بووکی ناکام

کسپەی یادێکە بۆ جوانەمەرگ «ڕووناک زوهدی»
از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1082 مشاهده
تا دوێنێ بوو، تۆش نێرگزی چەپکی بەهار بووی
لە باوەشی نەورۆزا وەک گوڵاڵە دیار بووی
بەسەر ژینا شنەت ئەهات، تەڕ و پاراو بووی
لە ئاسۆدا وەک گزنگی چاوی هەتاو بووی
تا دوێنێ بوو، زەردەخەنەی لێوی ژیان بووی
وەک تریفەی مانگەشەوی ئارامی گیان بووی
تا دوێنێ بوو، تۆ ڕووناک بووی، ئەدرەوشایتەوە
وەک ئەستێرە ورشەت ئەهات، ئەجریوایتەوە
لە ساماڵی گەنجێتیتا، شەوقی بەیان بووی
لەگەڵ بەختی بووکێنیا دەس لەملان بووی
تا دوێنێ بوو، ئەی جوانی شۆخ، ئەی بووکی ناکام
لە کەژاوەی خەوی خۆشا، گرتبووت ئارام
بەسەر فەرشی ناو چیمەنی نازا ئەگەڕای
لە گوڵزاری جوانێتییا شاگوڵ ئەبینرای
بەڵام هەیهات! لە چاو گوم بووی، لە گەشە کەوتی
بە ژاکاوی، بووکی ناکام لە خاکا زەوتی
لەپێش تۆشا زۆر هیوای گەش بێسەروشوێن بوو
گەلێ خونچەی نەپشکووتوو خڵتانی خوێن بوو
بەدوای تۆشا، کاروانی کۆچ ئێمەش هەڵئەگرێ
قاپی ژینمان، بە کلیلی مردن دائەخرێ
ئەوەی ئەمڕۆ پێی ناز ئەنێ بەسەر زەمینا
سبەی لەناو زەمینایە وا لە ڕزینا
ئیتر فرمێسک چەند بڕێژرێ، چەند هاوار بکرێ
بە پێڵووی چاو خاکی گوڵکۆت لەسەر بماڵرێ
جارێکی تر کێ ئەتبینێ وەک ڕۆژانی زوو
بشنێیتەوە بۆ ژیانی حەز و ئارەزوو
جارجار نەبێ لە خەیاڵا یادگاریی تۆ
دێت و ئەڕوا بۆ خەزانی نەوبەهاری تۆ
هەر ئەوەندەش لەدەست من دێ لە چاوی شیعرم
هۆن هۆن فرمێسک هەڵڕێژم و هەرگیز نەیسڕم.