من کە مەهجوورم لە یاران بوومەتە نەخجیر سێ

از کتاب:
دیوانی ویساڵی
اثر:
وصالی (1902-1973)
 2 دقیقه  692 مشاهده
من کە مەهجوورم لە یاران بوومەتە نەخجیر سێ
عەشق یەک، مەعشووقە دوو، هەم شاهبازی پیر سێ
جەرگی منیان زەخمدار و پارە پارە کردووە
خاڵی یەک، چەشمانی دوو، موژگانی هەمچون تیر سێ
سینەکەم قوربان کە چا بوو چاکی چاکیان کرد بە سێ
خەتتی یەک، خەددەینی دوو، دوو ئەبرۆیی شمشێر سێ
قەلب و جان و تەن بە جارێ هەر سێ ئاوێزانی سێن
گێسوو یەک، ئەگریجە دوو، زولفەینی چون زنجیر سێ
غەیری سێ ئەمنی نەکردووە مەست و مەخموور و حەزین
ساقی یەک، هەم جامی مەی دوو، نالەهایی زیر سێ
وەردی من تەعریفی سێیە شەب چو بولبول تا سەحەر
گوڵ یەکێ، هەم گولستان دوو، شاهیدی دڵگیر سێ
گەوهەرێکی دورجی زاری قیمەتی سێ کیشوەرە
چین یەک، شامات دوو، هەم کوورەیی ئیزمیر سێ
دوو لەبانی یارە بێ شەک ڕەغبەتی داوە بە سێ
لەعلی یەک، یاقووتی دوو، هەم مەعدەنی ئەکسیر سێ
یار ئەگەر مەیلی نییە باعیس بە سێ چیزە یەقین
حوسنی ئەو یەک، قوبحی من دوو، وازیعی تەزویر سێ
کردیان یەک دەفعە سێ شت غارەتی بازاڕی دڵ
گەردنی یەک، غەبغەبەی دوو چەشمەیی پڕ شیر سێ
بۆ حزوری بەزمی یاران مانعی من سێ شتە
زوعف یەک، تەعنەی ڕەقیب دوو، نوقتەیی تەقسیر سێ
تاجی شەئن و میهری حورمەت دورجی عیسمەتیان شکان
یەک غەریبی، دوو فەقیری، پەنجەیی تەقدیر سێ
جەوهەرم لەکن بە سێ شت، سەد شوکر دەرکەوتووە
عیلم یەک، نەقشی عەمەل دوو، قووەیی تەحریر سێ
ئەی دڵا ئەهلی خیرەد سێ هەمدەمی دائیم هەیە
غەم یەک و ئاهی دەروون دوو، ناڵەیی شەبگیر سێ
نەی ویساڵیتخلص هەمدەمت سێ بێ لە سێ غافڵ مەبە
خوا یەک و مەحبووبی دوو هەم پەندهایی پیر سێ