شیعرەکانم
از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
1 دقیقه
1362 مشاهده
پەپوولەی هەستی ناسکی، باڵ نەخشینی شیعرەکانم
لەسەر لێوی هیوای گەشی ئەم ژینە ئەنیشێتەوە
دەزووی تیشکی وردی پەنجەی ئەفسووناویی بیرەکانم
تریفەی مانگ لەژێر هەوری گومانا ئەبینێتەوە.
***
کیژی سۆزی وشەکانم لەناو چیمەنی ئاواتا
بەدەم بەستەی ئاهەنگەوە، گیان شاد ئەکەن، هەڵئەپەڕن
سواری بڕوای قسەکانم لەناو مەیدانی خەباتا
ڕێی دەربازبوون لە ناپاکان، لە دوژمنانی گەل ئەگرن.