شارەکەم

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1609 مشاهده
ئەی شارەکەی گلێنەی چاو
بزەی لێوی هەڵقرچاوم!
ئەی بەهاری بەبێ هەتاو!
دایکی زۆر جار، سکسووتاوم.
پرسیم: هەواڵ؟
وتیان: هاوینی بێ شەماڵ.
وتم: تو خوا ژیانەکەی؟
وتیان: تەڵخە ئاسمانەکەی.
پرسیم: ئەی چێژی نانەکەی؟
وتیان: وەک گاڵ.
تامێکی تاڵ.
وتم: مناڵەکان چۆنن؟
وتیان: هەموو گرژ و مۆنن!
وتم: ئەی باشە گەورەکان؟
وتیان: هەموو وەک کەڕولاڵ،
بە دەس یەکتری ئەدوێنن
خەم ئەچێنن
دڵ ئاوارە.
پرسیم: ئەی گردەکەی یارە؟
وتیان: دڕکی تیا ئەڕوێنن.
وتم: ئەی تو خوا ئەرخەوان؟
وتیان: هەر بە سەوزی سووتان.
باشە، گۆیژە؟
وتیان: ئەو هەر زووخاوڕێژە.
ئەی سەرچنار؟
وتیان: لیخنە ئاوەکەی
پرسیم: ئەی باخی بەختیار؟
وتیان: بڵێ بووکی خەمبار.
باشە. سەیوان؟!
وتیان: ئەو ڕێکە لەگەڵمان
ئەی شارەکەی نۆی حوزەیران!
تۆ سەیوانی، یان سەیوان تۆی؟!
ئەی دوانزە مانگ گەڵارێزان
تاکەی جەرگی بەهار ئەخۆی؟!
ئەی شارەکەی ناو گۆمی خوێن
ڕاستە ئەڵێن:
لەناو دڵتا چقڵ ئەڕوێن؟!
ڕاستە ئەڵێن:
کۆڵەوژی سووتا و ڕەش؟!
ئەنرێتە ناو چاوانی گەش؟!
ئەی شارەکەی چقڵ سووتێن
دەنگ بڵاوە، ڕاستە ئەڵێن؟.
جاڕچییەکی دەس بە پیلان؟.
کەوتۆتە ناو جاددە و کۆڵان
وەک قەلی ڕەش ئەقیڕێنێ
مناڵی خەڵق ئەترسێنێ؟
شوومە و نەگریس
چاوێکی کوێرە و ئەشەلێ
زەویی خراپە ئەکێڵێ
بنێشتی قسەی دەمی پیس
ئەجوێتەوە؟.
دار بە تەڕی ئەبڕێتەوە؟
دەغڵی سووتاو ئەدروێتەوە؟!
گۆپکەی چرۆ هەڵئەکۆڵێ؟
هەر کاتێ ئەو بانگی هەڵدا
ئافرەت دەرگا خڕ دائەخا؟
مناڵ یاری بەجێدێڵێ؟
بە شوومە جاڕ
چۆڵ ئەبێ شار؟
ئەو ناشیانە بە کورد ئەڵێ:
من ئاوی چاکە ئەدێرم
ئێوە نابێ بڵێن کوێرم
نابێ بڵێن من ئەشەلم
بۆ کوێش چووم وەرن لەگەڵم
ئەی شارەکەی بە خەم تەلبەنگ!
هەڵۆی دڵتەنگ
بیستم ئەڵێن: تاقمێ شێت
ماوەیەکە لێت پەیا بوون
زۆر گەوجانە ئەیانەوێت
شاخی گۆیژە و پیرەمەگروون
بنێن لە بار
بۆ بەرەوخوار
ئەی شارەکەی ئارامنەگر!
کەی لەککەی عارت ویستووە؟
ئەی چاوگی خوێن و ئاگر!
کەی ناپیاوت پەرستووە.
شارەکەم تاکەی بێدەنگی!
هەڵکە ڕەشەبای دەروونت
ڕاپێچی کە جاڕچی و «دەنگی»
نیشانم بە، ئاسۆی ڕوونت!