئەڵێی دەموچاوی خۆمە
دەموچاوی پێش حەوت ساڵم
ئەو ساتانەی
کە جێتهێشتم:
«دەموچاوم کانییەکی
ساف و ڕوون بوو
کە تووڕەبوونت هەڵیکرد
بووی بە گەرداو
لێڵت کردم!»
ئەی شیعرە هەڵفریوەکەم
وەرەوە با یەکە یەکە
شەقامەکان تەی کەینەوە
ئەو شەقامە درێژانەی
وەک بێداری و شەونخوونیی
ئێمە وان و تەواو نابن.
وەرەوە با سەر کەینەوە
بە باوەشی باخچەکاندا
ئەو باخانەی گەڵای داریان
وەک ڕازەکانی دڵی من
چڕوپڕن
ناژمێررێن و تەواو نابن.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
بێدەنگ وەکوو ئاونگی سەر
پەڕەی چاوم.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
گلەییمان زۆر لە سەرە
گلەییی ئەو ڕووبارانەی
بە لایاندا تێپەڕین و
سەرمان لە شەپۆلیان نەدا.
گلەییی ئەو درەختانەی
بە لایاندا تێپەڕین و
سەرمان لە سێبەریان نەدا.
گلەییمان زۆر لە سەرە
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
خۆر ماویەتی هەورازێکی تریش ببڕێ!
* * *
خۆرنشین ئیستە تارایە
تارای پەنجەرەی ماڵان و
سەر گومەز و درەختەکان.
وا ئێستە خۆر لە ئەستێرک و گۆمەکاندا
ئەڵێی تاوسێکی خڕی داگیرساوە،
پەلکەڕەنگینەی ئاگری سەر ڕووی ئاوە.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
من ئەمەوێ ئەو تارایە
لە پەنجەرە و سەر گومەز و درەختەکان
بکەمەوە و بیدەم بە سەر سەری تۆدا
من ئەمەوێ
تۆ شاژنی ئەرخەوانیی
خۆرنشین بی و
منیش وشەی گڕ تێبەربووی
ئەم دیدارە.
* * *
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
دیوانێکی تازەم هەیە
بە دەم ڕێوە
بۆڵە وشەی شیرینی ئەکەم بە دەمتا
حەرفی زەرد و سوور و سەوزی
ئەدەم لە قژ و بەرۆکت
ڕستەی شینت ئەکەمە مل.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
ئەوەتا خۆر
گەیشتۆتە سەر دواهەوراز
هاکا لەپڕ بازێکی دا و خۆی هەڵدایە
باوەشی شەو.
نەهاتی تا بەجووت بڕۆین
شیعرم شەوی بەسەردا هات.
نەهاتی تا بەجووت بڕۆین
نەهاتی تا بەجووت.
نەهاتی تا.
نەهاتی.
نە.